پۆڵه‌تیك پرێس
ئه‌ندامێكى په‌رله‌مانى عێراق ده‌ڵێت، به‌هۆى ئه‌وه‌ى ناتوانێت موچه‌ى فه‌رمانبه‌رانى هه‌رێم بنێرێت، سه‌رۆك وه‌زیرانى عێرق كه‌وتووه‌ته دۆخێكى شه‌رمه‌زارییه‌وه.
سه‌لیم شوشكه‌یى ئه‌ندامى په‌رله‌مانى عێراق بۆ پۆڵه‌تیك پرێس وتى:”مسته‌فا كازمى ده‌یه‌وێت له‌گه‌ڵ سه‌رۆكى ئه‌و فراكسیۆنانه كۆببێته‌وه، كه رێگرن له ناردنى موچه‌ى فه‌رمانبه‌رانى هه‌رێم بۆ دۆزینه‌وه‌ى ده‌رچه‌یه‌ك بۆئه‌وه‌ى ئه‌و كێشه‌یه چاره‌سه‌ربكات”.
ئه‌و په‌رله‌مانتاره وتیشى:”كازمى كه‌وتووه‌ته دۆخێكى شه‌رمه‌زارییه‌وه به‌هۆى ئه‌وه‌ى ناتوانێت موچه‌ى فه‌رمانبه‌رانى هه‌رێم بنێرێت، چونكه پێى وایه ناكرێت موچه‌خۆرانى هه‌رێمێك كه سه‌ر به ده‌وڵه‌ته‌كه‌ى ئه‌ون، موچه‌یان ببڕدرێت ئه‌ویش به‌هۆى كێشه سیاسییه‌كانه‌وه.
باسى له‌وه‌شكرد، “پێشتر له كۆبوونه‌وه‌كان له‌گه‌ڵ سه‌رۆك وه‌زیرانى عێراق ئه‌وه‌مان خستووه‌ته‌ڕوو، بڕینى موچه‌ى فه‌رمانبه‌رانى هه‌رێم به پێى مادده‌ى 14 ى ده‌ستوور نا یاسایی و نا ده‌ستورییه و نابێت پرسى موچه تێكه‌ڵ به كێشه سیاسییه‌كان بكرێت”.
رۆژى 12-11-2020، په‌رله‌مانى عێراق پرۆژه یاساى پڕكردنه‌وه‌ى كورتهێنانى دارایى په‌سه‌ند كرد و پشكى هه‌رێمى له ناو پرۆژه یاساكه به‌سته‌وه به پابه‌ندبوونی هه‌رێم به ڕاده‌ستكردنی نه‌وت، له‌دواى گه‌یشتنی پرۆژه‌یاساى بودجه‌ى 2021ى عێراقیش بۆ په‌رله‌مان جارێكى دیكه فراكسیۆنه شیعه و سوننه‌كان بڕیاریاندا، پشكى كورد په‌سه‌ند نه‌كه‌ن تا ئه‌و كاته‌ى هه‌رێم و ناوه‌ند رێكده‌كه‌ون.