كۆمسیۆن داوا لەهاووڵاتیان دەكات كارتی دەنگدان نوێبكەنەوە

كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق پەیامێك ئاڕاستەی ئەو هاووڵاتیانە دەكات، كە تائێستا تۆمارەكانیان نوێ نەكردووەتەوە بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق.

پۆڵەتیك پرێس:
كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق پەیامێك ئاڕاستەی ئەو هاووڵاتیانە دەكات، كە تائێستا تۆمارەكانیان نوێ نەكردووەتەوە بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق.

ئامانج عەزیز بەڕێوەبەری كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق لەسلێمانی بۆ پۆڵەتیك پرێس باسی لەوەكرد، رۆژ بەڕۆژ هاووڵاتیان زیاتر ڕوو لە بنكەكانی نوێكردنەوەی تۆماری دەنگدەران دەكەن، بەمەبەستی دڵنیابوونەوە لەبوونی لەناوەكانیان و خۆتۆماركردنیان لە سیستمی بایۆمەتری دەنگدان.

ئامانج عەزیز وتیشی: ئەوانەی كارتەكانیشیان تەواو بووە رۆژانە كارتەكانیان پێدەدرێتەوە، ئامارەكانیش بەپێی رۆژ گۆڕانكاری بەسەردا دێت و رۆژانە ژمارەی سەردانیكردن زیاد دەكات، داواش لەهاووڵاتیان دەكەین سەردانی بنكەكانی نوێكردنەوەی تۆماری دەنگدەران بكەن بۆ ئەوەی كارتەكانیان نوێبكەنەوە.

لەبارەی تۆماركردنی ناوی قەوارە و لایەنەكان بۆ هاوپەیمانی لەهەڵبژاردنی پێشوەختە باسی لەوەكرد، بەهۆی ئەوەی تۆماركردنی هاوپەیمانی حیزبەكان لە نووسینگەی سەرەكییە، ئێمە نازانین چەند حیزب و لایەن هاوپەیمانیان تۆماركردووەو لەڕێگەی نووسینگەی نیشتمانی كۆمسیۆنیش لەبەغدا پەسەندكردنی هاوپەیمانییەكان بڕیاری لەسەر دەدرێت، وادەی خۆتۆماركردنەكەش درێژ دەكرێتەوە یاخودنا.

رۆژی نۆی ئەم مانگە دەستكراوە بەتۆماركردنی ناوی قەوارەو لایەنەكان بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختە، ئەو پرۆسەیەش تا رۆژی شەممە 16ی كانونی دووەم بەردەوام بوو، تائێستاش هیچ بڕیارێك لەبارەی درێژكردنەوەی نەدراوە، بەڵام خۆتۆماركردن بۆ پاڵێوراوان تا 28ی ئەم مانگە بەردەوامی دەبێت.

بەپێی راگەیەندراوێكی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان لە عێراق 433 حیزب داوایان پێشكەش كردووە بۆ تۆماركردنی ناوەكانیان لەكۆمسیۆن، لەو ژمارەیەش 225 حیزب پەسەندكراون و تۆماركراون، هاوكات 63 حیزبی نوێ دامەزراون و داوای تۆماركردنیان لە كۆمسیۆن كردووە.

هەر بەپێی راگەیەنراوەكەی كۆمسیۆن، 128 حیزب وەرنەگیراون و ناویان تۆمارنەكراوە، 17 حیزب خۆیان داوای كشانەوەیان لە تۆماركردن كردووە.

پێشتر مستەفا كازمی سەرۆكوەزیرانی عێراق بڕیاریدا رۆژی شەشی حوزەیرانی ئەمساڵ هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەبچێت، بەڵام لەئێستادا دەنگۆی دواخستنی لەئارادایە.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا