ئەمریکا زەنگی ئاگادارکردنەوە بۆ سەرکردەکانی عێراق لێدەدات

پۆڵەتیک پرێس: لاڤە واحید

لە 8ی کانوونی دووەمی ئەمساڵ، بەهۆی پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ و گەندەڵی، وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا سزای بەسەر فالح فەیاز، سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی کە قەوارەیەکی خۆبەخشی تاڕادەیەک سەربازییە و لە حوزەیرانی ساڵی 2014ەوە لەلایەن حکومەتی عێراقەوە پاڵپشتی دەکرێت، سەپاند.

لەوبارەیەوە مایکڵ نایتس، تایبەتمەند لە کاروباری سەربازی و ئەمنی عێراق و ئێران و وڵاتانی کەنداوی عەرەبی باس لەوە دەکات، پێویستە جۆ بایدن سەرۆکی نوێی ئەمریکا، سزای نوێ بەسەر فەیازدا بسەپێنێت، بەتایبەت کە چەندین بەڵگەی بەهێز لەوبارەیەوە هەیە کە پێشێلکاریی مافەکانی مرۆڤی کردووە، ئەم هەنگاوە رەنگە یارمەتیدەر بێت لە لێپرسینەوە لە کەسانی دیکە کە پێشێلکاری ئەنجام دەدەن.

لە 28ی کانوونی یەکەمی ساڵی رابردوو، جەیک سولیڤان، راوێژکاری نوێی ئاسایشی نیشتیمانی ئەمریکا رایگەیاند، ئیدارەی جۆ بایدن و کامالا هاریس دژی هەموو پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ دەوەستێتەوە لە هەر شوێنێک رووبدات، فەیازیش بەهۆی رەفتارەکانییەوە شایەنی ئەوەیە سزای بەسەردا بسەپێنرێت.

ئیدارەی جۆ بایدن و کامالا هاریس دژی هەموو پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ دەوەستێتەوە لە هەر شوێنێک رووبدات

مایکڵ نایتس ئاماژەی بەوە کرد، رەفتارەکانی فەیاز هۆکارن بۆ ئەوەی ناوی بچێتە لیستی رەشەوە، بەتایبەت کە رۆڵی هەبوو لە توندوتیژی و تەقەکردنی بەکۆمەڵ و دەستبەسەرداگرتنی نایاسایی لەماوەی خۆپیشاندانەکانی تشرینی یەکەمی 2019 لە عێراق، بەپێی ئامارەکانی رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی و رێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤ، لەماوەی ئەو خۆپیشاندانانە نزیکەی 500 خۆپیشاندەر کوژران و بە هەزارانی دیکەش بریندار بوون.

کاتێک لە تشرینی یەکەمی ساڵی 2019، بەمەبەستی دوورخستنەوە لە پەیوەندییەکانی لەگەڵ میلیشیاکانی سەر بە ئێران، فەیاز بانگهێشتی واشنتۆن کرا، لەو سەردانەدا فەیاز، شوێنکەوتووانی خۆی توشی شەرمەزاری کرد بەهۆی ئەو پەلەکردنەی لە گەڕانەوە بۆ عێراق و گێڕانی رۆڵی سەرکردایەتی دەستەی حەشدی شەعبی و دەزگای ئاسایشی نیشتیمانی، بەپێی پۆستەکانی ئەو کاتەشی، رۆڵێکی گەورەی هەبوو لە هێرشکردنەسەر خۆپیشاندەرانی مەدەنی.

نایتس دەڵێت: حکومەتی عێراقیش تێگەیشتووە لە رۆڵی فەیاز لە کوشتار و تاوانکاری، هەر ئەوەش بوو وایکرد لە 4ی تەمموزی 2020 حکومەتی مستەفا کازمی دووریبخاتەوە لە دووان لە پۆستەکانی کە ئەوانیش راوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی و سەرۆکی دەزگای ئەمنی نیشتیمانی بوون، بەمەش تەنیا لە پۆستی سەرۆکایەتی دەستەی حەشدی شەعبیدا مایەوە، ئەو هێزەی نزیکەی 160 هەزار ئەندامی هەیە و بودجەکەی 2.6 ملیار دۆلارە.

ئەم بڕیارەی وەزارەتی گەنجینە دەریدەخات کە حکومەتی ئەمریکا چاودێری ئەو کەسانە دەکات کە پێشێلکاری مافی مرۆڤ ئەنجام دەدەن

نایتس باس لەوە دەکات، وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا و ئاژانسەکانی دیکە ماوەیەکی زۆرە کار بۆ ئەوە دەکەن بەڵگەی پێویست کۆبکەنەوە لەوانەش، رۆڵی فەیاز لە پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ و گەندەڵی و تێوەگلان لە رێکخراوەکانی وەک “حزبوڵـڵا” و “ئەهل حەق”، هەموو ئەمانە هۆکار بوون بۆ ئەوەی ناوی بخرێتە لیستی رەشەوە.

دەشڵێت: لە هەموو ئەمانە گرنگتر ئەوەیە، تیمەکەی بایدن لەبیری نەکات کە خۆپیشاندەرانی عێراق شانبەشانی خۆپیشاندەرانی هۆنگ کۆنگ و روسیا و لوبنان و تایلاند و چیلی و شوێنەکانی دیکە شایەنی ئەوەن پارێزگارییان لێبکرێت، ئەم بڕیارەی وەزارەتی گەنجینە دەریدەخات کە حکومەتی ئەمریکا چاودێری ئەو کەسانە دەکات کە پێشێلکاری مافی مرۆڤ ئەنجام دەدەن و لەپاڵ گەلی عێراقدا دژی ئەو میلیشیایانە دەوەستێتەوە کە هەڕەشەن بۆسەر دیموکراسیەتی عێراق، ئەو میلیشیایانەی زۆربەی جارەکان لەلایەن تارانەوە پاڵپشتی دەکرێن.

نایتس ئەوەشی خستەڕوو، ئەم بڕیارەی ئەمریکا لە کاتێکی گونجاودا دەرکرا، چونکەی وادەی هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق نزیکە کە بڕیارە لە 6ی حوزەیرانی ئەمساڵ ئەنجام بدرێت، ئەم هەنگاوە هیوا دەداتە عێراقییەکان کە هەڵبژاردنێکی بێ ساختەکاری و پاک لەژێر چاودێری ئەمریکا و لایەنە نێودەوڵەتییەکانی دیکە بەڕێوەبچێت، دەشڵێت: لە راستیدا، ئامانج لە سزادانی فەیاز ئەوە نییە رەفتارەکانی بگۆڕێت، بەڵکو ئامانجەکە ئەوەیە سیاسی و سەرکردەکانی دیکەی عێراق ئاگاداری ئەوەبن کە پێشێلکاری مافەکانی مرۆڤ و گەندەڵی باجی خۆیان هەیە و دەبێت ئەنجامدەرانی باجەکەی بدەن.

باشترین رێگا بۆ رێگریکردن لە پێشێلکاری مافی مرۆڤ ئەوەیە لەو کەسایەتییانەوە دەستپێبکرێت کە لە لوتکە و دەسەڵاتدان

ئەوەش هاتووە، هەموو جۆرە مامەڵەکردنێکی کەسایەتی و لایەنە ئەمریکییەکان لەگەڵ فەیاز قەدەغەکراوە، هاوکات، نابێت هیچ یەکێک لە کۆمپانیا ئەمریکییەکان لە وڵاتانی کەنداو و تورکیا و ئەوروپا پەیوەندییان بە فەیاز و پلانە دەرەکییەکانیەوە هەبێت، لە هەمان کاتیشدا، پێویستە واشنتۆن بە بەردەوامی فشار بخاتەسەر حکومەتی عێراق ئەو کەسانە دووربخاتەوە لە دەسەڵات و پۆستە سەرکردایەتییەکان کە پێشێلکاری مافەکانی مرۆڤ ئەنجام دەدەن بەتایبەت ئەو رێکخراو و کەسانەی ساڵی 2019 دەستیان هەبوو لە تاوان دژی خۆپیشاندەران، لەوانەش:

ئەبو توراب کە ناوە راستییەکەی “تامر محەمەد ئیسماعیل”ە و چالاکوانی رێکخراوی بەدرە و سەرۆکی هێزەکانی “رەد سەریع”ە لە وەزارەتی ناوخۆی عێراق، ئەم کەسە فەرمانیداوە بە تەقەکردن بەسەر خۆپیشاندەراندا، یەکێکی دیکە لەو کەسانەی عێراقی لێ ئاگادار کراوەتەوە، ئەبو مونتەزر حوسەینی سەرکردەیەکی دیکەی رێکخراوی بەدرە.

بۆیە بە بڕوای نایتس، باشترین رێگا بۆ رێگریکردن لە پێشێلکاری مافی مرۆڤ ئەوەیە لەو کەسایەتییانەوە دەستپێبکرێت کە لە لوتکە و دەسەڵاتدان، بۆیە پێویستە فالح فەیاز و جێگرەکەی بە ناوی ئەبو فدک “عەبدولعەزیز محەمەداوی”، کە یەکێکە لە سەرکردەکانی حزبوڵـڵا لە کارەکانیان دووربخرێنەوە، دەشڵێت: دەکرێت لەڕێی پاڵپشتییە نائاشکراکانی ئەمریکاوە کار بکرێت بۆ گۆڕانکاری لە سەرکردایەتی هێزەکانی حەشدی شەعبی لە عێراق.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا