ئەو هەلە زێڕینەی هاتووەتە بەردەم کازمی

پۆڵەتیک پرێس: لاڤە واحید

حکومەتی عێراق بە سەرۆکایەتی مستەفا کازمی، سەربەخۆ لە حزبە ئاینییەکان، کە لە ساڵی 2003 هەتا ئێستا چەندین جار بوونەتەهۆی دروستکردنی جیاوازی لەسەر ئاستی سیاسی عێراق، سەرباری ئەو قەیرانە ئابوورییە سەختەی عێراقی پیادا تێدەپەڕێت، ئاڵای چاکسازی هەڵدەکات، لەمبارەیەوە چاودێران گەشبینن لەبارەی ئەوەی ئەنجامدانی گۆڕانکاری ئەستەم نییە.

لە مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی رابردوو، حکومەتەکەی مستەفا کازمی ئەو بەڵگەنامەیەی پەسەند کرد کە تێیدا داوای چاکسازی گشتگیر کرا لە ئابوورییە شکستخواردووەکەی عێراق لەژێر ناوی وەرەقەی سپی چاکسازی.

لەوبارەیەوە، عەلی عەبدولئەمیر عەلاوی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و وەزیری دارایی رایگەیاند، ئەو بەڵگەنامەیە ئابووری عێراق دەخاتە سەر رێگایەک لە داهاتوودا وڵاتەکە بتوانێت هەنگاوی گونجاو بنێت بەرەو هەمەجۆربوون.

چاودێران گەشبینن لەبارەی ئەوەی ئەنجامدانی گۆڕانکاری ئەستەم نییە

لەلایەکی دیکەوە دامەزراوەی عەرەب دایجێستی راوێژکاریی ئاماژەی بەوەکرد، وەرەقەی سپی ئامانجی بەرفراوانکردنی رۆڵی دەوڵەتە لە دەستبەسەرداگرتنی ئەو دژیەکییانەی روویانداوە لەماوەی ساڵانی رابردوو، بەنمونە لەگەڵ ئەوەی لەنێوان ساڵی 2004 هەتا 2020 ژمارەی فەرمانبەرانی کەرتی گشتی سێ هێندە کەمی کردووە، کەچی لە هەمان ماوەدا موچەی فەرمانبەرانی ئەو کەرتە بەڕێژەی %400 زیادیکردووە.

کاتێک لە مانگی ئایاری رابردوو، عەلاوی پۆستی وەزیری دارایی وەرگرت، پێشبینی کرد یەدەگی دارایی لە گەنجینەی عێراق 10 ترلیۆن دینار بێت، بەڵام دەرکەوت یەدەگەکە پێنج یەکی ئەو بڕە پارەیەیە.

لە وڵاتێکدا کە بێکاری گەیشتووەتە ئاستێکی باڵا، %40ی دەستی کار پشت بە موچەی حکومەت دەبەستێت، لەبەرامبەردا کەرتی تایبەت و رەخساندنی کار بۆ هاوڵاتیان لەو کەرتەدا لە عێراق بە ئاستێکی بەرز پشتگوێخراوە.

لە ئێستادا عێراق توانای روبەڕوبوونەوەی سادەترین قەیرانەکانی نییە

لەلایەکی دیکەوە، داهاتی نەوت بەتەنیا ناتوانێت ئەو هەموو خەرجییەی عێراق دابین بکات کە تەنیا موچەی فەرمانبەرەکانی دەگاتە پێنج ملیار دۆلار بۆ هەر مانگێک، داهاتی نەوت لە 3.5 ملیار دۆلار زیاتر نییە و بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆناشەوە لە ساڵی رابردووەوە ئەم کێشانە قوڵتر بوونەتەوە.

دۆخەکان بەرەو خراپتر رۆیشتن کاتێک لە کۆتایی ساڵی رابردوو، بەهای دینار بەرامبەر دۆلاری ئەمریکی کەمکرایەوە بەهۆی ئەو فشارە ئابوورییانەی لە ئەنجامی دابەزینی نرخی نەوت هاتنەئاراوە.

هەواڵە خراپەکان بۆ عێراق لە بەردەوامیدا بوون، بەتایبەت کاتێک هەفتەی رابردوو، ئێران گازی سروشتی لە پێنج ملیۆن مەتری چوارگۆشە کە رۆژانە دەیناردە عێراق بۆ سێ ملیۆن مەتری چوارگۆشە کەمکردەوە، عێراق بڕی 2.7 ملیار دۆلاری ئێران قەرزارە و ئەم هەنگاوەی وەک سزادانی عێراق جێبەجێ کرد.

ئێستا هەلێکی زۆر گونجاوە لەبەردەم مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ ئەنجامدانی چاکسازی

لە ئێستادا عێراق توانای روبەڕوبوونەوەی سادەترین قەیرانەکانی نییە، ڤایرۆسی کۆرۆناش یەکێکە لەو نمونەی قەیرانانەی کە هەیە، لە توێژینەوەیەکدا کە لەلایەن ئەحمەد تەبەقجەلی توێژەر لە پەیمانگای توێژینەوە هەرێمیی و نێودەوڵەتییەکان لە سلێمانی ئەنجامدراوە باس لەوە کراوە، دۆسیەی سەرەکی کە وەرەقەی سپی جەختی لەسەر کردووە ئەو بودجەیەیە کە تێیدا ئاماژەی پێکراوە بەڵام مایەی شەرمە چونکە ئەو خەرجییانە زۆر زیاترە لە توانای دارایی عێراق.

تەبەقجەلی شارەزا لە بازاڕی سەرمایەداری و بەڕێوەبەری وەبەرهێنان لە سندوقی ئاسیا فرۆنتێر کاپیتاڵ رایگەیاند، عێراق سامانێکی بێشووماری هەیە بەڵام بەشێوەیەکی دروست کارەکان بەسەر فەرمانبەرانیدا دابەش نەکراوە بەهۆی خراپی شێوازی بەڕێوەبردنەوە ئەمەش بووەتەهۆی داڕمانی ئابووری کە لەگەڵ هەموو دابەزینێکی نرخی نەوت و لەگەڵ هەر کێشەیەکدا قەیرانەکە قوڵتر دەبێتەوە.

بەپێی رای چاودێران، ئێستا هەلێکی زۆر گونجاوە لەبەردەم مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ ئەنجامدانی چاکسازی، بەتایبەت کە نرخی برمیلێک نەوت 57 دۆلاری تێپەڕاندووە و ژمارەی توشبووانی ڤایرۆسی کۆرۆناش لە عێراق رۆژ لەدوای رۆژ بەرەو کەمبوونەوە دەچێت.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا