گەڕان بەدوای بژێوی ژیان لەناو زبڵەکاندا

پۆڵەتیک پرێس: لاڤە واحید

عەلی لە یەکێک لە گوندەکانی کاراکاداغ دەژی کە دەکەوێتە نێوان پارێزگاکانی دیاربەکر و ئورفە لە باکوری کوردستان، هاوشێوەی زۆرینەی دانیشتووانەکانی ئەو گوندە، ئەم گەنجە تەمەن 17 ساڵە، ساڵانە لە کۆکردنەوە و پۆڵێنکردنی زبڵەکاندا بەشدار دەبێت.

عەلی ناوێکی خوازراوە و لەلایەن نورجان بایساڵ، ژنە نوسەری باکوری کوردستان لەم بڵاوکراوەیەدا بەکارهێنراوە لەسەر خواستی ئەو گەنجە کوردە کە نەیویست ناوی راستەقینەی بەکاربهێنرێت.

زۆربەی گەنجەکان لێرە لەناو زبڵەکاندا کاردەکەن

عەلی دەڵێت: دەتوانین لە شارە گەورەکانی وەک ئیستانبوڵ و ئیزمیر و ئەنقەرە و هەندێک جاریش لە دیاربەکر کارمان دەستکەوێت، بەڵام زۆربەی گەنجەکان لێرە لەناو زبڵەکاندا کاردەکەن، ئێمە چەندین سەعات لەناو زبڵەکاندا بەسەردەبەین بەوهیوایەی پارچە کانزایەک یاخود ئاسنێک بدۆزینەوە.

خێزانەکان منداڵ و هەرزەکاران کە تەمەنیان لە 15 ساڵ تێپەڕ ناکات دەنێرن بۆ کارکردن، بەدڵنیاییەوە هەمووان ئاوات بە سەرچاوەیەکی بەدەستهێنانی پارەوە دەخوازن بەڵام هەلی کار نییە و هەمووان دەچنە شارە گەورەکان بۆ گەڕان بەدوای کاردا.

گوندی کاراکاداغ رۆژێک لە رۆژان ناوەندی بەخێوکردنی ئاژەڵان بوو، شارێکی گەورەی وەک دیاربەکر لەوێوە شیر و پەنیر و ماستی دەستدەکەوت، بەجۆرێک کاراکاداغ بە کواڵتییە بەرزەکەی ناسرابوو لە بواری بەرهەمە ئاژەڵی و شیرەمەنییەکان.

هەمووان ئاوات بە سەرچاوەیەکی بەدەستهێنانی پارەوە دەخوازن بەڵام هەلی کار نییە

لە شوێنێکدا نورجان لە عەلی دەپرسێت: چ شتێک لێرە گۆڕاوە؟ لە وەڵامدا عەلی دەڵێت: نەمدەتوانی تەماشای ئەو رۆژانە بکەم کە تیایاندا باوکم دەستیکرد بە کاری وەرزیی بەهۆی ئەوەی چیتر پارەی لە زەوی و کاروباری ئاژەڵی دەستنەکەوت، ئیدی باوکم چووە باکوری تورکیا و لەوێ دەستیکرد بە کاری وەرزیی بۆماوەی 20 ساڵ و منیش بوومە کرێکاری ناو زبڵەکان.

نورجان دەڵێت، دواتر پەیوەندیم کرد بە یەکێک لە دانیشتووانەکانی گوندی کاراداغ، ساڵانێکە ئەو پیاوە دەناسم و جاران کارەکەی ئەوەبوو قوتابیانی لەنێوان گوندەکاندا دەگواستەوە، بەڵام ناچار بوو بەهۆی کاریگەرییەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنا لەسەر ئابووری تورکیا، ئامرازی گواستنەوەکەی بفرۆشێت.

نورجان لەو پیاوە دەپرسێت: ئەی ئێستا چی دەکەیت بۆ بەدەستهێنانی خەرجییەکانت؟ لە وەڵامدا دەڵێت: دەتوانین چی بکەین؟ ژمارەیەک ئاژەڵمان هەیە و دیانفرۆشین، لەبەرئەوەی نرخی خۆراکی ئاژەڵەکان بەرزبووەتەوە بەجۆرێک لە نرخی خودی ئاژەڵەکان زیاترە.

گوندنشینەکان گوندەکانیان بەجێدەهێڵن چونکە سەرچاوەی بژێوی نادۆزنەوە

لە وەڵامی ئەو پرسیارەدا کە چۆن گوندنشینەکان بژێوی ژیانیان بەدەست دەهێنن دەڵێت: هەمووان بۆ کاری دیکە دەگەڕێن و روو لە کاری وەرزیی دەکەن لە هەر شوێنێک دەستیان بکەوێت، ئەوان گوندەکانیان بەجێدەهێڵن چونکە سەرچاوەی بژێوی نادۆزنەوە، دەوڵەت رێپێدان بە کرێکارانی وەرزیی کەرتی کشتوکاڵ دەدات، بەڵام زۆربەی گەنجەکان لەناو زبڵەکاندا کاردەکەن.

نورجان لە یەکێکی دیکە لە دانیشتووانی گوندەکە دەپرسێت چۆن ژیانت بەڕێدەکەیت؟ لە وەڵامدا دەڵێت: حەوت منداڵم هەیە، تەنیا یەکێکیان خوێندەوارە، شەشەکەی دیکە کار دەکەن، حەوت کەس لە ماڵەکەماندا کار دەکەن و هێشتا ناتوانین بەباشی بژێوی ژیانمان دابین بکەین، ئاو و کارەبا و خۆراک و باجەکانی دیکە زۆر گرانن و رۆژ لەدوای رۆژ دۆخەکە بەرەو خراپتر دەڕوات، من نازانم چۆن تا ئێستا ئەم گوندە ماوە؟ ئەگەر تۆ دەیزانی پێمبڵێ؟!

نورجان دەڵێت: “هیچم پێنییە بۆ وتن، چونکە منیش وەڵامەکەی نازانم”، کاتێک تاریکی دادێت و دەگەڕێینەوە ماڵەکانمان، سەدان منداڵ لە دیاربەکر لەناو زبڵەکاندا دەگەڕێن بەدوای شتێکدا دەستیان بکەوێت و پارەیان بۆ پەیدا بکات، بە هەزارانی دیکەش دەیانەوێت بگەنە ئیستانبوڵ و ئیزمیر و بۆرسە و شارەکانی دیکە تا دوور لە دایک و باوکیان، کارێکیان دەستبکەوێت.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا