لە ئەمریكا چی ڕوویدا؟

دوێنێ كاپیتۆڵ هۆڵ، كۆنگریسی ئەمریكی، جێگای سەرنجی دونیا بوو. پرۆسەی گواستنەوەی دەسەڵات لە ئەمریكا لە چەندین دەیە و بگرە سەدەی ڕابوردودا هەرگیز مایەی سەرنج نەبوە، بەڵام دوێنێ دەستاودەستكردنی دەسەڵات، یەكێك لە بنەما سەرەكیەكانی دیموكراسی توشی قەیران بوو.

ئاپۆڕەكە خەڵكێكی تایبەت بوون. هەموو سپی پێست و هەڵگری سیمبول و دروشمی تایبەت. كۆمێنتارە ئەمریكیەكان نەیاندەزانی چۆن ناویان بنێن، چۆن بیانناسێنن. هەم روداوەكە و هەم ئەنجامدەرانی لە ڕوی ناونانەوە مایەی كێشە بوو. ئایا ئەوەی ڕویدەدا كودەتا بوو، یان ناڕەزایی دەربڕین. كارێكی تیرۆریستی بوو، یان سیاسی؟؟ دەیڤید فرۆم كۆمێنتاری ناسراوی كۆمارییەكان وشەی پۆتچی ئەڵمانی بەكاردەهێنا. دیارە زمانی ئینگلیزی خۆی وشەی نیە بۆ كودەتا، كودەتا فەرەنسییە و پوتچ ئەڵمانییە، بەڵام هەردوكیان بەكاردێن. كودەتا ئاماژەیە بۆ كارێكی ڕێكخرا، پوتچ هەتا ئاستێكی زۆر ڕێكنەخراوە. ئایا ئەوەی ڕویدا ڕێكخراوبوو، یان ڕێكنەخراو؟ بێگومان بە هەموو شێوەیەك ڕێكخراو دیاربوو. ڕەنگە ئەوە گەردەلولەكە بێت كە ترەمپ باسی دەكرد.

ئایا كرۆكی مەسەلەكە چیە؟
ئەگەر گوێ لە وتارەكەی ترەمپ بگریت زۆر شتت بۆ ڕون دەبێتەوە. ترەمپ دژ بە ناڕازییان نەبوو. پەیامی خۆشەویستی بۆ ناردن. بە پێی هەندێك سەرچاوە، تەنانەت ئامادەنەبوو ئەو قسانەش بكات، بەڵام بە فشار، خەڵكانی دەروبەری پێیان كرد. ترەمپ باسی ئەوە دەكات كە وڵاتەكەیان لێدزراوە.

ئەمە یەكێك بوو لە هاوارەكانی ناڕازییان، ئەو دزییە بوەستێنە. ئەوە چیە دەدزرێت؟ دزی یانی بردنێكی نا شەرعی بە زۆر یان بە فێڵ. ئەمریكایەك هەیە كە بەرەو كۆتایی دەچێت. ئەمریكای سپی پێست و ئەنگلۆساكسۆن و پرۆتسانت. ئەم ئەمریكایە خاوەنی ئەمریكا بوە لە دۆزینەوەی ئەمریكاوە هەتا ئەمڕۆ. ئەمڕۆ نایەوێت دەستبەرداری بێت. بۆیە هەست دەكات دزی لێدەكرێت.

دیموكراسی ئەمریكی هەر لە سەرەتاوە قەیرانی یونانی هەبوو. قەیرانی یونانی بە مانای ئەوەی كە دیمو، كە یانی خەڵك مەبەست لێی هەموو خەڵكانی ئەمریكا نەبوو، بەڵكو توێژێكی تایبەت بوو. ووردە ووردە ئەم توێژە تایبەتە بە ناچاریی و بە پێویستی بە سەر توێژەكانی تری كۆمەڵگادا كرایەوە، وەك خەڵكی ڕەش پێست، ئافرەت. بەلام ئەم كردنەوەیە بەو مانایە نەبوو، كە ئەوان خاوەن دەسەڵاتی ڕاستەقینەبن. بەڵكو ببنە بەشێك لە سیستەمێكی داڕێژراو. بەڵام ئێستا لە زۆر ڕوەوە ئەم وەرچەرخانە ڕودەدات، لە ڕوی دیموگرافی، جوگرافی، كۆمەڵایەتی. وەك زۆری شوێنی تری دونیا خەڵكی ئەمریكا بە زۆری دەبنە خەڵكی شارنشین. خەڵكی شار خاوەن ئیپۆسێكی جودایە لە خەڵكی گوند و شارۆچكەكان. ئەم بەریەككەوتنە لە كۆمەڵگای كوردیشدا ڕودەدات.

ئەم ئەمریكایە كە وردە وردە لە ئاوابوندایە، لە لایەن چەندین گروپ و ڕێكخراو و میلیشیاوە، داكۆكی لێدەكرێت. سیمبول و خیتابی ئەمانە دەگەرێتەوە بۆ سەردەمی شەڕی ناوخۆی ئەمریكی.

ئەم خەڵكانە ئەمڕۆ هەست دەكەن نەك لە روی سیاسییەوە، بەڵكو لە ڕوی ئابوری و كۆمەڵایەتی و ئەخلاقیشەوە ئەمریكایەك سەرهەڵئەدات كە لە گەڵ ئەواندا ناگونجێت. ترەمپ بە هیچ شێوەیەك سەر بەم خەڵكانە نیە. ترەمپ كەسێكی سێكویلاری، شاری، نمایشكارە. زۆربەی تەمەنی دیموكرات بوە و خەڵكی نیویوركە. بۆ زۆرینەی خەڵكی ئەمریكا نیویورك ئەمریكا نیە.

بەڵام توانی ببێت بە نوێنەریان.
دیارە هەموو پشتیوانانی تەرمپ لەمانە نین، خەڵكی تریش بە هۆكاری لۆكاڵی و تایبەت دەنگ بە ترەمپ دەدات. بەڵام ئامادەنیە بێت بۆ واشنتۆن بۆ توندوتیژی. دەنگدەری ئایدەلۆژی جودایە لە دەنگدەری دیموكراسی.

لە نێو نوخبەی سیاسی ئەمریكیدا ترەمپ دۆستی كەمە. بەڵام لە بەر ئەوەی جەماوەری هەیە، ئەوانەی، بە تایبەتی لە كۆمارییەكان، كە بە نیازی سودبینین بوون لە جەماوەری ترەمپ، پشتیوانی بوون. هەندێكیش هەبوو لە تویتەكانی دەترسا. بەڵام دوێنێ ئەم هاوپەیمانییە فەیكە كۆتایی هات. مایك پێنس پشتیوانی ترەمپ نەبوو. پێنس نوێنەری توێژێكی تایبەتی ئەمریكایە، كە بە ئیڤانجیلیكە مەیسحییەكان ناسراون. هەروەها لیندسی گراهام پشتی تێكرد.

زۆرینەی ئەوانەی كە پشتیوانی ترەمپن لە كۆمارییەكان ئەوانەن كە بە نیازی خۆ پاڵاوتنن بۆ سەرۆكایەتی لە چوار ساڵی داهاتودا یان خۆ كاندیدكردنەوە بۆ كۆنگریس. وەك زۆر شوێنی تری دونیا بەشێكی زۆری كاری پەرلەمانی نمایش و شۆیە.

لە نێو كۆمێنتارە ئەمریكییەكان حەپەسانێك هەبوو. كە بە ڕاستی بۆ هەر چاودێرێكی ئەمریكی ئەوەی ڕویدا مایەی حەپەسان نەبوو. ناسیونالیزمی ئەمریكی، لە هەموو ساتێكی تری بەهێزترە. ئەم ناسیونالیزمە، توێژی جیاوازی هەیە. لە دەیەی داهاتودا كاتێك ئەمریكا لە ڕوبەڕوبونەوەدایە لە گەڵ زلهێزێكی تری وەك چین، ئەم ناسیونالیزمە دەبێەت بەشێك لە سیاسەتی نێودەوڵەتی. لە ماوەی داهاتودا، بە خوێندنەوەیەك بۆ هەردوو بیرمەندی گەورەی ئەمریكی، جۆن ئیكیبێری و جۆن مێرشمایەر، زیاتری باس لە ڕەهەندی فیكری ئەم پرسە دەكەم.

ڕیتچارد هاس نوسیبوی كە سەردەمی ئەمریكی كۆتایی هات. ڕستەیەكی ئاوس بە مانا و دڵتەنگی. بەڵام چاوەڕواننەكردنی ئەوەی ڕویدا لە ئەمریكا، جۆرێكە لە غرور و بە تایبەت وەرگرتنی ئەمریكا، ئەوەی پێی دەوترێت ئیكسێپشنالیزم.

ئەمریكا دوێنی لە بڕی ئەوەی مایەی سەرنج و لاسایی بێت مایەی نوكتەبوو. تەنانەت كەسێكی وەك مێركڵ كە بە هیچ شێوەیەك لە نوكتەباز ناچێت، نوكتەی كرد. مێركڵ لە ماوەی داهاتودا كۆتایی بە ژیانی سیاسی دەهێنێت. لە توێتێكدا نوسیبوی دەستەبەرداربونی من لە سیاسەت زۆر بێتام یان مومل دەبێت، boring.

بەڵام ئەوەی لە ئەمریكا ڕویدا تەنها دیاردەیەكی ئەمریكی نیە. فاشیزیمی نوێ لە ئەڵمانیا زۆر بەهێز و ڕێكخراوە. سەرۆكی فەرەنسی باوەڕی خۆی بۆ دیموكراسی دوپاتكردەوە، بەڵام فەرەنسا قەیرانەكەی لە ئەمریكا قوڵترە. چەندین ساڵە فاشیزم یەكێكە لە ڕكەبەرە سەرسەختەكانی دەسەڵاتی فەرەنسی و بەردەوام لە لوتكەدایە.

لە كاتێكدا خەڵك بە ئەمریكا پێدەكەنین لە هەمانكاتدا خۆیانیان بیردەكەوتەوە. ئەوەی مەتریدارە ئەوەی لە ئەمریكا دەبێت هەرزوو دەبێتە مایەی لاساییكردنەوە لە جێگاكانی تر.

بەڵام دیموكراسی توشی قەیران دەبێت، دەسەڵاتەكانی تر توشی داڕمان دەبن.

سەردار عەزیز

پەخشی راستەوخۆی رادیۆ پۆلەتیک