پۆڵه‌تیك پرێس
فراكسیۆنى كۆمه‌ڵ و یه‌كگرتووى ئیسلامى له په‌رله‌مانى كوردستان هه‌ڵوێستى خۆیان له باره‌ى ده‌نگدان به كاندیدى وەزیری سامانە سروشتییەكان راگه‌یاند، جه‌ختده‌كه‌نه‌وه به‌شدارى دانیشتنه‌كه ده‌كه‌ن، به‌ڵام ده‌نگ ناده‌ن.
بڕیاره پەرلەمانى كوردستان سبه‌ینێ چوارشه‌ممه بۆ ده‌نگدان به كه‌مال ئه‌تروشی، كاندیدى وه‌زیرى سامانه‌سروشتیه‌كان كۆبێته‌وه.
عه‌بدولستار مه‌جید، سه‌رۆكى فراكسیۆنى كۆمه‌ڵى ئیسلامى له په‌رله‌مانى كوردستان بۆ پۆڵه‌تیك پرێس وتى:”وه‌ك فراكسیۆن به‌شدارى دانیشتنه‌كه ده‌كه‌ین، به‌ڵام به‌دڵنیاییه‌وه ده‌نگ به كاندیدى وه‌زیرى سامانه‌سروشتییه‌كان ناده‌ین”.
هاوكات فراكسیۆنى یه‌كگرتووى ئیسلامیش له راگه‌یه‌ندراوێكدا هه‌ڵوێستى خۆى له‌سه‌ر كاندیدى وه‌زیرى سامانه سروشتییه‌كان راگه‌یاندوه و ده‌ڵێت “ئاماده‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌ى په‌رله‌مان ده‌بین به‌ڵام ده‌نگ به وه‌زیرى سامانه سروشتیه‌كان ناده‌ن و پێمانوایه ئه‌و كه‌سه‌ى كه ئێستا وه‌ك وه‌زیرى سامانه سروشتیه‌كان ده‌ست به‌كار ده‌بێت له‌سه‌ر هه‌مان پڕۆسه و گرێبه‌سته‌كانى پێشووى نه‌وت له هه‌رێم كوردستان درێژه به‌كاره‌كان ده‌دات و ئه‌وه‌ش هیچ ناگۆڕێت له ره‌وشه‌كه تا پڕۆسه‌ى نه‌وت به‌ته‌واوى چاكسازى تێدا نه‌كرێت”.
كه‌مال ئه‌تروشی ده‌بێته دووه‌م وه‌زیری سامانه سروشتییه‌كان له‌ته‌مه‌نی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌دوای ئاشتی هه‌ورامی، هاوكات یه‌كه‌م وه‌زیری سامانه سروشتییه‌كانه له‌دوای 18 مانگ له‌پێكهێنانی كابینه‌ی نۆ به‌سه‌رۆكایه‌تی مه‌سرور بارزانی.