ململانێی تڕەمپ و پیلۆسی!

ململانێی نێوان سەرۆكی ئەمریكا (دۆناڵد تڕەمپ) و سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران (نانسی پیلۆسی) هەر لە سەرەتای هەڵمەتەكانی هەڵبژاردنی ساڵی (2016)ەوە دەستی پێكرد، ئەگەرچی تا ڕادەیەك لە چوارچێوەی (وڵاتێكی دیموكراسی) وەك ئەمریكادا ئەم جۆرە ململانێیە ئاساییە، بەڵام ئەوەی جێگای سەرنجە هیچ كات ململانێكان نەگەیشتوونەتە (ئاستی كەسی) وەك ئەوەی نێوان تڕەمپ و پیلۆسی، بە جۆرێك ململانێكان هەموو سنورێكیان بەزاند و پەڕینەوە بۆ ململانێی (خۆپیشاندانی توندوتێژ) و هێرشكردنە سەر كۆنگرێس، ئەمەش پێشهاتێكی ترسناك بوو لەلایەن تڕەمپەوە بۆ سەر كۆنگرێس و دیموكراسیەتی ئەمریكا، بەجۆرێك پیلۆسی هەستی بە شكانی شكۆی كۆنگرێس كرد، بۆیە لە ئێستادا پیلۆسی هەموو هەوڵێك دەدات تاكو شكۆی كۆنگرێس بگێڕیتەوە و تڕەمپیش بكات بە پەند و عیبڕەتی زەمانە!

ئەم ململانێیانە هەر لە سەرەتای دەست بەكاربوونی (تڕەمپ)ەوە بە جۆرێك تەشەنەی سەند كەوا پیلۆسی (تڕەمپ)ی بە سەرۆكێكی تاكڕە و نەشارەزا و نا شایستە بۆ كۆشكی سپی لەقەڵەمدا، بۆیە لە چوار ساڵی ڕابردوودا بە هەموو شێوەیەكی (دەستووری و یاسایی ڕێگەپێدراو) دژایەتی تڕەمپی كرد، بە جۆرێك ململانێكان گەیشتنە ئەو ئاستەی لە كاتی وتاری ساڵانەی تڕەمپ لە كۆنگرێس، پشتی لە (نانسی پیلۆسی) كرد و تەوقەی لەگەڵ نەكرد، لە بەرامبەریشدا (پیلۆسی) وتارەكەی تڕەمپی دڕاند، ئەم كار و كاردانەوانەش بە نێگەتیڤ لەقەڵەم دران و دەنگدانەوەیەكی خراپی بۆ سەر دیموكراسیەتی ئەمریكا هەبوو.

لە ئێستادا بە هەوڵی بەردەوامی پیلۆسی (تڕەمپ) دەبێتە یەكەم سەرۆكی ئەمریكا كە دووجار (ئیمپیچ) كرابێت، واتە یەكەمجارە لە مێژووی ئەمریكادا هەوڵبدرێت دووجار لێپرسینەوە لە سەرۆكێك بكرێت، وەك بینیمان دوێنێ ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریكا بەزۆرینەی دەنگ (232 دەنگی بەڵێ بەرامبەر 197 دەنگی نەخێر) بڕیاریدا دووبارە لێپێچینەوە لە دۆناڵد تڕەمپ بكات، بەڵام بۆ ئەوەی بڕیارەكە لە ئەنجومەنی پیران پەسەند بكرێت پێویستی بە دەنگی (3/2) ئەندامانی سێنات هەیە، ئەمەش هەرچەندە ئەستەم نییە (چونكە دیموكراتەكان لە سێناتیش زۆرینەن) بەڵام سەختە دیموكراتەكان بتوانن ئەو دەنگە كۆبكەنەوە، بەتایبەت كە لە ئێستادا زۆرینەی ئەندامانی (پارتی كۆماری) پێیان وایە ئەم هەنگاوەی (پیلۆسی و دیموكراتەكان) برینی لێكترازانی شەقامی ئەمریكا قوڵتر دەكات و ئەگەری توندوتیژی زیاتر دەكات.

ئەم هەنگاوەی پیلۆسی لە كاتێكدایه كەوا تڕمپ تەنها حەفتەیەكی ماوە لە كۆشكی سپی، بۆیە پیلۆسی شەو و ڕۆژی خستۆتە سەر یەك تاكو تڕمپ وەك خراپترین سەرۆكی ئەمریكا بخاتە ناو مێژوو و لە هەموو دەستكەوتەكانیش بێ بەشی بكات، بەڵام پرسیار ئەوەیە، ئایا ئەم كارەی پیلۆسی برینی لێكرازانی شەقامی ئەمریكی ساڕێژ دەكات یان قوڵتر دەكات؟

كـــارۆخ خـــۆشناو

پەخشی راستەوخۆی رادیۆ پۆلەتیک