پۆڵەتیک پرێس
بانکی نێودەوڵەتی پێشبینی دەکات کۆی بەرهەمی ناوخۆیی گشتی عێراق لە ساڵی 2022 بەرێژەی زیاتر لە %7 زیادبکات.
لە راپۆرتێکی بانکی نێودەوڵەتی باس لەوە کراوە، پێشبینی دەکرێت لە ساڵی 2021 بەرهەمی ناوخۆیی گشتی عێراق بەرێژەی %2 زیادبکات و ئەم رێژەیەش لە ساڵی 2022 بۆ %7 بەرزببێتەوە.
لە راپۆرتەکەدا ئەوەش هاتووە، ساڵی 2020 بەرهەمی ناوخۆیی گشتی عێراق بەرێژەی %9.5 کەمیکرد لەکاتێکدا ساڵی 2019 کۆی بەرهەمە ناوخۆییەکانی عێراق بەرێژەی %4.4 زیادیکرد.
بانکەکە پێشبینی ئەوەشی کرد، رەنگە لەمساڵدا چالاکی ئابووری نێوان وڵاتانی هەناردەکاری نەوت بەرێژەی %1.8 ببوژێتەوە ئەمەش لەدوای زیادبوونی داواکارییەکانی نەوت و کەمکردنەوەی رێوشوێنەکانی تایبەت بە ڤایرۆسی کۆرۆنا.
بانکی نێودەوڵەتی جەختی لەوە کردەوە، زیادبوونی چالاکییە ئابوورییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەوەستێتەسەر هێوربوونەوەی دۆخی کۆرۆنا و جێگیربوونی نرخی نەوت و رێگریکردن لە ناکۆکییە جیۆسیاسییەکان و دابەشکردنی ڤاکسینی کۆرۆنا لە نیوەی دووەمی ئەمساڵدا.