لە رۆژی دەستبەکاربوونی بایدندا چی روودەدات؟

پۆڵەتیک پرێس: لاڤە واحید

لە 20ی ئەم مانگە، جۆ بایدن وەک چلوشەشەمین سەرۆکی ئەمریکا و کامالا هاریس وەک جێگری سەرۆکی ئەمریکا دەست بەکار دەبن، هاوکات، بەمەبەستی ئاڵوگۆڕی دەسەڵات بۆنەیەکی فەرمی رێکدەخرێت کە ئاماژەیە بۆ سەرەتای سەرۆکایەتی نوێی ئەمریکا و لە واشنتۆنی پایتەخت ئەنجام دەدرێت.

ئامانجی سەرەکی لە رێکخستنی ئەم بۆنەیە ئەوەیە، جۆ بایدن سەرۆکی نوێی ئەمریکا سوێندی فەرمی بخوات بەوەی بە دڵسۆزییەوە کار بۆ وڵاتەکەی دەکات و هەموو هەوڵێکی دەخاتەگەڕ بۆ پارێزگاریکردن و بەرگریکردن لە ئەمریکا و دەستوری ئەو وڵاتە.

لیژنەی جۆ بایدن تایبەت بە ئامادەکاری رۆژی وەرگرتنی دەسەڵات رایگەیاند، ناونیشانی بۆنەکە “ئەمریکای یەکگرتوو” دەبێت، بۆیە زۆرێک لە سەرۆکەکانی پێشووتری ئەمریکا لەوانەش باراک ئۆباما و جۆرج بوش و بیل کلینتن بەشداردەبن بۆ پشتڕاستکردنەوەی یەکبوونی ئەمریکا.

رۆژی 20ی کانوونی دووەم چییە؟

ئەو رۆژەیە کە بایدن و هاریس دەچنە کۆشکی سپی و بۆماوەی چوار ساڵی داهاتوو وەک سەرۆک و جێگری سەرۆکی ئەمریکا تییدا دەستبەکار دەبن.

بەشێوەیەکی گشتی بۆنەی ئاڵوگۆڕی دەسەڵات پلانی وردی ئەمنیی لەخۆدەگرێت، بەڵام ئەمجارە دۆخەکە ئاڵۆزترە بەتایبەت لەدوای هێرشی لایەنگرانی دۆناڵد ترەمپ بۆسەر بینای کۆنگرێسی ئەمریکا لە 6ی ئەم مانگە، هەتا ئێستا ئاشکرا نییە چ هەنگاوێکی دیکەی زیادە دەگیرێتەبەر بۆ پاراستنی ئامادەبووان.

لەلایەکی دیکەوە، پاسەوانی نیشتیمانیی واشنتۆن کە لە 6ی کانوونی دووەمی ئەمساڵ کەوتە ئامادەباشییەوە بۆماوەی 30 رۆژ لە ئەرکدا دەبێت، ئەمەش بەو واتایە دێت شانبەشانی هێزەکانی پۆلیسی فیدڕاڵی، لە چوارچێوەی پاراستنی ئاسایشی بۆنەی ئاڵوگۆڕی دەسەڵاتدا دەبن، لەوبارەیەوە، جەنەڕاڵ دانیاڵ هۆکانسۆن، فەرماندەی پاسەوانی نیشتیمانی ئەمریکا رایگەیاند، 15 هەزار ئەندامی هێزە ئەمنییەکان رۆژی سوێندخواردنی جۆ بایدن لە واشنتۆن بڵاوەیان پێدەکرێت.

لەوبارەیەوە بایدن وتی: من ترسم لە پارێزراویم و ئاسایشی ئێرە و بۆنەکە نییە، بەڵام سیناتۆر ئێمی کلۆبوشار، ئەندامی لیژنەی بۆنەی دەستبەکاربوونی بایدن رایگەیاند، هیواخوازە لەو رۆژەدا رێوشوێنی ئەمنی توندتر بگیرێتەبەر.

ئایا دۆناڵد ترەمپ ئامادە دەبێت؟

ئەمساڵ بۆنەکە جیاوازتر بەڕێوەدەچێت، بەتایبەت کە دۆناڵد ترەمپ پێشتر رایگەیاند، لە بۆنەکەدا ئامادە نابێت، ترەمپ رۆژی هەینی رابردوو، لە تویتەری خۆی نوسی: بۆ هەموو ئەوانەی دەپرسن، من رۆژی 20ی مانگ لە بۆنەکەدا بەشدار نابم.

بە چەند رۆژێک بەر لە کۆتاییهاتنی ویلایەتەکەی، ترەمپ رووبەڕووی چەندین داواکاری دەست لەکارکێشانەوە بووەوە، ئەم داواکارییانە تەنانەت ئەندامانی پارتەکەی خۆی گرتەوە و بەشێک لە کۆمارییەکانیش هاوڕابوون لەسەر دەست لەکارکێشانەوەی ترەمپ، بەهۆی ئەو شەپۆلی قەیرانە سیاسی و تەندروستیی و ئابوورییانەی لەماوەی دەسەڵاتی ترەمپدا رووبەڕووی ئەمریکا بوونەوە.

لەمبارەیەوە، لە چەند رۆژی رابردوودا، بایدن رایگەیاند، خۆشحاڵە بە بینینی مایک پێنسی جێگری سەرۆکی ئێستای ئەمریکا لە رۆژی وەرگرتنی دەسەڵات بەڵام نایەوێت دۆناڵد ترەمپ ببینێت، وتیشی: ترەمپ بڕیارێکی باشی داوە کە ئامادە نابێت.

چۆن کۆرۆنا شێوازی بەڕێوەچوونی ئاهەنگی دەستبەکاربوونی بایدن دەگۆڕێت؟

لە بارودۆخی ئاساییدا و لەو رۆژەدا، بە هەزاران کەس لە ئاهەنگی ئاڵوگۆڕی دەسەڵاتدا ئامادە دەبن بەجۆرێک لە ویلایەتەکانی پێشووی ئەمریکا نزیکەی دوو ملیۆن کەس بەشدارییان لە ئاهەنگەکە دەکرد، بەڵام ئەمساڵ تیمەکەی بایدن رایگەیاند، قەبارەی بەشداربووانی ئاهەنگی ئەمساڵ دیاریکراو دەبێت بەهۆی مەترسی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا.

بڕیارە 20ی مانگ جۆ بایدن و کامالا هاریس لەبەردەم باڵەخانەی حکومەتی فیدڕاڵی ئەمریکا سوێندی یاسایی بخۆن، ئەمەش دابونەریتێکی کۆنی ئەمریکایە کە هەموو سەرۆکەکان ئەنجامیانداوە.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا