دهۆك، پارێزگایه‌كی مه‌ترسیدار له‌ڕووی حاڵه‌ته‌كانی “خۆكوشتن”

پۆڵه‌تیك پرێس:
لەماوەی چەند رۆژی رابردودا ژمارەیەكی زۆر لە گەنجان لەسنوری پارێزگای دهۆك و ناو كەمپی ئاوارەكان كۆتاییان بەژیانی خۆیان هێناوە، بەوتەی ئەندامێكی پەرلەمانی كوردستان، ئاوارەی ناو كەمپەكان بەو ژیانە رانەهاتوون و گوزەرانیان خراپەو پێویستە بۆ شوێنی خۆیان بگەڕێنەوە.

دەربارەی رەوشی هاوڵاتیانی سنوری پارێزگای دهۆك و بادینان و ئاوارەی ناوكەمپەكان، هەڵز ئەحمەد، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان بە پۆڵەتیك پرێس-ی راگەیاند، زانیاری وردمان لەبەردەست نییە لەسەر ژیانی هاوڵاتیان و بەتایبەت بارودۆخی ئاوارەی ناو كەمپەكان بەڵام ئەوەی كەهەیە ژیانیان خراپە و توشی حاڵەتی دەرونی بوونەتەوە.

هه‌ڵز ئه‌حمه‌د ده‌شڵێت “چونكە كاری پەرلەمانتاری و بەدوواداچوون بۆ رووداوەكان لەسنوری بادینان سنوردار كراوە ئەگەر پەرلەمانتاران سەر بەدەسەڵات نەبن، ئه‌وا لایەنی دەسەڵات لەسنورەكە ڕێگه‌ناده‌ن لە كێشەو گرفت و رووداوەكان بكۆڵینەوە”.

وتیشی:” لەسنوری دهۆك جیاواز لە پارێزگاكانی تری هەرێم هیچ جۆرێكی پرۆتۆكۆڵی كاركردن بۆ پەرلەمانتار گرنگی پێنادرێت، لەبری نوسینگەی دهۆكی پەرلەمانی كوردستان لە ناو بارەگای لقدا بابەتەكان یەكلایی دەكرێتەوە”.

بەگویرەی ئامارەكان ژمارەیەكی بەرچاو لە گەنجانی ئاوارەی ناو كەمپەكان لەهەفتەی یەكەمی ئەمساڵدا كۆتاییان بەژیانی خۆیان هێناوە.

باسل بەرەكات عومەر، سەرپەرشتیاری كەمپی كەبەرتوو لەسنوری پارێزگای دهۆك بە پۆڵەتیك پرێس-ی راگەیاند، لە هەشت رۆژی رابردوودا (شەش) كەس لەناو كەمپەكانی سنوری دهۆك كۆتاییان بەژیانی خۆیان هێناوە.

وتیشی:”هۆكاری سەرەكی رووداوەكان بابەتی ده‌روونی ناوكەمپەكان و ئەو بارودۆخەیە كەلەماوەی رابردوودا بەسەر ئاوەرەكانی شەنگال و ناوچەكەدا هاتووە”.

بەوتەی سەرپەرشتیاری كەمپی كەبەرتوو، تا ئێستا هیچ كەس و لایەنێك سەردانی ناوچه‌كه‌ی نەكردووە تا لەكێشەی ئەو رێژە زۆرەی خۆكوشتنی ئاوارەكان بكۆڵنەوە، بەڵام هەڵز ئەحمەد ئاماژەی بەوەكرد، بەهیچ شێوەیەك ناهێڵدرێت جگە لەپەرلەمانتارانی پارتی هیچ كەسێك بچێتە ناوكەمپەكانەوە.

به‌گوێره‌ی ئامارێكی دیكه‌ تەنیا لە ماوەی هەشت رۆژی یەکەمی ساڵی نوێدا له‌سنوری دهۆك 11 کەس کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێناوە یان کوژراون.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا