نهێنییەکانی پشت مانەوەی سەربازانی کەنەدا لە عێراق

پۆڵەتیک پرێس: لاڤە واحید

لەدوای تێپەڕبوونی زیاتر لە شەش ساڵ بەسەر بڵاوەپێکردنی ژمارەیەک لە هێزە کەنەدییەکان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەمەبەستی بەشداریکردنیان لە شەڕی دژی داعش، هێشتا بە سەدان سەربازی کەنەدی لە ناوچەکەدا ماون، بەڵام لە ئێستادا کەنەدا لە چوارڕیانێکی جیاوازدا رووبەڕووی چەند پرسیارێک دەبێتەوە لەوانەش: چەند لەو سەربازانە لەدوای مانگی ئازاری داهاتوو دەمێننەوە؟ ئەگەر بمێننەوە بە چ مەبەستێک دەمێننەوە؟

لەوبارەیەوە، ماڵپەڕی کەنەدا پرێس لە راپۆرتێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، ئەم پرسیارە رووبەڕووی حکومەتی فیدڕاڵی و سەرکردە سەربازییە کەنەدییەکان و دیبلۆماتکار و کەسانی دیکەی کەنەدی دەبێتەوە، وەکچۆن تایبەتە بە بابەتی ئەو 500 سەربازە کەنەدییەی لە ژمارەیەک وڵاتدا بڵاوبوونەتەوە بەمەبەستی بەجێهێنانی ئەرکێکی سەربازی کە پێویستە لە 31ی مانگی ئازاری داهاتوو کۆتایی پێبێت، ژمارەیەکی زۆری ئەو سەربازانەش کە لە عێراق و کوەیتدا بوون ئامانجی سەرەکی مانەوەیان بەرەنگاربوونەوەی رێکخراوی داعش بووە.

کەنەدا رۆڵی هاوپەیمانێکی متمانەپێکراو دەبینێت لەگەڵ هاوپەیمانانی و وڵاتانی ناوچەکە

لەو راپۆرتەدا ئاماژە بەوەش کراوە، کۆتاییهاتنی ساڵی دارایی حکومەتی فیدڕاڵی بە مانای کۆتاییهاتنی ئەو پاڵپشتییە داراییەش دێت کە بەهاکەی 1.39 ملیار دۆلارە و بۆ ستراتیژی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست تەرخانکراوە و بودجەی تایبەت بە ئەرکە سەربازی و هاوکارییە دەرەکییەکانی ناوچەکەش لەخۆدەگرێت.

لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ماڵپەڕی کەنەدا پرێس، هارجیت ساجن وەزیری بەرگری کەنەدا رەتیکردەوە درێژکردنەوەی ماوەی ئەرکی سەربازی کەنەدییەکان دیاریبکات و جەختی لەوەکردەوە کەنەدا رۆڵی هاوپەیمانێکی متمانەپێکراو دەبینێت لەگەڵ هاوپەیمانانی و وڵاتانی ناوچەکە.

بەڵام ئەو وەزیرە جەختی لەوەش کردەوە، بڕیاری مانەوە یان رۆیشتنی سەربازانی کەنەدا کاتێک دەدرێت کە هیچ زیانێکی لێنەکەوێتەوە و وتیشی: ئەو دەستکەوتانەی ساڵانی رابردوو بەسەختی بەدەستمانهێنان، نابێت لەدەستیان بدەین بەتایبەتی لە عێراق.

ساجن باسی لەوەش کرد، چەند بڕیارێک دەردەکرێت لەبارەی دڵنیابوونەوە لەوەی ئایا عێراق دەتوانێت لەسەر پێی خۆی بوەستێت یاخود نا؟! ئایا لە توانایدایە رێگری بکات لە روودانی هێرشی هاوشێوەی هێرشەکانی چەند ساڵی رابردوو کە لەلایەن داعشەوە ئەنجامدران؟!

بڕیاری مانەوە یان رۆیشتنی سەربازانی کەنەدا کاتێک دەدرێت کە هیچ زیانێکی لێنەکەوێتەوە

لە مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی 2014، کاتێک هاوشانی هاوپەیمانانی نێودەوڵەتی بە سەرکردایەتی ئەمریکا، کەنەدا چەند هێزێکی سەربازی ناردە عێراق و سوریا بەمەبەستی رێگریکردن لە گواستنەوەی هێرشە تیرۆرستییەکان لەو ناوچانەوە بەرەو رۆژئاوا.

هێزە کەنەدییەکان بە دەیان سەربازیان لەخۆگرتبوو، جیا لەوەش، چەندین فڕۆکەی جەنگی و فڕۆکەی دیکەی کەنەدا هێنرانە ناوچەکە و بەشدار بوون لە سنووردارکردنی چالاکییەکانی رێکخراوی داعش، ساڵانی دواتر ئەم ئەرکەی کەنەدییەکان پەرەیسەند تا وای لێهات یەکەی هێزە تایبەتەکانی لەخۆگرت، لەمبارەیەوە سەرکردە سەربازییەکان باس لەوە دەکەن ئەم هێزانە یارمەتی عێراقییەکان دەدەن لە دەستبەسەرداگرتنی شانەکانی داعش بەڵام لە ساڵانی رابردووەوە سروشتی رۆڵی هێزە کەنەدییەکان تا رادەیەک بە ناڕوونی ماوەتەوە.

بەپێی رای زۆرێک لە شارەزایان و لەناویشیاندا تۆماس جۆنۆ شارەزای کاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە زانکۆی ئۆتاوا، راستە لە ئێستادا رێکخراوی داعش لاوازە و هێزی ساڵانی پێشووی نەماوە، بەڵام لە هەموو حاڵەتێکدا ئەگەر هەیە بۆ دووبارە بەهێزبوونەوەی ئەو رێکخراوە چەکدارییە.

لە ساڵانی رابردووەوە سروشتی رۆڵی هێزە کەنەدییەکان تا رادەیەک بە ناڕوونی ماوەتەوە

بەشێک لە شارەزایان رەخنەی ئەوە دەگرن کشانەوەی بەپەلەی سەربازیی ئەمریکا لە کانوونی یەکەمی ساڵی 2011، بووەهۆی دروستکردنی بۆشایی ئەمنی و رەخساندنی هەل بۆ رێکخراوی داعش و زیادبوونی دەستوەردانی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی لە کاروباری ناوخۆی عێراق.

لەلایەکی دیکەوە، بەسمە مومنی شارەزای کاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە زانکۆی واتەرلۆ رایگەیاند، بەهۆی ئەو بارودۆخە ناجێگیرەی عێراق و ناکۆکییەکانی ئەمریکا و ئێران لەو وڵاتە، حکومەتی ئۆتاوا بەشێک لە هێزە کەنەدییەکان لە عێراقدا دەهێڵێتەوە بەمەبەستی پاراستنی عێراق لە هەر هێرشێکی دیکە.

وتیشی: یەکێک لە گەورەترین بەرهەڵستییەکانی رووبەڕووی عێراق دەبێتەوە میلیشیاکانی سەر بە ئێرانە، مانەوەی هێزەکانی کەنەداش پەیوەستە بە هاوکاریکردن و پەرەپێدانی تواناکانی سوپای عێراق هەتا نەکەوێتە ژێر کۆنتڕۆڵی ئەو میلیشیایانەوە.

سەرباری ئەمریکییەکان، هاوینی رابردوو، کەنەداش ژمارەی هێزەکانی لە عێراق کەمکردەوە بەجۆرێک لە 800 سەربازەوە گەیاندییە 500 سەرباز.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا