ماكگۆرك لە كۆشكی سپی!

بایدن سەرۆكی هەڵبژێردراوی ئەمریكا، لەچوارچێوەی دانانی ستافی سەرۆكایەتیدا، برێت ماكگۆرك نێردەی تایبەتی سەرۆكی پێشووی ئەمریكا بۆ هاوپەیمانێتی جیهانی دژبە داعش دەباتە كۆشكی سپی و وەك ڕاوێژكاری كاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست یان بەرپرسی دۆسیەی ئەو ناوچەیە دەست بەكاردەبێت. ماكگۆركیش لە توێتێكدا ئاشكرای كرد، لەگەڵ سەرۆك بایدن لە كۆشكی سپی دەبێت بۆ پاراستنی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریكا كاردەكات.
هەر سەرۆكێكی هەڵبژێردراوی ئەمریكا دەسەڵاتی دانانی (4000) كەسی هەیە بۆ ستاف و تیمی سەرۆكایەتی، كە لەچەندین و دۆسیەی گرنگدا كاردەكەن، (1200) كەسیان پێویستی بە ڕەزامەندی یاخود پەسەنەكردنی كۆنگریسە.
كاتێ ماكگۆرك لە ئەركەكەی دەستی هەڵگرت، رۆژنامەنوسان هۆكارەكەیان لە ترامپ-یان پرسی، ووتی “مەكگۆرك كێە نایناسم!” ، ئەم وەڵامەی ترامپ یان بۆ بەئەنقەست ‌و بۆ بێ‌ بایەخكردنی بوو، یاخود نەخێر هەر بەڕاستی نەیدەناسی، نەك لەبەرئەوەی ماكگۆرك ناسراو نەبوو، بەڵكو ترامپ سیاسی نەبوو و ماكگۆرك و زۆر سیاسی تری نەدەناسی.
نەمانی ماكگۆرك لە چوارچێوەی رێككەوتنی بەرژەوەندیخوازانەی ترامپ و زاواكەی بوو لەگەڵ ئەردۆگان. بۆ زەمینەخۆشكردنیش بوو بۆ جێبەجێ كردنی پیلانەكەیان بۆ ڕادەستكردنی ڕۆژئاوا بە توركیا و ملیشیا توندڕەوەكانی هاوپەیمانی.
گەڕانەوەی ماكگۆرك بۆ ناو كاییەكە، لە پۆست و ئەركێكی بەرزتر، كە ئەمجارە سەرۆك نەك ئەیناسێ‌ بەڵكو نزیكن جێ متمانەیەتی. دۆسیەی سوریا و چارەسەركردنی كێشەكانی ئەو وڵاتە و پێگەی ڕۆژئاوای كوردستان لەناو هاوكێشەكە گرنگتر دەبێت.
لەماوەی چەند ساڵەی شەڕی تێكشكاندنی داعش دا، ماكگۆرك لەنزیكەوە بەرێككەوتنی لەگەڵ كورد هەبووە لەرووی سیاسی و سەربازییەوە. پەیوەندییەكی توندوتۆڵی لەگەڵ سەركردەكانی كورد هەیە، بەتایبەتی لاهوری شێخ جەنگی و بافڵ تاڵەبانی و د.بەرهەم ساڵەح، بەڵام پەیوەندی ساردوسڕیشی لەگەڵ هەندێكی تریان هەیە. بەدڵنیاییەوە بوونی ماكگۆرك بۆ باشوری كوردستان و پەیوەندی لەگەڵ بەغدا و چارەسەركردنی كێشەكانی نێوانیان كاریگەری دەبێت.
سەرباری بوونی دۆستەكانی كورد لە ئیدارەی ئەمجارەی ئەمریكا، بەڵام گرنگتر چۆنێتی سیاسەتكردن و مامەڵەكردنی خودی كوردە لەگەڵ هاوكێشەكاندا. هەتا خۆی رێكنەخاتەوە، چەند دۆستی هەبێت، سوودی لێوەرناگرێ‌.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا