پۆڵەتیک پرێس
وەزارەتی دەرەوەی عێراق ئەو رێوشوێنانەی ئاشکراکرد کە گرتوونیەتەبەر بۆ دەرچوون لە لیستی مەترسیدارترین وڵاتان لەڕووی سپیکردنەوەی پارە و پاڵپشتیکردنی تیرۆر.
لەوبارەیەوە، ئەحمەد سەحاف وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق رایگەیاند، لەڕێی باڵیۆزخانەکانمانەوە لە زۆربەی وڵاتانی جیهان ئەو هەوڵانەمان روونکردووەتەوە کە عێراق دژی سپیکردنەوەی پارە و پاڵپشتیکردنی تیرۆر داویەتی.
ئاماژەی بەوەشکرد، باڵیۆزخانەی عێراق لە برۆکسل لەگەڵ ئیدارەی کاری دەرەوەی کۆمسیۆنی ئەوروپا لە پەیوەندیدایە بۆ تاوتوێکردنی ئەو پێوەرانەی دەبنەهۆی ئەوەی یەکێتی ئەوروپا لە لیستی ئەو وڵاتە مەترسیدارانە بیهێنێتە دەرەوە.
وتیشی: باڵیۆزخانەکە دوو یاداشتنامەی فەرمی ناردووە بۆ یەکێتی ئەوروپا تێیاندا داوای کردووە ئەو هەنگاوانەی پێبوترێت کە پێویستە عیراق بیانگرێتەبەر تا لەو لیستە بهێنرێتە دەرەوە.
ساڵی رابردوو، کۆمسیۆنی ئەوروپا عێراق و چەند وڵاتێکی دیکە لەوانەش سوریا، ئەفغانستان، پاکستان و یەمەنی خستە لیستی رەشی ئەو وڵاتانەی مەترسی دارایی بۆ یەکێتی ئەوروپا دروست دەکەن.