پەرلەمانی عێراق خوێندنەوەی یەكەم بۆ پرۆژە یاسای بودجە دەكات

پۆڵەتیك پرێس

بڕیارە رۆژی شەمە نۆی كانوونی دووەم، پەرلەمانی عێراق كۆبێتەوەو خوێندنەوەی یەكەم بۆ پرۆژە یاسای بودجەی گشتی ساڵی 2021 عێراق بكات.

 

دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانی عێراق لەراگەیەنراوێكدا بڵاویكردەوە، كاتژمێر 5:00ـی ئێوارەی رۆژی شەممە (9ـی كانونی دوەم) كۆبونەوەی پەرلەمان بەمەبەستی خوێندنەوەی یەكەم بۆ پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2021ی عێراق دەستپێدەكات.

پێشتریش شیروان میرزا ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق بە پۆڵەتیك پرێسی راگەیاندبوو، رۆژی شەمەی داهاتوو پەرلەمان لەبارەی بودجەی گشتییەوە كۆدەبێتەوە.

چاوەڕوان دەكرێت دوای خوێندنەوەی یەكەم پرۆژە یاساكە رادەستی لیژنەی دارایی بكرێت و دواتر كار بۆ خوێندنەوەی دووەم و پەسەندكردنی بكرێت.

پڕۆژەیاسای بودجەی 2021ی عێراق بە زیاتر لە 150 ترلیۆن دینار دیاریكراوە، هاوكات 71 ترلیۆن كورتهێنانی هەیە.

هەرچەندە حكومەتی عێراق دەیەوێت بەخێرایی پرۆژە یاساكە لە پەرلەمان تێپەڕنرێت، بەڵام بەوتەی بەشێك لە پەرلەمانتاران، بابەتی بەرزكردنەوەی بەهای دۆلارو پشكی هەرێم و دانانی باج لەسەر مووچەی فەرمانبەران كۆسپی گەورە دەبن لەبەردەم تێپەڕاندنی بودجەدا، سەرۆكی پەرلەمانیش داوا دەكات رێككەوتنی سیاسی بۆ تێپەڕاندنی پرۆژە یاساكە بكرێت.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا