پەروەردە چاوەڕێی بڕیاری لیژنەی باڵای رووبەڕووبوونەوەی كۆرۆنایە

پۆڵەتیك پرێس

بەرپرسانی وەزارەتی پەروەردە جەخت لە بەردەوامی هەوڵەكانیان بۆ پاراستنی خوێندنی ئەمساڵ دەكەنەوە، بۆ كردنەوەی دەرگای قوتابخانە و خوێندنگەكانیش چاوەڕوانی بڕیاری لیژنەی باڵای رووبەڕووبوونەوەی كۆرۆنان.

سەیوان عەلی بریكاری وەزیری پەروەردە بۆ پۆڵەتیك پرێس باسی لەوەكرد، چاوەڕێن رۆژی 16ی ئەم مانگە لیژنەی باڵای كۆرۆنا كۆبێتەوەو بڕیار لە بارەی كردنەوەی دەرگای قوتابخانەكان بدات.

ئاماژەی بەوەشكرد، لە ئەگەری كردنەوەی دەرگای قوتابخانە و خوێندنگەكان، دوای 16 ی ئەم مانگە وەزارەت پلانی خۆی داناوە، یەكێك لە خاڵەكانی پلانەكە ئەوەیە رۆژانی پشووە فەرمییەكانیش دەوام بكرێت، هەروەها كاتی وانە لاوەكییەكان وەكو وەرزش و هونەر بدرێت بە وانە سەرەكییەكان.

بریكاری وەزیری پەروەردە باس لەوەدەكات، یەكێكی دیكە لە پلانەكانیان ئەوەیە لەسەر ئاستی هەر بەڕێوەبەرایەتییەكی گشتی پەروەردە، بەهەماهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی لیژنەی هاوبەش پێكدەهێنرێت بۆ چاودێری كردنی رەوشی خوێندكاران و پشكنین و چاودێری كردنییان.

لەبارەی مەترسی هەژمارنەكردنی خوێندنی ئەمساڵ لەلایەن رێكخراوی یونسێفەوە، سەیوان عەلی ئاشكرایكرد لەگەڵ رێكخراوی یونسێف و ئەو رێكخراوە جیهانییانەی دیكە كە لەبواری پەروەردەدا كاردەكەن گفتوگۆ و كۆبوونەوەی بەردەوامیان هەیە و هەموو هەوڵێك دەدەن خوێندنی ئەمساڵی نەفەوتێت.

ئەوەش لەكاتێكدایە، مامۆستایانی ناڕازیی باس لەوە دەكەن نەكردنەوەی دەرگای قوتابخانەكان بەهۆی نەبونی موچەوەیە، نەك ڤایرۆسی كۆرۆنا، بەوهۆیەشەوە بڕیارە 13ی ئەم مانگە خۆپیشاندان ئەنجام بدەن.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا