کازمی لەنێوان بەرداشی ئەمریکا و حەشدی شەعبی

پۆڵەتیک پرێس: لاڤە واحید

سەرچاوەیەکی سیاسی باڵای عێراق وردەکاری سەردانە ناراگەیەندراوەکەی مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی عێراقی بۆ بارەگای دەستەی حەشدی شەعبی و چاوپێکەوتنی لەگەڵ ژمارەیەک لە سەرکردەکانی ئەو دەستەیە ئاشکرا کرد.

رۆژی پێنجشەممەی رابردوو، مستەفا کازمی دوای تەنیا 24 سەعات لە سەپاندنی سزا بەسەر چەند سەرکردەیەکی دەستەی حەشدی شەعبی لەلایەن ئەمریکاوە، سەردانی بارەگای ئەو دەستەیەی کرد بەڵام جیاوازتر لە جارەکانی پێشوو، هیچ راگەیاندنێکی پێشوەختە لەبارەی سەردانەکە بڵاونەکرایەوە.

ئەو سەردانەی مستەفا کازمی، دوای رۆژێک لە تۆمارکردنی ناوی عەبدولعەزیز محەمەداوی “ئەبو فەدەک” سوپاسالاری دەستەی حەشدی شەعبی لە لیستی تیرۆر لەلایەن ئەمریکاوە، ئەنجامدرا.

کازمی سەردانی بارەگای حەشدی شەعبی کردووە لەپێناو رزگاربوون لەو تۆمەتانەی دراونەتەپاڵی

ئەو سەرچاوەیە کە لەبەر هۆکاری ئەمنی نەیویست ناوی ئاشکرابکرێت رایگەیاند، کازمی سەردانی بارەگای حەشدی شەعبی کردووە لەپێناو رزگاربوون لەو تۆمەتانەی دراونەتەپاڵی لەبارەی هاوکاریکردنی ئەمریکا لە سەپاندنی سزا بەسەر سەرکردەکانی ناو ئەو دەستەیە.

ئاماژەی بەوەشکرد، هەر لەدوای سەپاندنی سزا بەسەر فەیاز و ئەبو فەدەک هەڵمەتی تۆمەتبارکردنی کازمی لەلایەن دەستەی حەشدی شەعبی و میلیشیاکانی سەر بە ئێران هاتەئاراوە گوایە کازمی بەرپرس بووە لە پێدانی زانیاری بە ئەمریکا و هەر ئەو هۆکاربووە لە سەپاندنی سزا بەسەریاندا.

بەپێی ئەو سەرچاوەیە، فەیاز سەرکردایەتی حەشدی ئاگادارکردووەتە لەبارەی ئەوەی رەنگە کازمی پلان بۆ سنوردارکردنی دەسەڵاتی حەشدی شەعبی دابنێت بەتایبەت لە ئێستادا کە یەک لەدوای یەک سەرکردەکانی ناو ئەو دەستەیە لەلایەن ئەمریکاوە سزایان بەسەردا دەسەپێنرێت.

رەنگە کازمی پلان بۆ سنوردارکردنی دەسەڵاتی حەشدی شەعبی دابنێت

دەشڵێت: کازمی لەمیانی سەردانەکەیدا لەگەڵ فالح فەیاز و ئەبو فەدەک کۆبووەتەوە و جەختی لەوە کردووەتەوە کە ئەو قسە و تۆمەتانە دوورن لە راستییەوە و رەتی کردەوە هیچ رۆڵێکی هەبووبێت لە سەپاندنی سزا بەسەریاندا.

ئەوەشی خستەڕوو، کۆبوونەوەکە زیاتر لە سەعاتێکی خایاندووە و تێیدا سەرکردایەتی حەشدی شەعبی داوای لە کازمی کردووە بەشێوەیەکی فەرمی هەڵوێستی خۆی رابگەیەنێت و داوای رەتکردنەوەی ئەو سزایانە بکات، بەپێچەوانەوە ئەگەر وانەکات، ئەوا دڵنیادەبنەوە لەوەی پشتگیری ئەمریکا دەکات.

بەپێی سەرچاوەکە، هەتا ئێستا کازمی هەوڵ دەدات لەو داواکارییە رابکات چونکە نایەوێت بە داوای هەڵوەشاندنەوەی سزاکان، بکەوێتە کێشەوە لەگەڵ ئەمریکا.

دەوترێت: ژمارەیەک لە رەوتە سیاسیەکانی سەر بە ئێران پیرۆزبایی لە فەیاز و ئەبو فەدەک دەکەن و لەپاڵ مێژووی تێکۆشانیان، ئەو سزایانە وەک مەدالیای شکۆمەندییان وەسف دەکەن.

ئەمە یەکەمجار نییە، میلیشیاکانی سەر بە ئێران کازمی بەوە تۆمەتبار دەکەن گوایە زانیاری هەستیار دەداتە ئەمریکا

ئەمە یەکەمجار نییە، میلیشیاکانی سەر بە ئێران کازمی بەوە تۆمەتبار دەکەن گوایە زانیاری هەستیار دەداتە ئەمریکا، پێشتریش هێزەکانی حزبوڵـڵا کاتێک کازمی سەرۆکی دەزگای هەواڵگری بوو رایانگەیاند، گوایە کازمی ئاسانکاری بۆ پلانی کوژرانی قاسم سولەیمانی فەرماندەی پێشووی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران کردووە.

مانگی ئازاری ساڵی رابردوو و نزیکەی دوو مانگ بەر لە دەستبەکاربوونی کازمی وەک سەرۆک وەزیرانی عێراق، دەزگای هەواڵگری عێراق تۆمەتەکانی حزبوڵـڵای رەتکردەوە و بە بەتاڵ وەسفی کردن و رایگەیاند، ئەو تۆمەتانە هەڕەشەن بۆسەر ئاشتی وڵات و زیان بە ناوبانگی دەزگا ئەمنییەکان دەگەیەنن.

ئەوەش لەکاتێکدایە، هەتا ئێستا هیچ وەڵامێک لەلایەن نوسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراق و راوێژکارانی مستەفا کازمی نەدراوەتەوە کە سەلمێنەری راست و دروستی ئەو زانیارییانە بێت کە لەلایەن ئەو سەرچاوە سیاسییە لەبارەی سەردانەکەی کازمی ئاماژەیان پێدراوە.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا