پشكی شێر بۆ حەشدی شەعبییە!

لەگەرمەی شەڕی داعش و لەدەستدانی چەند پارێزگایەك لەژێر دەستی حكومەتدا، بەفەتوای مەرجەعییەتی باڵای شیعە و بەپلانی دەرەكی، سوپایەك لەگەنجانی شیعە مەزهەب بۆ پاڵپشتی حكومەت بەناوی(حەشدی شەعبی) پێكهێنرا، هەرزوو بەزۆرینەی پەرلەمانی خرانە ژێر سەقفی یاساوە و بە بەشێك لەسیستەمی بەرگری دەوڵەت ئەژماركرا و پڕچەك كران و ساڵانە لەبودجەی گشتی، بەشە بودجەی زەبەلاح و تایبەتیان بۆ جێگیر دەكرێت.

پێكهێنەرەكانی حەشدی شەعبی، هەمەچەشن و فرەڕەهەندن، زۆرینەی شیعە و ڕێژەیەكیش سوننە و بەداخەوە لەم ماوەی پێشودا هەندێ لەگەنجانی كوردیش بوونەتە حەشدی شەعبی.

عەسائیبی ئەهلی حەق و حزبوڵای عێراقی، لەهەرە توندڕەوەكانی ناو ئەم سوپا بێ دسپلینەن. زیاتر ئینتیمایان بۆ كۆماری ئیسلامی ئێرانە، نەك حكومەت و دەوڵەتی عێراق، بەئاشكرا لەژێر هەیمەنەو بڕیاری سەركردەكانی ئێراندان، بەتایبەتی سەركردەكانی سوپای قودس.

دەسەڵاتی ئەم ملیشیا چەكدارانە كاتێك زیاتر زاڵ بوو، كە لە ئەنجومەنی نوێنەرانەوە بەفەرمی ناسێنران. تا وای لێهاتووە هەركاتێك، بیانەوێت مەترسی درووست دەكەن لەسەر دەسەڵاتی حكومەتی عێراقی و هەڕەشە لەكاربەدەستان و دامودەزگاكانی حكومەت و نوێنەرایەتی وڵاتان بەگشتی و باڵوێزخانە وسوپای ئەمەریكی دەكەن و چەندینجار بە مووشەك و هاوەن و چەكی قورس هێرشیان كردوەتە سەر ئەمەریكییەكان.

كاتێك سەیری بودجەی گشتی عێراق دەكەین، دەبینین پارەی تەرخانكراو بۆ حەشدی شەعبی لەتەرخانكراوەكانی شەش وەزارەتی گرنگ و كەرتی ئابووری حكومەت زیاترە! ئیتر مەترسییەكە لەوەوە زیاتر دەبێت.

ژمارەی چەكدارانی حەشدی شەعبی نزیك بە (60)هەزار چەكدارە، بەڵام سەركردەكانیان، مانگانە مووچەی (150)هەزار چەكدار وەردەگرن! بەگوێرەی داتا وزانیارییەكان سەركردەكانی حەشد مانگانە لەڕێگای ناوی وەهمی و بندیوارەوە نزیكەی(90) ملیار دینار لەبودجەی گشتی دەكێشنەوە!

شایانی باسە، بڕی (2.4) ترلیۆن دینار، پشكی چەكدارانی حەشدی شەعبییە لە بودجەی پێشنیاركراوی ئەنجومەنی وەزیران بۆ ساڵی دارایی (2021) لە پشكی وەزارەتی پەروەردە زیاترە.

لەماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا و بەتایبەت لە(2020) چەندین حاڵەتی كوشتن و ڕفاندنی چالاكوانان لەبەغدادی پایتەخت و شارەكانی تری باشوور و ناوەڕاست، كاری نهێنی و هەندێ جار ئاشكرای ئەم تاقم و ملیشیایانەن، بەتایبەت لەكاتی خۆپیشاندانەكاندا، ئەمە سەرەڕای وەرگرتنی سەرانە و باج لەكاسبكاران و بازرگانان.

بودجەی گشتی پێشنیاركراوی ساڵی دارایی(2021) بە (164) ترلیۆن دینار خەمڵێنراوە وبڕی(58) ترلیۆن دینار كورتهێنان، واتە یەك لەسەر سێی بودجەی گشتی بەكورتهێنان پڕدەكرێتەوە! بێگومان ئەمەش مەترسی یە بۆ سەر ئابووری و دارایی عێراق، لەكاتێكدا بەهای دینار كەمكراوەتەوە بەرانبەر بەدۆلار و كەرتە ئابووری و خزمەتگوزارییەكانی حكومەت لەوپەڕی ئیفلیج بووندان.

حەشدی شەعبی بەپارەی حكومەت و بەپاڵپشتی سیاسییە دەستڕۆیشتوەكانی شیعەی عێراق، لەهەر كات و ساتێكدا بیانەوێ رژێمە سیاسییەكەی عێراق كۆتایی پێدەهێنن.

كاتێك، سەیری هەڵسوكەوتی ئەم چەكدارانە دەكەین، هیچ ئومێد و هیوایەك بۆ ئایندەی سەقامگیری سیاسی، ئابووری و كۆمەڵایەتی بۆعێراق بەدی ناكرێت.

بەداخەوە ساڵی داهاتوو لەڕوانگەی پرنسیپە ئابوورییەكانەوە، ساڵێكی خواستراو نابێت و ناتوانرێت هیچ لە باروودۆخی ئابووری عێراق بگۆڕێت، بگرە دەردە كۆمەڵایەتی و ئابوورییەكانی وەك بێكاری و هەژاری و هەڵاوسان زیاتر دەبن.

سەركۆ یونس

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا