پۆڵەتیك پرێس:
لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لەبارەی رەتكردنەوەی پرۆژەیاسایی بودجەی گشتی 2021ی عێراق هۆشداری دەدەن، كە لەئەگەری رەتكردنەوەی لایەنی كەم شەش مانگ پەسەندكردنی دوا دەكەوێت.
بڕیارە رۆژی شەممە 9ی كانوونی دووەم پەرلەمانی عێراق خوێندنەوەی یەكەم بۆ پرۆژە یاسای بودجەی گشتی ساڵی 2021 بكات و پشكی هەرێمیش بە 12.67% دیاریكراوە.
جەمال كۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی لەپەرلەمانی عێراق بۆ پۆڵەتیك پرێس وتی: لایەنە سیاسییەكان دژی تێپەڕاندنی بودجەن، لەئەگەری رەتكردنەوەشی بواری ئەوە دەدات بەلایەنی كەمەوە بۆ ماوەی شەش مانگ دوابكەوێت.
وتیشی: دواكەوتنی مەترسیدارە، چونكە بودجە پێویستی بە هەمواركردنەوە هەیە نەك دوابكەوێت، پێویستە بە وردی پشكنینی بۆ بكرێت.
بەهۆی ناكۆكی لایەنەكان لەسەر ناوەڕۆكی پرۆژەیاسای بودجەی عێراق، ئەگەری رەتكردنەوەی لەلایەن لیژنەی یاسایی پەرلەمان، یان خودی پەرلەمانی عێراق هەیە.
لای خۆیشییەوە شیروان میرزا، ئەندامی لیژنەی دارایی لەپەرلەمانی عێراق بۆ پۆڵەتیك پرێس جەختیكردەوە، لەئێستادا مەترسی رەتكردنەوەی پرۆژە بودجەكە نییە و چاوەڕوانین دەست بەخوێندنەوەی یەكەم بكرێت، بەڵام ئەگەر رەتبكرێتەوە، گومان لەوەدا نییە پرۆژەكە تێكدەچێتو كاتی زۆری دەوێت بۆ دووبارە داڕشتنەوەی.