بێستوون سابوراوایی: سنووری سلێمانی بە مەبەست هەژاركراوە

پۆڵەتیك پرێس

لە میانەی بەشداری كردنی لە بەرنامەی هەگبەی پۆڵەتیك لە رادیۆی پۆڵەتیك، بێستوون سابوراوایی دكتۆرای ئابوری رایگەیاند: سنوری پارێزگای سلێمانی “بەگشتی ئەوەی پێی دەوترێت زۆنی ژێر دەسەڵاتی یەكێتی” ناوچەیەكە بەمەبەست هەژاركراوە و كاروبارەكانی ئەم سنورە لە هەولێر بەڕێناكرێت.

وتیشی، “پاڵنەری سەرەكی بۆ ئەوەی یەكێتی داوای لامەركەزی بكات ئەوەیە گەندەڵی هەیە، خەڵك برسییە، یان راستتر بڵێین خەڵك برسی كراوە، هەموو ئەو داهاتەی هەیە بەوەی ژێر دەسەڵاتی یەكێتیشەوە هەمووی دەڕواتەوە هەولێر و پارتی مامەڵەی پێوە دەكات، بۆیە بڕیاردەر لە هەموو داهاتەكان پارتی و سیاسەتی پارتییە، ئەویش بە مەبەست خەڵكی برسی كردووە”.

پۆڵەتیك پرێس:لامەركەزیەت تاچەندە بۆ ئەمڕۆی كوردستان گرنگە؟

بێستوون سابوراوایی: یەكێك لە بابەتە گرنگەكانی ئەمڕۆی شانۆی سیاسی لە هەرێمی كوردستان پرسی لامەركەزیەتە، بەپێی تایبەتمەندی ئەو شوێنەی داوای دەكات دەكرێت پێناسەی لامەركەزیەت بكرێت، چونكە لامەركەزیەت لاستیكییە بۆیە دەتوانی بە ویستی خۆت پێناسەی بكەیت و دەستكاری بكەیت، بۆیە ئەگەر لەهەرێمی كوردستان چوارچێوەیەك بۆ لامەركەزیەت دابنێین بریتیە لە گواستنەوە یان دابەشكردنی دەسەڵاتەكان لە هەولێرەوە بۆ پارێزگاكانی دیكەی هەرێم، لەلایەكی دیكە ئێمە مامەڵە لەگەڵ واقعی سیاسی دەكەین، هەرێمی كوردستان دوو بەشە و مۆركی دوو ئیدارەییە كۆنەكە هەرماوە، دەبینین لە رۆژهەڵاتی هێڵی دێگەڵە یەكێتی بەڕێوەی دەبات، لە رۆژئاوای هێڵی دێگەڵە پارتی بەڕێوەی دەبات، لەكاتی لێكدانەوە بۆ لامەركەزیەت دەبێت ئەوە دەستنیشان بكرێت چ دەسەڵاتێك دەگوازرێتەوە وە لامەركەزیەت تەنها بۆ پارێزگاكان بێت یان بۆ سنوری ژێر دەسەڵاتی یەكێتی و پارتی دەمانەوێت، بەڵام ئەوەی یەكێتی داوای دەكات زیاتر بۆ زۆنی ژێر دەسەڵاتی خۆی داوای دەكات دواتر بۆ هەموو كوردستان داوای دەكات، ئەوەی وای كردووە كە یەكێتی پێداگری بكات لە پرسی لامەركەزی بۆ ئەم زۆنە هۆكارەكەی ئەوەیە سنوری زۆنی ژێر دەسەڵاتی یەكێتی بە ئەنقەست هەژاركراوە، بە ئەنقەستیش كاروبارەكانی ئەم سنورە لە هەولێر بەڕێناكرێت لە ناوەند كە مەبەستمان لە هەولێرە، كێشەی زۆر گەورە بۆ وەبەرهێنان دروست دەكرێت، واژۆی نووسراوو كاروبارەكانی هاووڵاتیان و بڕیارە گرنگەكان هەمووی پێویست دەكات بچێتەوە بۆ هەولێر، لە هەمان كاتیشدا هەموو داهاتەكانی ئەم سنورە بەپێی داخوازییەكانی هەولێر رێكدەخرێت و دابەش دەكرێت، لەبەرئەوە پێم وایە كێشەكە لە ناوچەی ژێردەسەڵاتی یەكێتی نەبوونی دەسەڵاتی كارگێڕییە بە پلەی سەرەكی.

پۆڵەتیك پرێس: لە ئێستادا تا چەندە زەمینە لەبارە بۆ لامەركەزیەت لە هەرێمی كوردستان؟

بێستوون سابوراوایی: لەباربوونی زەمینە پەیوەستە بەو حزبانەی حكومەتیان پێكهێناوە لە هەرێمی كوردستان، ئەو زەمینەیە ئەبێت ئەوان دروستی بكەن.

پۆڵەتیك پرێس: پێت وایە حزبەكانی ناو حكومەت ئەو زەمینەیان دروستكردووە، هەروەك بەشێك لە كارنامەی كابینەی نۆ بابەتی لامەركەزیەت و شۆڕكردنەوەی دەسەڵاتەكانە بۆ خوارەوە؟

بێستوون سابوراوایی: لە بەرنامەی كابینەی نۆی حكومەتدا بەتایبەتی ئاماژە بە لامەركەزی كارگێڕی كراوە، بەڵام بەهیچ جۆرێك بەلایدا نەچووە و كاری لەسەرنەكردووە، بگرە ئەو هەناسەیەش كە هەبووە لە ڕووی كارگێڕییەوە لە ناوچەكاندا ئەوەشیان بەرتەسك كردووەتەوە و بینا قاقایان گرتووە، دەبێت كارلەسەر ئەوەبكەین ئەو لامەركەزیەی لە بەرنامەی كابینەی نۆی حكومەتدا هەیە، دووبارە پێداچوونەوەی بۆبكرێت، پێم وایە یەكێتی نیشتمانی كارێكی وای كردووە، پەیڕەوێكی بۆئەوە پێشكەشكردووە و لەگەڵ لایەنەكانی ناوحكومەتدا باسی كردووە، كە چۆن تەرجەمەبكرێتەوە ئەو لامەركەزیەتەی باسكراوە لە كارنامەی حكومەتی هەرێمدا، سیماكانی دیاری بكرێت، چی دەگرێتەوە؟ كوێ‌ دەگرێتەوە؟ بە دڵنیایی لێرە كە مەبەستمان سنوری ژێر دەسەڵاتی یەكێتییە، بیروڕای خەڵكێكی زۆر وەرگیراوە و گفتوگۆی لەبارەوە كراوە، ئاگاداری ئەوەم لە كۆبوونەوەی ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتیش گفتوگۆی ئەو بابەتە كراوە، سیماكانی و هێڵەكانی و ماناكانی دیاری كراون، چی دەگرێتەوە و چی ناگرێتەوە، بەڵام لەگەڵ ئەمانەدا پارتی كە خۆیان رەزامەندییان لەسەرداوە و پەسەندیانكردووە، ئایا بە چ شێوازێك ئەوان لێكی دەدەنەوە، ئەوەی من بیزانم لێكدانەوەی پارتی بۆ لامەركەزیەت زۆرجیاوازە لەوەی یەكێتی و شارەزاكانی ئەو بوارە لێكدانەوەی بۆ دەكەن، پارتی لەگەڵ لامەركەزیەتیەكی كارگێڕی كەم سنوردان بۆ ناوچەكان و بیروڕاشیان وایە ئەم لامەركەزیەتە لە پارێزگاكان و قەزاكان و تەنانەت ناحیەكانیش بوونی هەیە، وەكو وتم پێناسەكان بۆ لامەركەزی جیاوازیان هەیە لامەركەزی رێگە پێدراوبێت یان لامەركەزی داواكراوبێت، ئەوەی دووەمیان ئەوەیە كە ئێستا یەكێتی داوای دەكات، لامەركەزی رێگەپێدراویش ئەوەیە حكومەتی هەرێم رێگەی پێبدات كە ئێستا پارتی دەسەڵاتدارە ئەو چۆن رێگەی پێدەدات، یەكێتی كەوتووەتە هەڵوێستی داواكارەوە لەبری ئەوەی لە هەڵوێستی بڕیاردەرەوە بڕیاربدات.

پۆڵەتیك پرێس: دەوترێت ئەگەر پرسی لامەركەزیەت لە هەرێم بچێتە پێشەوە و هەنگاوی بۆبنرێت كارێكی زۆر باش دەبێت بۆئەوەی چیتر هێندە چاوەڕێی حكومەتی عێراق نەكەین و خۆمان بتوانین بەشێك لە كێشە و قەیرانەكان چارەسەربكەین، رای ئێوە لەمبارەیەوە چییە؟

بێستوون سابوراوایی: پارتی بێجگە لە فشاری یەكێتی و جەماوەری كوردستان فشارێكی دیكەشی لەسەرە، پارتی ئەگەر وەكو ریفراندۆمەكە بكات و بەشێوەی بەرازەڕۆیی بكات و ئاوڕنەداتەوە بۆ ئەملاو لا پارتی تووشی كێشەیەكی دیكە دەبێتەوە، بۆیە پێشبینی دەكرێت پارتی بێتەناو گفتوگۆیەكی باشی بایەتی لەسەر ئەم پرسە، ئەگەر هاتوو پارتی ئامادەیی تێدانەبوو بارودۆخی خەڵكی كوردستان زۆرخراپتردەبێت، هەموولا ئەوە دەزانین پاڵنەری یەكێتی بۆپرسی لامەركەزی ئەوەیە گەندەڵی هەیە خەڵك برسییە یان راستتر وایە بڵێن برسی كراوە، هەموو ئەو داهاتانەی لە هەرێمی كوردستان هەیە بەوانەی ژێردەسەڵاتی یەكێتیشەوە دەڕۆنەوە ژێر دەسەڵاتی پارتی و ئەو مامەڵەیان لەگەڵ دەكات، چونكە یان نابێت حكومەتی یەكگرتووت هەبێت یان كە حكومەتی یەكگرتووت هەبوو هەموو داهاتەكان و بڕیارەكان دەچنەوە لای ئەو.

پۆڵەتیك پرێس: تا چەندە گەشبینی بە جێبەجێكردنی پرسی لامەركەزی؟

بێستوون سابوراوایی: دەتوانم بڵێم بە نزیكەیی 55% گەشبینم، رەش بینیشم بۆئەوە دەگەڕێتەوە بارودۆخەكە لە عێراقیش روون نیە، ئەگەر لە دۆخێكدا لەگەڵ عێراق چیمان پێدەكرێت مەبەستم بۆ ئەم دەڤەرەی ژێر دەسەڵاتی یەكێتییە، بەڵام ئەوەی هەیە یەكێتی بە تواناكانی خۆی و پەنابردن بۆ فشاری دەرەكی، فشار بخاتە سەرپارتی بۆئەوەی چارەسەری كێشەكان بكات.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا