شیعه‌كان پشكى كوردیان له‌بودجه‌دا ره‌تكرده‌وه‌

ئەم بابەتە 730 جار بینراوە

پۆڵه‌تیك پرێس:
تا ئێستا لیژنەی دارایی له‌ پەرلەمانی عێراق خوێندنه‌وه‌ى سه‌ره‌تایی بۆ 40 بڕگه ‌و مادده‌ی پڕۆژه‌یاساى بودجەی 2021ـی عێراق کردەوە، لایه‌نه‌ شیعه‌كانیش پشكى كوردیان ره‌تكردوه‌ته‌وه‌.

جەمال كۆچه‌ر، ئه‌ندامى لیژنه‌ى دارایی له‌په‌رله‌مانی عێراق به‌ پۆڵه‌تیك پرێس-ى راگه‌یاند، “لیژنه‌ى دارایی په‌رله‌مان له‌كۆى 57 مادده‌ى پڕۆژه‌ یاساكه‌، خوێندنه‌وه‌ی سه‌ره‌تاییان بۆ 40 مادده‌ى كردووه‌، تا رۆژى دووشه‌ممه‌ش كۆتایی به‌ خوێندنه‌وه‌ى سه‌ره‌تایی ته‌واوى مادده‌كان ده‌هێنن”.

وتیشى:”حكومه‌تى عێراق له‌ماده‌ى 11ى پرۆژه‌یاساكه‌دا پشكى هه‌رێمى كوردستانی دیاریكردووه و داواى راده‌ستكردنى 250 هه‌زار به‌رمیل نه‌وتى رۆژانه‌ى كردووه‌، لایه‌نه‌ شیعه‌كانیش ره‌تیانكردوه‌ته‌وه‌‌ و رایانگه‌یاندووه‌، ده‌بێت هه‌رێم هه‌موو نه‌وته‌كه‌ى راده‌ستبكات، نه‌ك ئه‌وه‌ى حكومه‌ت دیاریكردووه‌، چونكه‌ جێگه‌ى قبوڵكردن نیه‌ و له‌په‌رله‌مانیش تێناپه‌ڕێت”.

به‌وته‌ی ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌، ده‌بێت رێكه‌وتنى سیاسى بكرێت بۆئه‌وه‌ى پشكى هه‌رێمى كوردستان، به‌بێ گرفت له‌په‌رله‌مان تێپه‌ڕێت، ئه‌گه‌ر رێكه‌وتن نه‌كرێت پشكى هه‌رێم گۆڕانكارى به‌سه‌ردا دێت.

ئاماژه‌ى به‌وه‌شكرد، له‌دواى ته‌واوبوونى خوێندنه‌وه‌ى سه‌ره‌تایی لیژنه‌ى دارایی بۆ پڕۆژه‌یاساى بودجه‌، خوێندنه‌وه‌ى كۆتایش ماوه‌ى 15 ڕۆژ و پاشان ڕێككه‌وتنی سیاسى لایه‌نه‌كان و بڕیارى كۆتاییش هه‌فته‌یه‌كى پێویسته‌.

پەخشی راستەوخۆی رادیۆ پۆلەتیک