خیانەتكاران نیشتمانیان نییە

هیتلەر دەڵێ» حەقیرترین ئەو كەسانەی لە ژیانمدا دیومن، ئەوانەن كە لە داگیركردنی وڵاتەكانیاندا یارمەتیدەرم بوون»وشەی خیانەت بەپێی روداو و كەس و شوێنەكەی جیاوازە بەڵام ئەوەی لە یەك پرسدا كۆی دەكاتەوە و زۆرینەی لەسەری كۆكن، ئەوەیە كە خیانەتكار بەهای خۆی وەك مرۆڤ لە بەرامبەر بە شتێك دەفرۆشێت، زۆربەی كات خیانەتكار شەرەف، ئاین یان نیشتمانی خۆی دەفرۆشێت.بە هیچ جۆرێك ناكرێ متمانە بە خیانەتكار بكرێت، ئەوەی نیشتمانی خۆی بفرۆشێت، هەر كاتێك دەرفەتی بۆ بڕەخسێت بە ئاسانی تۆش دەفرۆشێت.تەنانەت ئەو كەسانەی زیمەی خیانەتكاریان بە پارە و خانوو و هەر شتێكی تر كڕیوە دڵنیان لەوەی شایستەی متمانەی ئەوانیش نین، ئەوانە وەك ئامرازێك یان لوقمەیەك بۆ گەیشتن بە ئامانجەكانی خۆیان بەكاریان دەهێنن، كاتێك بەرژەوەندیی و ئامانجی خۆیان دەپێكن، دەستبەرداریان دەبن و فڕێیان دەدەنە ناو نزیكترین زبڵخانەی مێژووەوە.

هەندێك پێیان وایە خۆشەویستیی نیشتمان نیفاق و بیدعەیە، واتە لە روانگەی ئایینەوە تەماشای دەكەن، ئەم تێڕوانیە گەورەترین زەبری كوشندەی لە كورد داوە، ئێستاش بە روونی ئەو عەقڵیەتە دیارە كە چۆن لە ئێستای پرسی كورد دەڕوانن.

فەسیبووك و تویتەر بە روونی حەقیقەتی ئەو تێڕوانین و عەقڵیەتەیانی خستۆتەڕوو.لە كاتە ناسك و دژوارەكاندا نیشتمان پێویستی بە هەڵوێستی خەڵكەكەیەتی، ئەوان لێی بێدەنگن، تویت و پۆستەكانیان دژ بە خەون و ئاواتی نیشتمانەكەیان، وێڕای ئەوەی بێدەنگی بۆ خۆی خیانەتە لە نیشتمان، هاوبەشی خەڵكی نیشتمانەكەی خۆیان ناكەن، چونكە بەرژوەندییەكان لەگەڵ لایەنەكانی ترە، نیشتمانەكەیان دەفرۆشن وەك چۆن هەر كەلوپەلیكی ئاسایی بێكەڵك بفرۆشن، بیریان چووە كە نیشتمان ئەو زەوییەیە كە هەموو ئەوانەی رەگیان تا قووڵایی دانەكوتاوە لەخۆی بەدەر دەكات.غا‌زی قوسەیبی دەڵێ « نیشتمان نانە و سەقفە و شعوركردنە بە ئینتیما و هەستكردنە بە كەرامەت».ئەو نانە وشكەی كە كەرامەتەوە لە ناو هاونیشتمانیانی خۆت و سەر خاكی وڵاتی خۆت دەیخۆیت، زۆر ئەشرەفترە لە خوانە رازاوەی بۆت ئامادە كراوە و بە چاوی سووك تەماشا دەكرێیت، هەر تیكەیەكی دەیخۆیت لەگەڵیدا رەزالەت و سەرشۆڕی دەنۆشیت، چونكە بڕوای تەواو، باشیش دەزانیت ئەگەر سەقفی ماڵەكەت لە زێر بۆت دروست كرابێت، لە كۆتاییدا تەنیا كاڵەیەكی كڕاویت و كەی كاریان پێت نەما دەست بەردارت دەبن.

هیچ شتێك بەهانە نییە بۆ خیانەتكردن لە نیشتمان، هیچ لێخۆشبوونێك بۆ خیانەتكارانی نیشتمان نییە، چەند خیانەت لە نیشتمانی خۆت بكەیت بۆ ئەوان، ئەوان زیاتر بە چاوی سووك و رسوا تەماشات دەكەن، هیچ متمانەیەكیان پێت نییە، ئەوەی نیشتمانی خۆی بفرۆشێت، هەموو نیشتمانەكانی تری سەر زەوی دەفرۆشێت.

فەیسەڵ عەلی

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا