پێشنیازێكی نوێی ڕێككه‌وتن له‌ به‌غداوه‌ بۆ حكومه‌تی هه‌رێم

پۆڵه‌تیك پرێس:
زۆرینه‌ی په‌رله‌مانتارانی شیعه‌ له‌په‌رله‌مانی عێراق پێشنیازێكی نوێ له‌باره‌ی پشكی هه‌رێمی كوردستان له‌ پڕۆژه‌یاسای بودجه‌ی ساڵی 2021ـی عێراق ده‌خه‌نه‌ڕوو.

به‌گوێره‌ی پێشنیازه‌ نوێیه‌كه‌ كه‌ زۆرینه‌ی په‌رله‌مانتارانی شیعه‌ له‌ په‌رله‌مانی عێراق پاڵپشتیده‌كه‌ن، هه‌رێمی كوردستان ته‌واوی نه‌وتی خۆی له‌ڕێگه‌ی كۆمپانیای سۆمۆوه‌ بفرۆشێت، له‌به‌رامبه‌ردا هه‌رێم سه‌رجه‌م شایسته‌ داراییه‌كانی وه‌ربگرێت.

له‌وباره‌یه‌وه‌ موسەننا ئەمین، ئەندامی پەرلەمانی عێراق بە پۆڵەتیك پرێس-ی راگەیاند، لایەنە سیاسیەكانی عێراق بەتایبەت شیعەكان لەبەرامبەر داواكردنی هەموو نەوتی هەرێم لە پڕۆژەیای بودجەی 2021ی عێراقدا، وتویانە ئامادەن ئەو ماددانە بچەسپێنن كە ئەركی گرێبەستەكان و قەرزی كۆمپانیاكانن، هه‌روه‌ها تەواوی شایستە داراییەكانی هەرێم بنێرن، بەو مەرجەی داهاتی نەوتی هەرێم بگەڕێتەوە بۆ گەنجینەی حكومەتی ناوەندی، دواتر وەك پارێزگانی دیكەی عێراق بەهەرێم بدرێتەوە.

وتیشی:” ئەگەر حكومەتی هەرێم فریای خۆی نەكەوێت و رێككەوتنێك بەدڵی ناوەند بە تایبەت لەسەر بابەتی نەوت واژوو نەكات، ئەوە بەدڵنیاییەوە دەڵێم سەد لە سەد دەقی پڕۆژە یاسای بودجەی گشتی عێراق كە حكومەت ناردویەتی بۆ پەرلەمان تا خوێندنەوەی لەسەر بكرێت، گۆڕانكاری گەورەی بەسەردا دێت و وەك خۆی لەپەرلەمانی عێراق تێناپەڕێت”.

موسه‌ننا ئه‌مین ئاماژەی بەوەشكرد، لایەنە سیاسیەكانی عێراق لایان گرنگە نەوتی هەرێم لەڕێگەی سۆمۆوە بفرۆشرێت و هەرێم نەتوانێت بەشێوەی سەربەخۆ نەوت بفرۆشێت، چونكە پێیان وایە ئەو نەوتەی هەرێم لەدەرەوە بەنرخی كەمتر لەسۆمۆ دەیفرۆشێت، زیانی گەورەی بەئابوری عێراق گەیاندووە.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا