پۆڵەتیك پرێس:
كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان بڕیاریداوە لە بەهاری ئەمساڵدا كۆنگرەی چوارم ببەستێتو تائێستاش هیچ كەسێك وەك ركابەر بۆ پۆستی ئەمیری حیزبەكە، كە لای عەلی باپیرە خۆی كاندید نەكردووە.
ئەنجوومەنی سەركردایەتی كۆمەڵی ئیسلامی لە دواین كۆبوونەوەی خۆیدا كۆتایی مانگی شوباتو سەرەتایی مانگی ئاداری داهاتووی ئەمساڵی بۆ بەستنی كۆنگرەی چوارەمی كۆمەڵ دیاری كرد.
هاوژین عومەر، سەرۆكی لیژنەی باڵای ئامادەكارییەكانی كۆنگرەی چوارەمی كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان بۆ پۆڵەتیك پرێس وتی: بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی كۆمەڵ دەبوو لە ساڵی 2019 كۆنگرەی چوارەمی خۆمان ببەستایە، بەڵام وێڕایی دەستكردن بەئامادەكارییەكان بەهۆی بڵاوبوونەوەی كۆرۆنا و وەستانی سەرجەم جموجوڵەكان بۆ ماوەی هەشت مانگ ئامادەكارییەكانمان وەستاند.
هاوژین عومەر وتیشی: ئێستا ئامادەكارییەكانمان دەستپێكردووەتەوەو ئەگەر هیچ پێشهاتێك روونەدات، بەڕەچاوكردنی رێكارە تەندروستی و خۆپارێزییەكان، لە 20ی شوبات تاسەرەتای مانگی ئادار كۆنگرە دەبەستین، كۆنگرەكەش لەشاری سلێمانی دەبێت، خوشكانیش پشكی جێگیری خۆیان هەیە و پارێزگاری لەو ژمارەیە دەكەین و قورسایی زیاتر بە ڕێژەی خوشكان دەدەین لەناو كۆنگرە”.
لەبارەی خۆپاڵاوتن بۆ شوێنی عەلی باپیر، ئەمیری كۆمەڵی ئیسلامی هاوژین عومەر باسی لەوەكرد، هەموو پۆست و بەرپرسیارییەك لە كۆنگرەی حیزبیدا سفر دەبێتەوە، ئەندامانی كۆنگرە پرۆسەی هەڵبژاردن بۆ ئەمیری كۆمەڵی ئیسلامی یان سەرۆكی حیزب و ئەنجوومەنی سەركردایەتی نوێ ئەنجام دەدەنەوە، بەڵام تا ئێستا هیچ كەسێك بۆ شوێنەكەی عەلی باپیر خۆی نەپاڵاوتووە.
كۆمەڵی ئیسلامی لەساڵی 2001 دامەزراوەو تائێستا سێ كۆنگرەی بەستووەو لەسەرجەم كۆنگرەكانیش عەلی باپیر بێ ركابەر بەئەمیری كۆمەڵ هەڵبژێراوەتەوە.