پۆڵەتیك پرێس
جێگری سەرۆكی ئەمریكا رایگەیاند، دەسەڵاتی رەتكردنەوەی ئەنجامی هەڵبژاردنەكانی نییەو هەر شەڕێك لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردن هەبێت ئەوا دەبوایە لەكاتی پرۆسەكەدا بكرایە.
مایك پێنس جێگری دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا كە سەرۆكایەتیكردنی بەڕێوەچوونی دانیشتنی كۆنگرێسی ئەمریكا دەكات بۆ پەسەندكردنی ئەنجامەكانی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی رایگەیاند، دەسەڵاتی رەتكردنەوەی ئەنجامی هەڵبژاردنەكانی نییە.
بەگوێرەی دەستوری ئەمریكا، جێگری سەرۆكی وڵات لە یەككاتدا، سەرۆكی ئەنجومەنی پیرانی وڵاتەكەشە.
بەوهۆیەشەوە دۆناڵد ترەمپ وەك دواین هەوڵی خۆی داوای لە مایك پێنس كرد لەكۆبوەنەوەكەی ئەنجومەنی پیراندا ئەنجامەكان رەتبكاتەوە.
وتیشی، “هەرگیز تەنازول ناكەین و ئەگەر پێنس كارە راستەكە بكات، ئەوا هەڵبژاردن دەبەینەوە”.
ئەوەش لەكاتێكدایە، پێشتریش ترەمپ داوای لەلایەنگرانی كرد دژی ئەنجامەكانی هەڵبژاردن بڕژێنە سەر شەقامەكان، ئەو داوایەش ترسی لای كاربەدەستانی ئەمریكی دروستكردووە بەوەی خۆپیشاندانەكان توندوتیژی بەخۆیانەوە ببینن.