هاوپەیمانی هیوا داوایەك ئاراستەی فراكسیۆنی یەكێتی دەكات

پۆڵەتیك پرێس:
هاوپەیمانی هیوا، بەنیازە داوا لەفراكسیۆنی یەكێتی نیشتمانی بكات، كە بچێتە ناو هاوپەیمانییەكە، ئەوەش لەپێناوی فراوانتركردنی هاوپەیمانییە نوێیە كوردییەكە.

رۆژی 11ی كانوونی دووەم، ژمارەیەك پەرلەمانتاری كورد لەئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، هاوپەیمانییەكیان بەناوی هاوپەیمانی هیوای كوردستان راگەیاند.

بەپێی ئەو زانیارییانەی لەسەرچاوەیەكی ناو هاوپەیمانییەكە دەست پۆڵەتیك پرێس كەوتووە، هاوپەیمانییەكە بەنیازە دەستپێشخەری بۆ فراكسیۆنی یەكێتی بكات، بۆ ئەوەی بچنە ناو هاوپەیمانییەكە.

هەر بەپێی زانیارییەكان، ئامانجی هاوپەیمانییەكە ئەوەیە، لەبەرانبەر فراكسیۆنی پارتی، كە گەورەترین فراكسیۆنی كوردی ناو پەرلەمانی عێراقە، هاوپەیمانییەكی گەورە پێكبهێنن‌و ببن بە گەورەترین فراكسیۆنی كوردی ناو ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق.

لەو بارەوە بەهار مەحمود ئەندامی هاوپەیمانی هیوای كوردستان بۆ پۆڵەتیك پرێس وتی: تائێستا بەفەرمی ئەو داوایان لەیەكێتی نەكردووە، بێتە ناو هاوپەیمانییەكە، بەڵام لەپەیڕەوی ناوخۆی هاوپەیمانییەكەیان، ئەو خاڵە هەیە، كە هەر فراكسیۆنێكی كوردی دەتوانێت بێتە ناو هاوپەیمانییەكە، جا كوردی بێت، یان عەرەبی.

هاوپەیمانی هیوا لە 15 پەرلەمانتاری چەند فراكسیۆنێكی كوردی پێكهاتووە، ئەگەر فراكسیۆنی یەكێتی بچێتە ناو هاوپەیمانییەكە، دەبنە گەورەترین فراكسیۆنی كوردی لەپەرلەمانی عێراق، كە ئێستا پارتی بە 25 كورسی گەورەترینە.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا