یه‌كێتی: جگه‌ له‌ پارتی هه‌موومان له‌كه‌ركوك یه‌كده‌نگین

ئەم بابەتە 214 جار بینراوە

پۆڵه‌تیك پرێس:
حیزبه ‌كوردییه‌كانى كه‌ركوك داواده‌كه‌ن پارتى دیموكراتی كوردستان بۆ پێهێنانى یه‌ك لیسى و دروستكردنى هاوپه‌یمانى لایه‌نه‌ كوردییه‌كان، له‌هه‌ڵبژاردنه‌كانى داهاتووى عێراق له‌سنورى پارێزگاى كه‌ركوك خۆى یه‌كلابكاته‌وه‌.

ئه‌حمه‌د ره‌فیق، وته‌بێژى مه‌ڵبه‌ندى دووى كه‌ركوكى یه‌كێتى نیشتمانى كوردستان به‌ پۆڵه‌تیك پرێس-ى راگه‌یاند، هیچ كاتێك وه‌كو ئێستا حیزبه ‌كوردییه‌كان له‌كه‌ركوك له‌سه‌ر پرسه‌ نیشتمانى ونه‌ته‌وییه‌كان یه‌ك ریزو یه‌ك ده‌نگ نه‌بوون، به‌ڵام پارتى له‌به‌رامبه‌ر ئه‌و یه‌ك هه‌ڵوێستییه‌ى كوردا به‌شدار نییه‌و بێده‌نگى هه‌ڵبژاردووه‌.

ئه‌حمه‌د ره‌فیق وتیشی “هه‌موو لایه‌نه‌كان لەگەڵ کۆدەنگیی و یەکهەڵوێستیدان بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردنەکانى داهاتوو، ئه‌وه‌ش له‌پێناو بەرژەوەندی هاوڵاتییانی کوردی پارێزگاى كەركوك، هەوڵەكانیش ئەوەیە كورد لە چوارچێوەی یەك هاوپەیمانێتیدا بەشدارى هه‌ڵبژاردنه‌كان بكات”.

باسی له‌وه‌شكرد، “پارتى په‌یامى ناردووه‌ بۆ كۆبوونه‌وه‌ى حیزبه‌ كوردییه‌كان و به‌وته‌ى خۆیان له‌گه‌ڵ یه‌ك ڕیزى كورددایه‌، به‌ڵام سه‌یر له‌وه‌دایه‌ بۆچى نوێنه‌ریان نایه‌ته‌ كۆبوونه‌وه‌ى حیزبه ‌كوردستانییه‌كانه‌وه‌”.

وته‌بێژى مه‌ڵبه‌ندى دووى كه‌ركوكى یه‌كێتى ئاماژه‌ى به‌وه‌شكرد، نوێنه‌رى حیزبه‌ كوردییه‌كانى كه‌ركوك سه‌ردانى پارتیان كردووه‌ و پییان وتوون ده‌بێت پارتى هه‌ڵوێستى خۆى بداته‌ لایه‌نه‌كانى كه‌ركوك كه‌ له‌گه‌ڵ یه‌ك لیستیدایه‌ له‌كه‌ركوك یاخود به‌شدار نابێت به‌ڵام پارتى تا ئێستا وه‌ڵامى نه‌داونه‌ته‌وه‌.

لەماوەیەی رابردودا دوو جار حیزبه ‌كوردییه‌كانى كه‌ركوك به‌مه‌به‌ستى پێكهێنى هاوپه‌یمانێتى لایه‌نه‌كان له‌كه‌ركوك كۆبونەته‌وه‌، بەڵام پارتى بایكۆتی ئەو كۆبونەوانەى كردو، به‌ڕاى به‌شێك له‌چاودێرانیش زۆرینه‌ى لایه‌نه‌ سیاسییه‌ كوردییه‌كانى كه‌ركوك له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دان كورد بۆ هه‌ڵبژاردنى داهاتوو له‌كه‌ركوك به‌یه‌ك لیست به‌شدارى هه‌ڵبژاردنه‌كان بكات، ئه‌وه‌ش له‌پێناو رێگریكردن له‌په‌رته‌وازه‌بوونى ده‌نگى كورد له‌پارێزگاكه‌.

ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو، به‌هۆى یه‌ككده‌نگ نه‌بوونى كورد پێناچێت كورد له‌دروستكردنى ئه‌و هاوپه‌یمانییه‌تییه‌دا سه‌ركه‌وتن به‌ده‌ست بهێنێت.

پەخشی راستەوخۆی رادیۆ پۆلەتیک