هەفتەی داهاتوو پەرلەمان خوێندنەوەی یەكەم بۆ بودجە دەكات

پۆڵەتیك پرێس

بڕیارە رۆژی شەمە 9ی كانوونی دووەم، پەرلەمانی عێراق خوێندنەوەی یەكەم بۆ پرۆژە یاسای بودجەی گشتی ساڵی 2021 ی عێراق بكات.

شیروان میرزا ئەندامی لیژنەی دارایی لەپەرلەمانی عێراق بەپۆڵەتیك پرێسی راگەیاند، لەگەڵ ئەوەی ئەندامانی پەرلەمان بەرنامەی كاریان پێنەگەشتووە، بەڵام سەرەتای هەفتەی داهاتوو پەرلەمان لەسەر پەسەندكردنی پڕۆژە یاسای بودجە كۆدەبێتەوە.

ئاماژەی بەوەشكرد، دوای خوێندنەوەی یەكەم پڕۆژە یاساكە ئاڕاستەی لیژنەی دارایی و لیژنە پەیوەندیدارەكان دەكرێت دواتر رێكارەكانی تایبەت بەپرسی بودجەی عێراق دەست پێدەكات.

هاوكات تا ئێستا فراكسیۆنەكانی شییعە و سونە هەڵوێستیان روون نییە بۆدەنگدان لەسەر ئەو بەشەی وەك پشكی كورد لەپرۆژە یاسای بودجەی عێراق دیاریكراوە، پەرلەمانتارانی كوردیش بەگرنگی دەزانن هەرێم و بەغدا رێككەوتنی سیاسی بكەن تاوەكو پشكی هەرێم تێپەڕێنرێت.

ماوەی چەند رۆژێكە حكومەتی عێراق پرۆژە یاسای بودجەی رەوانەی پەرلەمانی عێراق كرد، بەوهۆیەشەوە پەرلەمان پشووی زستانەی هەڵوەشاندەوە تاوەكو لەماوەی مانگێكدا رێكارەكانی پەسەندكردنی پرۆژە یاساكە تەواو بكات.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا