ئەو رۆژەی ئێران بۆ تۆڵەسەندنەوە لە ئەمریکا هەڵیبژاردووە

پۆڵەتیک پرێس: لاڤە واحید

توێژەرێکی ئیسرائیلی مەزەندەی ئەوە دەکات وەڵامی ئێران بۆ کوژرانی قاسم سولەیمانی فەرماندەی پێشووی فەیلەقی قودس لە 19ی کانوونی دووەمی 2021 بەڕێوەدەچێت، ئەوەش بە واتای رۆژێک پێش چوونەدەرەوەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا لە کۆشکی سپی، ئەو توێژەرە باس لەوە دەکات، ئێرانییەکان لەو سوکایەتییە خۆش نابن کە پێیانکراوە.

لە بڵاوکراوەیەکدا لەژێر ناونیشانی “ئەمریکا و ئیسرائیل خۆیان بۆ تۆڵەی ئێران ئامادە دەکەن” مۆردخای کیدەر، وانەبێژ لە زانکۆی “بار ئیلان” و توێژەر لە بنکەی “بیگن سادات” بۆ توێژینەوەی ستراتیژی، باس لەوە دەکات، لە 19ی کانوونی دووەمی 2021 دڵەڕاوکێکان دەگەنە لوتکە، رەنگە دۆناڵد ترەمپ لەسەر تەختی شانۆی رووداوەکان و تەنانەت مێژووش بێتەخوارەوە و ئێران بمێنێتەوە، بەتایبەت کە سەرکردایەتییەکەی دووچاری لێدانی قورس هات لەلایەن ترەمپەوە، لە هەمووشی مەترسیدارتر ئەوەیە، ئەمریکا سوکایەتی بە ئێران کرد لەبەرچاوی هەموو جیهاندا، ئەوانیش لەمە خۆش نابن و لەبیری ناکەن.

لە 19ی کانوونی دووەمی 2021 دڵەڕاوکێکان دەگەنە لوتکە

ئەو توێژەرە ئیسرائیلییە ئاماژە بەوە دەکات، سەرکردایەتی ئێران ناتوانێت لە ژیانی ئاسایی خۆی بەردەوام بێت و واز لە کوژرانی قاسم سولەیمانی بهێنێت بە بێ ئەوەی تۆڵەی گونجاوی بۆ بکاتەوە، بەجۆرێک کە لەگەڵ گرنگی کەسایەتی سولەیمانیدا یەکبگرێتەوە.

لە تشرینی دووەمی رابردوو، کاتێک موحسین فەخریزادە، باوکی ئەتۆمی ئێران کوژرا، تاران دەستی تۆمەتی بۆ ئیسرائیل درێژکرد رایگەیاند، ئەوان ئەم تاوانەیان ئەنجامداوە.

بەپێی مەزەندەی مۆردخای کیدەر، سەرکردەکانی ئێران لە 19ی ئەم مانگە هەڵدەستن بە ئەنجامدانی ئۆپراسیۆنێکی سەربازی بۆ گەڕاندنەوەی شکۆی سولەیمانی و فەخریزادە و گەڕاندنەوەی ئەو پێگەیە هەرێمییەی کە هەیانبوو.

دەشڵێت: بابەتی تۆڵەسەندنەوەکە لە ئێرانەوە ئەنجام نادرێت، بەڵکو لە وڵاتانی دەوروبەر وەک عێراق و سوریا و یەمەنەوە جێبەجێ دەکرێت، بەمەبەستی ئەوەی راستەوخۆ ئیدانەی تاران نەکرێت، بەتایبەتیش لەلایەن جۆ بایدن سەرۆکی نوێی ئەمریکاوە، هاوکات، ئێران ئەم هەنگاوە لەپێناو جەختکردنەوە لە دەسەڵاتی خۆی بەسەر ئەو چەند وڵاتەدا دەنێت سەرباری هەوڵە بەردەوامەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ وەستاندنی ئێران.

ئەمریکا دەتوانێت لە هەر کاتێکدا بێت هێرش بکاتە سەر ئێران و بریکارەکانی

ئەو توێژەرە ئیسرائیلییە ئاماژەی بەوەش کرد، ئۆپراسیۆنە سەربازییەکە پشت بە هێزە رزگاریخوازە ناوخۆییەکان دەبەستێت، کە ئەو باڵە شیعەیەن پێشتر لەلایەن قاسم سولەیمانی بەکاردەهێنران، پێدەچێت راوێژکارە ئێرانییەکانیش بوونیان هەبێت لەم ئۆپراسیۆنەدا و لەو شوێنانە چالاک دەبن کە موشەکەکانیان لێوە هەڵدەدرێت بەرەو باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا و بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە عێراق و سوریا، مەزەندە دەکرێت ئەو موشەکانە ئاراستەی پاڵاوگەکانی نەوتی سعودیەش بکرێن وەک ئەوەی لە ئەیلولی ساڵی 2019 روویدا، هاوکات، مەزەندە دەکرێت هێرشەکان دژی بەحرەین و ئیماراتیش بن کە بەم دواییانە لەگەڵ ئیسرائیل رێککەوتن.

ئەو توێژەرە ئاماژە بەوەش دەکات، ئەگەر ئێران نیازی پلانێکی وای هەبێت، ئاساییە ئەو بۆچوونە بێتە ئاراوە کە دەزگاکانی هەواڵگری ئەمریکا و ئیسرائیل و سعودیە تێبینی هێرشێکی لەم چەشنەیان کردبێت، ئەوەش بووە هۆکاری زیادکردنی ژمارەی هێزە ئەمریکییەکان لەم چەند هەفتەیەی کۆتاییدا لە ناوچەکانی کەنداو.

لە بڵاوکراوەکەدا باسی لەوەش کردووە، فڕۆکەی b-52 ستراتیژی ئەمریکی بە دوو رێگا دەتوانێت بچێتە ئێران، یان لە رێگەی بنکەکانییەوە لە ئەمریکا یاخود لەڕێی دورگەی دیێگۆ گارسیا لە زەریای هندی، لەگەڵ ئەوەشدا، ئەمریکا چەندین کەشتی ژێر دەریایی و جەنگی و کەشتی فڕۆکەهەڵگری لە ناوچەکەدا هەیە و دەتوانێت لە هەر کاتێکدا بێت هێرش بکاتە سەر ئێران و بریکارەکانی بە بێ ئەوەی هاوپەیمانانی بهێنێتە ناو بابەتەکەوە تەنانەت رەنگە بە بێ وەرگرتنی رایان هێرش بکاتەسەر ئێران.

مۆردخای کیدەر دەڵێت: سەرەڕای ئەوەی لە وەرزی زستانداین، بەڵام پلەی گەرمی ناوچەکانی کەنداو بەرزدەبێتەوە و رەنگە بەر لە کۆتاییهاتنی ویلایەتی دۆناڵد ترەمپ، بگاتە خاڵی کوڵان.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا