پۆڵەتیك پرێس
بەمەبەستی لێكنزیكبوونەوەو تێگەشتنی نێوانیان، نوێنەرانی كورد لە پەرلەمانی لەچەند رۆژی داهاتودا لەگەڵ فراكسیۆنەكانی شیعەو سونە دەست بەگفتوگۆكانیان دەكەن تاوەكو پشكی هەرێم لە بودجەی گشتی عێراق تێپەڕێت.
شیروان میرزا ئەندامی پەرلەمانی عێراق بۆ پۆڵەتیك پرێس باسی لەوەكرد، ئەوەی تا ئێستا لایەنە شیعە و سونەكان هەڵوێستی نوێیان بە فەرمی دەرنەبڕیوە و ئێستا سوورن لەسەر ئەوەی پێویستە هەرێم نەوت رادەست بكات.
ئاماژەی بەوەشكرد، بێ رادەستكردنی نەوت ئەستەمە پشكی هەرێم تێپەڕنرێت.
شیروان میرزا وتیشی، “لە چەند رۆژی داهاتوو لە گەڵ فراكسیۆنەكانی پەرلەمان گفتوگۆ دەكەین و هەموو هەوڵێك دەدەین بۆ رێككەوتن لەگەڵیان”.
پرۆژە یاسای بودجەی گشتی عێراق بە زیاتر لە 160 ترلیۆن دینار خەمڵێنراوە، لەو رێژەیەش 71 ترلیۆن دینار كورتهێنانی هەیە، هاوكات پشكی هەرێم بەرێژەی 12.67% دیاریكراوە، لەبەرانبەریشدا پێویستە هەرێم رۆژانە 250 هەزار بەرمیل نەوت و نیوەی داهاتی نانەوتی رادەستی بەغدا بكات.