یه‌كێتی خۆی بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی پلانێكی پارتی ئاماده‌ ده‌كات

پۆڵەتیك پرێس
پسپۆڕێكی یاسایی دەڵێت، ئەگەر پارتی هەوڵ بدات شوێنی ئەو دادوەرانەی دادگای تێهه‌ڵچوونه‌وه‌ی هەرێمی كوردستان كە مانیانگرتووە و پشكی یەكێتین پڕبكاتەوە، ئەوە شەرعییەت دەدات بەوەی لەسنوری سلێمانیش دادگای تێهه‌ڵچوونه‌وه‌ بكرێتەوە.

لەتیف مستەفا، شاره‌زای یاسایی بۆ پۆڵەتیك پرێس وتی:”ئەگەر كێشەی ئەو دادوەرانە چارسەرنەكرێت، ئەوە دروستكردنی دادگای تێهه‌ڵچوونه‌وه‌ له‌سلێمانی لەگەڵ سەرۆكایەتی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان وەك بژاردەیەك باسی لێوەكراوە”.

وتیشی:”دەبێت دادگا یەك بێت لەهەرێمی كوردستان و بێلایەن بێت، ئەوەش لەبەرژەوەندی خەڵك و سەروەری یاسا و حیزبە بچوكەكانی دەرەوەی دەسەڵاتە”.

ئاماژەی بەوەشكرد، كێشەی مانگرتنی دادوەرەكانی دادگای تێهه‌ڵچوونه‌وه‌ لەسەركەیسی كۆمپانیایەكی حیزبیە كە لەلایەن دادوەرانی سەر بەپارتیه‌وه‌ به‌كۆی دەنگ واژۆی لەسەر كراوە.

ئەو پسپۆڕە یاساییە دەشڵێت، “كاتێك دادوەرەكان لەسەر لیسی حیزبی دەستبەكاربوون من دەستم لەكاركێشایەوە و داوام كرد ئەو پرۆسەیە ڕابگیرێت، لەبەر ئەوەی دادگاكان بوون بە بارەگای حیزبی و سەربەخۆییان لەدەستداوە، بۆیە داوام كرد ئەنجومەنی دادوەری و دادگای تێهه‌ڵچوونه‌وه‌ هەڵبوەشێتەوە، دووباره‌ لەكەسانی بێلایەن دروست بكرێتەوە”.

به‌وته‌ی له‌تیف مسته‌فا، “ئێستا دادگا لەعێراق و هەرێمی كوردستان ناوبانگی نەماوە، به‌ڵكو زیاتر حزبین”.

ماوەیەكە شەش دادوەری سنووری سلێمانی، كە پێنج دادوەریان دوو ساڵ لەمەوپێش لەسەر ‏پشكی یەكێتی لە دادگای تێهه‌ڵچوونه‌وه‌ی هەرێمی كوردستان ‏دەستبەكاربوون، مانیان لەكاركردن گرتووە و ده‌ڵێن، “لە ماوەیەكی زۆری كاركردنیان لەو دادگایە، ئەوەی تێبینیان كردووە دادگا پێچەوانەی ‏ڕۆڵی خۆی كاردەكات”.

جگە لە رزگار محەمەد ئەمین پێنج لەو دادوەرانەی مانیان گرتووە، لە مانگی ‏‏6ی 2018 لەسەر پشكی یەكێتی لە دادگای تێهه‌ڵچوونه‌وه‌ ئەو پۆستەیان ‏پێدرا، چونكە ئەو كاتە دادگای تێهه‌ڵچوونه‌وه‌ (10) ئه‌ندام لەدادوەرەكانی خانەنشین بوون، پارتی و ‏یەكێتی ئەو پۆستانەیان پڕكردەوە، هەر ‏یەكەیان پێنج دادوەریان به‌ركه‌وت.

لەتیف مستەفا ‏دەڵێت “لەو كاتەدا ئەو كارەم بە نایاسایی ناوبرد و داوای راگرتنی پڕۆسەكەم كرد، بەڵام ‏دواجار دادوەرەكان دەستبەكاربوون، هەر بەو هۆیەوە دەستم لەكاركێشایەوە”.

خدر حەسەن محەمەد، یەكێك لەو دادوەره‌ مانگرتووه‌كات بۆ پۆڵەتیك پرێس ئه‌وه‌ی ئاشكراكرد، “لەگەڵ سەرۆكایەتی هەرێم كۆبوونەوەمان كردووە و لەیاداشتێكدا كێشەكانمان خستۆتە ڕوو، ئەوانیش بەڵێنی چارەسەكردنی كێشەكانیان داوە.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا