نەورۆز بردنەوەی تۆماركرد

یارییەكانی خولەكانی نایابی تۆپی پێی كوردستان و فوتساڵی كچان و پلە یەكی یانەكانی كوردستان و نایابی تازەپێگەیشتووان بەردەوامن و هەفتەی رابردوو جەولەیەكی تری یارییەكانی ئەو خولانە بەڕێوەچوون.

نەورۆز یەكەم بردنەوەی تۆماركرد
لە خولی نایابی یانەكانی كوردستاندا هیچ ئەنجامێكی لەناكاو و چاوەڕوان نەكراو رویان نەدا ئەوەنەبێت تیپی یانەی نەورۆز لەهەفتەی پێنجەمی یارییەكاندا بووبەخاوەنی یەكەم سێ خاڵی خۆی و پاش چوار دۆڕاندنی یەك لەسەر یەك یەكەم یاریی خۆی بردەوە، سیروانی نوێش بەردەوامە لەسەر ئەنجامە باشەكانی و سێیەم بردنەوەی تۆمار كرد، برایەتیش لەكۆی چوار یاریی كە كردوونی سێیەم بردنەوەی تۆماركرد و لە پلەی دووەمی ریزبەندی گروپی یەكەمدا وەستاوە.

دەربەندیخانیش لە گروپی دووەمدا ئەم هەفتەیە نەیتوانی بەردەوام بێت لەسەر نواندنی ئاستە باشەكان و كەوتە داوی دۆڕاندن و پاش سێ بردنەوەو یەكسانبوونێك ئەم هەفتەیە یەكەم دۆڕاندی لە دهۆك تۆمار كرد و لەگەڵ ئەوەشدا لەپێش پێشمەرگەی هەولێرو پێشمەرگەی سلێمانی دووەم سێیەمەوەیە و پلەی یەكەمی گروپی دووەمی گرتووە.

هەردوو پێشمەرگەكەش ئەم هەفتەیە پێنجەم یاریی خۆیان ئەنجامدا، پێشمەرگەی هەولێر لەیاریگای خۆیدا بەئارارات دۆڕاو دووەم دۆڕانی تۆماركرد، بەڵام پێشمەرگەی سلێمانی لەدەرەوەی یاریگای خۆی بە خاڵێكی یارییەكەوە لەزاخۆوە گەڕایەوە سلێمانی.

هەرچی تیپی یانەكانی هەڵۆ و هەندرێنە ئەم هەفتەیەش نەیانتوانی بردنەوە تۆمار بكەن و هەڵۆ پاش سێ یەكسان بوونی یەك لەسەر یەك لە چوارەم یارییدا توشی یەكەم دۆڕان هات ئەویش بەدەستی برایەتی، هەندرێنیش لە یاریگای نەورۆز دووەم دۆڕانی ئەم وەرزەی تۆمار كرد.

ئەفرۆدێت سكاڵای هەیە
هەرچی خولی نایابی فوتساڵی كچانی یانەكانی كوردستانیشە توشی كێشەیەكی تری بەڕێوەبردن بوو.

پاش ئەوەی لەسەرتاوە هەڵەبجەی شەهید پاشەكشەی كردو خشتەی یارییەكانی تێكچوو، وائەمجارەش ئەفرۆدێت هەڕەشەی پاشەكشە دەكات و تەنانەت یاریی ئەم هەفتەیەی خۆی بەرامبەر تەناهی لەیاریگای خۆیدا ئەنجام نەدا.

ئەم كێشەیەش لەوەوە سەرچاوەی گرتووە یانەی ئافرۆدێت دەڵێت سكاڵایەكیان لەسەر یاریی هەفتەی پێشوویان بەرامبەر ئافرەتانی دهۆك داوە بە یەكێتیی تۆپی پێی كوردستان، پاش ئەوەی لەو یارییەدا كە لە دهۆك كردیان كێشەو پشێوی لەیارییەكەدا درووست بووەو تەنیا ئافرۆدێت سزادراوە لەكاتێكدا ئافرەتانی دهۆكی خاوەن یاریگا هۆكاری كێشەكان بوون.

لە كۆبوونەوەی رۆژی شەممەی رابردووی یەكێتیی تۆپی پێی كوردستانداو لەسەر سكاڵاكەی ئەفرۆدێت لیژنەیەكی لێكۆڵینەوە درووستكراوە، ئێستا كێشەكە ماوەو چاوەڕوانی بڕیارەكانی یەكێتیی تۆپی پێی كوردستان دەكەن و نازانرێت چی روودەدات، سەبارەت بەیارییكەشیان بەرامبەر تەناهی لە شاری سلێمانی، ئەفرۆدێت 0-5 بەدۆڕاو دانراوە.

لەبەر ئەوە هەفتەی رابردوو تەنیا سێ یاریی كراون، چۆما بردنەوەیەكی تری تۆمار کرد و 6-1 لەئاكرێی بردۆتەوەو لەپلەی دووەمیدا وەستاوە، ئافەرتانی هەولێریش بردنەوەیەكی گەورەیان تۆمار كردو 9-2 لە شێخانیان بردەوەو چوارقوڕنەش چوارەمین دۆڕاندنی تۆمار كردو لەیاریگای خۆیدا 1-8 بە ئافرەتانی دهۆك دۆڕاوە.

خولی پلە یەك
لە لایەكی تریشەوە لەخولی پلە یەكی یانەكانی كوردستاندا رۆژی چوارشەممە 6/1/2021 هەفتەی سێیەمی یارییەكان لە هەردوو گروپی یانە بەشدارەكاندا كران و ئەنجامەكان بەمشێوەیە بوون:

گروپی یەكەم
*سەیدسادق(1)×هەڵەبجەی شەهید(0).
*ئاشتی(1)×ئاڵتون كۆپری(0).
*خانەقین(1)×رزگاری(1).

گروپی دووەم
*ئاكرێ (2) × ئاسۆ(0).
*خاك (1) × كۆیە(2).
*شەقڵاوە (1) × گارا (0).
ئێستا لە گروپی یەكەم ئاڵتون كۆپری و سەید سادق یەكەم و دووەمی ریزبەندیی گروپەكەن و هەریەكەو 6 خاڵیان هەیەو ئاشتی و رزگاری سێیەم و چوارەمن و هەریەكەو 4 خاڵیان هەیەو هەڵەبجەی شەهید و خانەقینیش پێنجەم و شەشەمی گروپەكەن.

لە گروپی دووەمیشدا خاك بە 6 خاڵ یەكەم و ئاكرێ و كۆیە بە 5 خاڵ بۆ هەریەكەیان دووەم و سێیەمی رزبەندین و شەقڵاوەو گاراش هەریەكەیان 4 خاڵیان هەیە و چوارەم و پێنجەمی رزبەندین و ئاسۆش هیچ خاڵێكی نییەو دوا تیپی ریزبەندییە.

ئاشتی و خاك یەكەم و دووەمی ریزبەندین
لەگەڵ ئەو خولانەدا، خولی نایابی تازەپێگەیشتووانی یانەكانی كوردستانیش بەردەوامەو رۆژی پێنجشەممەی هەفتەی رابردوو یارییەكانی هەفتەی چوارەمی هەردوو گروپەكە كران.

پاش تەواو بوونی یارییەكانی ئەو هەفتەیە ئێستا ریزبەندیی لە هەردوو گروپی یانە بەشدارەكاندا بەمجۆرەیە:

گروپی سلێمانی كەركوك

1- ئاشتی (4یاریی) (8خاڵ).
2- خاك(4یاریی) (8خاڵ).
3- پ.سلێمانی(4یاریی)(7خاڵ).
4- شۆرجە(4یاریی) (6خاڵ).
5- سیروانی نوێ(4یاریی)(4 خاڵ).
6- دەربەندیخان(4یاریی(3خاڵ).
7- سلێمانی(4یاریی) (3خاڵ).
8- رزگاری(4یاریی) (1خاڵ).

گروپی هەولێرو دهۆك

1- برایەتی(4یاریی) (10 خاڵ).
2- هەولێر(4یاریی) (7 خاڵ).
3- دهۆك(3یاریی) (7 خاڵ).
4- زاخۆ(4یاریی) (6 خاڵ).
5- بروسك(3یاریی) (4 خاڵ).
6- ئارارات(3یاریی) (3 خاڵ).
7- هەندرێن(4یاریی) (3 خاڵ).
8- پ.هەولێر(4یاریی) (1 خاڵ).
9- گارا(3یاریی) (1 خاڵ).

بەرنامەی ئەم هەفتەیە
ئەم هەفتەیەش یارییەكان درێژەیان دەبێت و بەپێی بەرنامەی دانراو یارییەكانی ئەو خولانە بەمشێوەیە دەكرێن:

خولی نایاب-هەفتەی شەشەم

پێنجشەممە 14/1/2021
*برایەتی × چەمچەماڵ.
*هەڵۆ × شیروانە.
*دهۆك × زاخۆ.
*پ.سلێمانی × نەورۆز.

هەینی 15/1/2021
*هەندرێن × پ.هەولێر.
*دەربەندیخان × ئارارات.
*سیروانی نوێ × سۆران.

خولەكانی تر
*خولی پلە یەكی كوردستان –هەفتەی چوارەم; سەرجەم یارییەكانی رۆژی چوارشەممە 13/1 دەكرێن
*خولی نایابی تازەپێگەیشتووان-هەفتەی پێنجەم ; سەرجەم یارییەكانی سبەی سێشەممە 12/1 دەكرێن.
*خولی نایابی فوتساڵی كچان-هەفتەی نۆیەم ; سەرجەم یارییەكانی رۆژی هەینی 15/1 دەكرێن.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا