مەزهەبی چوارەمی زیرەك

حەسەن زیرەك لە هەموو كایەكانی ژیاندا داهێنانی كردووە، دەستی بۆ هەموو قەدەغەكراوەكان بردووە، ئەو شتەی كۆمەڵگەو دابونەریت قەدەغەو بڤەی دەكات حەسەن دەمی تێوەردەدات و ئەسپی خۆی تێدا تاو دەدات، حەسەن وەك هەموومان لە دوفاقی و نەبونی یەقینێكی تەواودا دەژیت، چۆن حەسەن و ئێمەش وانەبین، كە حەزرەتی ئیبراهیم و موساش گومانیان هەبوو، بە دوای یەقیندا دەگەڕان.

ئەوەتا ئیبراهیم لە نێو ئەو ئاگرەی بۆیان سازاندبوو دەلەرزی، جوبرائیلی فریشتە پێی وت: چییە دەترسیت؟ ئەی من فریشتەی خودا نیم و لەگەڵ تۆدام؟ ئەویش وتی: ئەترسم خودا بۆ چركەیەك منی بیر بچێت.

موسا بە خودای وت: خۆتم پیشان بدە، خوداش فەرموی تۆ گومانت هەیە من خوداتم؟ وتی: (ئەمەوێت یقینم هەبێت كە تۆ خودای منی) .

جارێك دەڵێت (ناسكی، تەسكی)، جارێكی تر دەڵێت (خودایە تۆبەو فكرم كردەوە، سەر لە بەیانی نوێژم كردەوە) ، جارێك دەڵێت: (دڵۆپێك شەراب كائینات دێنێ، بەزمی مەیخانە دڵ دەلەرزێنێت، ئەو دەستەسڕەی لێوی پێدەسڕی، قیمەتی ملیۆن بەرماڵ دەشكێنێ)، جارێكی تریش دەفەرموێ (بارەگاو تەكییەو خانەقاو كۆڕی زیكرو دەنگی دەف، جەلبی كردم بێ كەمەندو بێ هەدەف) .

مەترسیدارترین شتێك حەسەن قسەی تێدا كردبێت چوار ئاینە ئاسمانییەكەیە، حەسەن باوەڕ بە هەرچواریان دەهێنێت و بێ ئەوەی خۆی بزانێت ئەم ئایەتە جێبەجێدەكات (لا نفرق بین احد من رسولە)، لەوەش ئەولاوەتر هەرچواری تێكەڵاو دەكات و سوێندی پێدەخوات، پێڕەو (مەزهەب) لای زیرەك تەنیا تایبەت نییە بە ئاینی ئیسلام، ئاوێتە بونێك دەكات لە نێوان مەزهەب و ئاینەكاندا، ئاین بە مەزهەب دەزانێت و مەزهەبیش دەكات بە ئاین .

ئەوەتا زۆر حەكیمانە دەفەرموێت :
قەسەمت دەدەم تۆ حەزرەت عیسا
گەر موسوڵمانی جزیەی من بەسە
ئەگەر موسایت تو بی موسا
ئەگەر عیساییت تو بی تو عیسا
گەر موسوڵمانی توبی تو قورئان
ئەگەر سەیزادەی توو بی و چاوی جوان
بەو چوار مەزهەبە لاڵامۆ جە تۆ
كردمان تۆ ئیسلام ڕوحمی خێرت بۆم

ئەگەر یەكێك شارەزاییەكی زۆری لە ئاینی ئیسلامدا نەبێت، چۆن دەزانێت گەلانی غەیرە موسوڵمان ئەگەر بیانەوێت لەسەر ئاینی خۆیان بمێننەوە پێویستە ( جزیە ) بدەن بە دەوڵەتی ئیسلامی ؟ خۆ حەسەن نەخوێندەوار بوە ، پەروەردەی شارستانیەتی فارسەو زمانی عەرەبیشی نەزانیوە ، ئەوەتا بە ڕوحی پیرۆزی عیسا خۆشەویستەكەی سوێند دەدات ( قەسەمت دەدەم تۆ حەزرەت عیسا ، گەر موسوڵمانی جزیەی من بەسە ) ، واتە ئەگەر تۆ موسوڵمانی و باوەڕت بە حەزرەتی عیسا هەیە وەكو پەیامبەرێكی خودا ، ئەگەر من بە عیساییش دەزانیت ، بەسە ئیتر چەوساندنەوەی من و وەرگرتنی جزیە لێم ، بۆ هەردوكمان یەك خودا ناپەرستین ؟

حەسەن زانیویەتی ژیانی پێغەمبەرایەتی موسا لێوانلێو بوە لە دڵڕەقی و توندوتیژی و شەڕو كۆچ و ئاوارەیی و دەربەدەری ، سەرەتای لاوی موسا بە زللەیەك پیاوێك دەكوژێت ، دواتر جەنگی فیرعەون و كۆچ بەرەو ئیسرائیل ، بۆیە دەڵێت ئەگەر تۆ پەیڕەوی عیسای خۆشەویستی ناكەی و وەكو موسا دڵڕەقی ، سوێندت دەدەم تۆ موسا .

حەسەن دەگەڕێتەوە كۆمەڵگەی كوردەواری و پەنا دەباتەوە بەر ئەو پیرۆزیانەی خەڵكەكەی باوەڕی پێیەتی، جا ئەگەر خودی شێخ ، یان سەید ، یان پرچی درێژو شاڵی جوان و چاوی جوانی سەیزادەكانیش بێت(ئەگەر سەیزادەی تۆ بی و چاوی جوان ).

زیرەكی و بلیمەتی حەسەن دەگاتە ڕادەیەك گومان دەكات خۆشەویستەكەی لە دڵڕەقیدا هەڵگری هیچ ئاین و مەزهەبێك بێت ، بۆیە لە كۆتاییدا دەفەرموێت ( كردمان تۆ ئیسلام ڕەحمی خێرت بۆم ) ، واتە گریمان تۆ موسوڵمانی سۆزێكی پڕ لە خێر ، پڕ لە ماچ و خۆشەویستی ببەخشە بەم بەندەی خودایەی باوەڕی بە هەموو ئاین و مەزهەبێك هەیە .

سڵاو لە دەنگ و ڕەنگ و وشەو گۆرانیەكانت زیرەكی بلیمەت .

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا