پۆڵەتیک پرێس: لاڤە واحید
بەرپرسانی عێراق و ئێران لەگەڵ نزیکبوونەوە لە 20ی کانوونی دووەمی ئەمساڵ کە وادەی کۆتاییهاتنی ویلایەتی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکایە، رۆژەکانیان لە دڵەڕاوکێدا بەسەر دەبەن و ئەو هەستەیان لەلا دروست بووە کە شتێکی گەورە لەناو چوارچێوەی ئیداری هەردوو وڵات روودەدات.
بەپێی وتەی سەمیر دلیمی، شیکەرەوە و رۆژنامەنوس، لە ئێستاوە ئێران هەوڵ دەدات لۆمەی هەر زیانێک بکات کە ئەگەری هەیە بەهۆی لێدانی ئەمریکاوە بەر لایەنەکانی ناوەوە و دەرەوەی ئێران بکەوێت.
رۆژی دووشەممەی رابردوو، رۆژنامەیەکی ئێرانی هێرشی کردەسەر مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق و رایگەیاند، کازمی ئاشوبی بۆ ئێران هێناوە، هۆشداریشیدا لەبارەی جوڵەکانی ئەمریکا کە رەنگە بەر لە کۆتاییهاتنی ویلایەتی ترەمپ تاران بکاتە ئامانج.
سەرۆک وەزیرانی ئێستای عێراق لاوازترین سەرۆکی حکومەتە لەڕووی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئێران
دلیمی دەڵێت: سەرۆک وەزیرانی ئێستای عێراق لاوازترین سەرۆکی حکومەتە لەڕووی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئێران و میلیشیاکانی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران بە ئاشکرا دژایەتی دەکەن.
سەرچاوەیەکی نزیک لە مستەفا کازمی باس لەوە دەکات، ئێران نکوڵی لەوە دەکات پەیوەندی هەبووبێت بەو هێرشانەی لەم دواییانەدا کرانەسەر ناوچەی سەوز و بەرژەوەندی ئەمریکییەکان لە عێراق، ئاماژەی بەوەش کرد، بەرپرسانی ئێران و عێراق هەست بە دڵەڕاوکێ دەکەن و نایانەوێت دۆخی ناوچەکە لەوەی ئێستا هەیە زیاتر بەرەو خراپی بچێت.
بەپێی چەند سەرچاوەیەکی ئاگادار لە گفتوگۆکانی حکومەت لەبارەی دۆخی ئەمنییەوە، هەستێک هەیە، بەر لە 20ی ئەم مانگە، رەنگە شتێک لەناو بەرپرسانی عێراقی و ئێرانیدا رووبدات.
کەشی ئێستای ناوچەکە لە کەشی ساتەوەختی جەنگ دەچێت
باسم حەمزە، رۆژنامەنوسی عێراقی باس لەوە دەکات، کەشی ئێستای ناوچەکە لە کەشی ساتەوەختی جەنگ دەچێت کە بەهۆی ئەمریکییەکانی عێراق و لێدوانی سەرکردە ئێرانیە دژە ئەمریکییەکان زیاتر بەرەو هەڵکشان دەچێت.
رۆژی یەکشەممەی رابردوو، لەژێر رۆشنایی هەڕەشەی بەرپرسانی حکومەتی ئێران بەهۆی ساڵیادی کوژرانی قاسم سولەیمانی فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران، وەزارەتی بەرگری ئەمریکا رایگەیاند، کەشتی فڕۆکەهەڵگری یو ئێس ئێس نیمیتز لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەمێنێتەوە.
لەگەڵ ئەوەشدا، حەمزە پێیوایە، ئەوەی لە ئێستادا تارمایی جەنگ دووردەخاتەوە بریتییە لەوەی، ئێران و هاوپەیمانانی بەتایبەت میلیشیا و حزبە شیعەکانی عێراق ئەو بڕوایەیان لەلا دروست ببێت، هەر هەوڵێکی نوێ بۆ بێزارکردنی ئەمریکییەکان لەناو عێراق، ئیدی لەڕێی هێرشکردنەسەر باڵیۆزخانەکەیانەوە بێت یاخود بەئامانجگرتنی کاروانە سەربازییەکانیان، بەشێوەیەکی یەکلاکەرەوە لەلایەن ئەمریکاوە وەڵام دەدرێتەوە بەڵام لەناو خاکی عێراق نا بەڵکو لەناوەوەی ئێران و لەڕێی هێرشی توندەوە بۆسەر وێستەگە ئەتۆمی و سەربازییەکانی ئێران ئەنجام دەدرێت.
لەلایەکی دیکەوە، لەیس جەبوری شیکەرەوەی سەربازی و بەرپرسی پێشوو لە سوپای عێراق رایگەیاند، هەریەکە لە واشنتۆن و تاران بژاردەی دژوارییان هەیە، بەڵام هەموو بژاردەکان بۆ عێراق مەترسیدارن.
هەر هەوڵێکی نوێ بۆ بێزارکردنی ئەمریکییەکان لەناو عێراق، بەشێوەیەکی یەکلاکەرەوە لەلایەن ئەمریکاوە وەڵام دەدرێتەوە
بەپێی قسەکانی جەبوری، رەنگە ئەمریکا هەوڵ بدات بۆ بە ئامانجگرتنی بنکە ئەتۆمی و سەربازییەکانی ئێران، بەڵام ئێران لە وەڵامدا دووبارە هێرش بکاتە سەر ناوچەی ئەمریکییەکان لە عێراق، وەکچۆن دوای کوژرانی قاسم سولەیمانی کردی.
جەبوری پێیوایە، رەنگە ئەمریکا لێدانی گەورەتر ئاراستەی ئێران بکات و بنکەکانی موشەکی بالیستی و دەریایی ئێران و بنکە ئەتۆمییەکانی بکاتە ئامانج، لەم حاڵەتەدا ئێران ناتوانێت هێرشی راستەوخۆی بەهێز بکاتەوەسەر ئەمریکا، بەڵکو ئەگەری زۆرە پەنا بباتە بەر میلیشیاکانی لە عێراق بۆ هێرش کردنەسەر بنکە و بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە عێراق و سوریا.
بژاردەی سێیەم بریتییە لە لێدانی گشتگیر، بەڵام جێبەجێ کردنی ئەم بژاردەیە تاڕادەیەک سەخت و دوورە، بەهۆی ئەوەی ویلایەتەکەی ترەمپ لە کۆتاییەوە نزیکە، لێدانی لەم جۆرەش پێویستی بە خوێندنەوەی کۆنگرێسە و کاتی زیاتری پێویستە.
جەبوری ئاماژە بەوە دەکات، جەنگی گشتگیری نێوان ئەمریکا و ئێران کاریگەری وێرانکەر لەسەر ناوچەکە بەجێدەهێڵێت، دەشڵێت: بەهۆی ئەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە، لە سنوری ئێرانەوە نزیکن، بۆیە کاریگەرییەکانی ئەو جەنگە لەسەر عێراق وێرانکەرتر دەبێت.