گومانەكان لەسەر راپۆرتەكەی دیلۆیت زیاتر دەبێت

پۆڵەتیك پرێس:
گومانەكان لەسەر راپۆرتەكەی دیلۆیت زیاتر دەبێت‌و پەرلەمانتارێكیش دەڵێت: ڕاپۆرتەكانی‌ دیلۆیت بێجگە لەدیزاینێكی‌ جوانی‌ ئەو ژمارانەی،‌ كە بەرپرسانی‌ حكومەت پێیان دەدەن شتێكی‌ تر نییە.

رۆژی هەینی 15ی كانونی دووەم، كۆمپانیای دیلۆیت، ڕاپۆرتێكی لەبارەی هەناردەكردن و فرۆشتنی نەوتی هەرێم بڵاوكردەوەو تێیدا ئاماژەی بەوەكردبوو، لە سەرەتای ساڵی 2020 تا مانگی 9- 2020 هەرێمی كوردستان 124 ملیۆن و 798 هەزار و 921 بەرمیل نەوتی بەرهەمهێناوە، كە ئەو راپۆرتە گومانی زۆری دروستكردووە.

لەو بارەیەوە عومەر گوڵپی، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی كوردستان بۆ پۆڵەتیك پرێس وتی: هەر لە سەرەتای‌ خودی‌ هەر ڕاپۆرتێكیدا، دیلۆیت نووسیویەتی‌ بەرپرسیار نییە لەژمارەو داتاكان، چونكە داتاو زانیارییەكانیان لەبەرپرسانی‌ حكومەت وەرگرتووە، كێشەكەی‌ ئێمەش هەر ئەم ناشەفافییەت‌و ناڕوونییەیە، كە لەپرۆسەی‌ دەرهێنان و فرۆشتنی‌ نەوتدا هەیە.

عومەر گوڵپی وتیشی: ڕاپۆرتەكانی‌ دیلۆیت بێجگە لە دیزاینێكی‌ جوانی‌ ئەو ژمارانەی،‌ كە بەرپرسانی‌ حكومەت پێیان دەدەن شتێكی‌ تر نییە، ئەگەر حكومەت‌و لایەنەكانی‌ دەسەڵات دەیانەوێت خەڵك متمانەیان هەبێت بە پرسەی‌ نەوت ئەوە پێویستە یاسای نەوت‌و گازو یاسای‌ وەزارەتی‌ سامانە سروشتییەكان جێ بەجێبكەن.

بەبۆچوونی ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی بۆ پرۆسەی‌ وردبینی پێویستە دەرفەت بدەن بە پەرلەمان‌و پەرلەمانتاران‌و لیژنەی‌ سامانە سروشتییەكان كە یەكەم دەزگای‌ باڵای‌ چاودێری‌ كارەكانی‌ حكومەتن تا كاری‌ چاودێری‌ خۆیان بكەن، هەروەها ڕێگە بدەن بەدیوانی‌ چاودێریی‌ دارایی‌ تا وردبینی‌ دۆسیەكان بكەن، كە یەك دیناری‌ تێ ناچێت.

عومەر گوڵپی هەروەها وتی: بە پشت بەستن بە ڕاپۆرتەكانی‌ ڕابردوو، گریمان لە ساڵی‌ (٢٠٢١)، حكومەت توانی‌ بڕی‌ (١٥٠ ملیۆن) بەرمیل نەوت بفرۆشێت و ئەگەر لە باشترین حاڵەتدا نرخی‌ هەر بەرمیلێك بە (٤٠ دۆلار) ئەژمار بكەین، بە پێی‌ ئەو دۆخەی‌ ئێستای‌ دۆخی‌ نەوت، نزیكەی‌ (شەش ملیار دۆلار) داهات دەستكەوتوو دەبێت، لەو بڕەش تەنیا نزیكەی‌ نیوەی‌ دەگەڕێتەوە بۆ خەزێنەی‌ گشتی‌ و ئەویتری‌ بۆ خەرجیە جۆراو جۆرەكان دەڕوات، كەواتە تەنیا نزیكەی‌ (سێ ملیار دۆلار) داهات دەگەڕێتەوە خەزێنەی‌ گشتی‌، كەواتە بۆچی‌ نەوتەكە نادەنە بەغداو لە بەرانبەردا نزیكەی‌ (١٠ ملیار دۆلار) لەبودجە سودمەندبن بە پێی‌ یاسا بودجە؟

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا