ژمارەیەك پەرلەمانتار هاوپەیمانی هیوای كوردستانییان راگەیاند

ئەم بابەتە 179 جار بینراوە

پۆڵەتیك پرێس

ژمارەیەك پەرلەمانتاری كورد لە پەرلەمانی عێراق هاوپەیمانی هیوای كوردستانییان راگەیاندو ئاماژە بەوە دەكەن، بۆ بەرگریكردن لەمافە دەستورییەكانی خەڵك ئەو هاوپەیمانێتیەیان پێكهێناوە.

ئەو پەرلەمانتارانە كە لە ئەندامانی فراكسیۆنەكانی (گۆڕان، یەكگرتوو، كۆمەڵ، سەربەخۆ، ئایندە، دوو پەرلەمانتار)ی دیكە پێكهاتوون لە راگەیەنراوێكدا ئاماژە بەوە دەكەن، لەپێناو گەشەپێدان و بەهێزكردنی رۆڵی نوێنەرایەتییان و بەرپرسیارێتی سەرشانیان و بەرگریكردن لەمافە دەستورییەكانی خەڵك بەو كارە هەستاون.

دەشڵێن، “تێدەكۆشین بۆ بنیاتنانی پەیوەندییەكی تەندروست و پتەو لەنێوان حكومەتی فیدراڵ و حكومەتی هەرێم كە لەسەر بنەمای شەفافیەت و نەزاهە و دەستور و بەرپرسیارێتیی هاوبەش لەنێوان هەردوو حكومەتەكەدا، دەستەبەری مافەكانی گەلەكەمان و قوت و كەرامەتی بكات”.

ئەوەش دەخەنەڕوو، پێیانوایە نەبوونی حوكمڕانیەكی كامل و بەرژەوەندیی گەندەڵكاران و خۆدزینەوە لەبەرپرسیارێتی، هۆكاری گەیشتنی پەیوەندیی نێوان هەردوو لایە بەم رۆژە كە بۆتە هۆی برسیكردنی گەلی كورد.

جەخت لەوەش دەكەنەوە، كار بۆ گێڕانەوەی هیوا بۆ خەڵك دەكەن، “ئەم هاوپەیمانێتیەمان وەڵامدانەوەیەكی سروشتیە بۆ هیوا و چاوەڕوانیەكانی گەلەكەمان و ئەو گۆڕانكارییە سیاسیانەی لەبەردەمدان”.

پەخشی راستەوخۆی رادیۆ پۆلەتیک