شەڕ و ناخۆشی بۆ؟

ئومێد محەمەد پیرۆت

کاتێک ململانێیەکان لەسەر بناغەی تەندروست و چێژ وەرگرتن و ڕێزگرتنی سەرکەوتن و شکستی بەرامبەر بوو، ئارەزوومەندەکانی تا سەرئێسقان ئەو وەرزشەیان خۆشدەوێت و ڕێز دەبێتە بناغەی هاوبەشی نێوانیان لەپێناو هێنانەدی هیوا و ئامانجەکانیان، ئارەزوومەندانی ئەم بوارەش دەست بەرداری گیانی بەرزی وەرزشکارانە نابن.

بەداخەوە هەندێک جار بۆ کوڕان گلەییمان لەیاریەکانی خولەکانی کوردستان دەکرد کاتێک شەڕ و ئاژاوەیەک دروست دەبوو، هەموومان دەستمان دەکرد بە ڕەخنەگرتن، تاوەکوو ئەم ڕەخنە و پێشنیارانە بوبونایە بەبەشێک لەچارەسەر و دیاردەکە بەرەو کەمی بچوایە، بەڵام ئێستا دەبینین خەریکە ئەم دیاردەی شەڕ و ئاژاوەیە دەگوازرێتەوە بۆ ناو کچان، ئەگەرچی لەیاریەکەی ئەفرۆدیت و دهۆکدا ناوبژیوانان و دەستەی سەرپەرشتیاران و زۆرینەی ئەندامانی هەردوو یانە ئاژاوەکەیان کپکردەوە و هەڵچونێکی کتوپڕ و کاردانەوەیەکی لەناکاو کاریگەری لەسەر ئەنجام و کەشی یاری دروست نەکرد، بەڵام ئەم دیاردەیە ئەگەر ڕێ لە تەشەنەسەندنی نەگیرێت، دەکرێت ببێتە سەرەتایەکی ترسناک بۆ بڵاوبوونەوەی شەڕ و ئاژاوەی ناو یاریگاکان لەخولەکانی کچانی کوردستاندا.

ئومێد دەکەین ئەمە دوا گرژی و ئاڵۆزی بووبێت نەک هەر لەیاریگاکانی کچان و خولەکاندا، بەڵکو ئەم دیاردەیە بەشێوەیەک بەرەو نەمان بچێت، هەموو خولەکان بەدوور بن لە هەر شەڕ و ململانێیەکی ناتەندروست و هەر هەڵچونێک کە ببێتە هۆی تێکدانی ئارامی نێو یاریگاکان.

ئەگەر خەتاکارەکان سزا بدرێن، بێگوومان سزادانەکە دەبێتە هۆکاری کەمبوونەوەی دیاردەی شەڕو ئاژاوە و لەلایەن یاریزانانی تیپەکانی تریشەوە ئەگەری چاو لێکردن و دووبارەبوونەوەی نابێت.

دەبێت بە پەیڕەوکردنی دادپەروەری و سزادانی کەسانی سەرەکی کێشەو گیروگرفتەکان ببینین و خەتاکاران سزای یاسایی خۆیان وەربگرن، بەبێ گوێدانە شوێن و پێگە و جێگەی یاریزانان و یانەکان.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا