پەرلەمان كارە نایاساییەكانی راكان جبوری لەكەركوك رادەگرێت

پۆڵەتیك پرێس:
لیژنە پەرلەمانییەكەی تایبەت بە كێشەی زەوی و زارەكانی كەركوك دەیەوێـت ئەو كارانە رابگرێت، كە راكان جبوری پارێزگاری بەوەكالەتی كەركوك ئەنجامیداون و بووەتە هۆی كێشە و لێكترازانی پێكهاتەكان لە شارەكە.

هەرێم كەمال ئاغا ئەندامی لیژنەكە بۆ پۆڵەتیك پرێس وتی: راكان جبوری لەبری ئەوەی ببێتە هۆی كۆكردنەوەی پێكهاتەكان و هاوسەنگی رابگرێت لە نێوانیاندا، بووەتە مایەی لێكترازانی پێكهاتەكان، كاری لیژنەكەی ئێمە ئەوەیە ئەو كارە نایاساییانەی كردوویەتی بۆ لێكترازاندنی پێكەوە ژیان لە كەركوك رابگرین.

ئەو ئەندامەی پەرلەمان وتیشی: رۆژی یەكشەممە 17-1-2021، ئەنجامی سەردانەكەمان بۆ كەركوك لە نووسراوێكدا ئاراستەی لایەنە پەیوەندیدارە حكومییەكان كرد وەك پارێزگاری كەركوك و سەرۆكایەتی ئەنجوومەنی وەزیران و سەرۆكایەتی پەرلەمان، كە تێیدا تاوتوێی ئەو بەڵگانەمان كردووە، كە لە جوتیارەكان وەرگیراون كە گومان لە راست و دروستییان دەكرێت، یان كێشەی یاساییان هەیە لەگەڵ رەسەنایەتی زەویەكان و وێنەی تۆماری زەوییەكان.

باسی لەوەشكرد، داوامانكردووە پارێزگاری بە وەكالەتی كەركوك ئەو كارە نایاساییانە رابگرێت كە گرتویەتیە بەر، ئەوەی ئێمە ئەنجاممان داوە بریتیە راسپاردەكانی خۆمان ئەركی جێبەجێكردنیان دەكەوێتە ئەستۆی دەسەڵاتی جێبەجێكردن كە حكومەتی عێراقە.

بە مەبەستی چارەسەركردنی كێشەی زەوی و زارەكانی سنوری پارێزگای كەركوك، سەرۆكایەتیی پەرلەمانی عێراق لە 16-12-2020، لیژنەیەكی بە سەرۆكایەتیی محەممەد رەزا ئال حەیدەر، سەرۆكی لیژنەی ئاسایش و بەرگریی پەرلەمانی عێراق پێكهێنا و رۆژی 28-12-2020 لیژنەكە سەردانی كەركووكی كرد.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا