پۆڵەتیك پرێس:
ئەندامێكی پەرلەمانی كوردستان دەڵێت ئەگەر لەهەرێمی كوردستان یاسا بوونی مابێت دەبێت ئەوانەی بەنایاسایی موچەیان وەرگرتووە رووبەڕووی یاسا بكرێنەوە، ههروهها سزا توند بدرێن.
عەلی حەمە ساڵح، ئەندامی فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی كوردستان، لەسەر بڕینی مووچە و خانەنیشنی ئەو كەسانەی كە لەوەزارەتە جیاجیاكانی هەرێم بەنایاسایی مووچەیان وەرگرتووە بۆ پۆڵەتیك پرێس وتی:”بڕینی (10) هەزار مووچەی نایاسایی لەلایەن وەزارەتی داراییەوە هەنگاوێكی بچوكە لە جێبەجێكردنی پڕۆژەی چاكسازی لەهەرێمی كوردستان، چونكە ئەگەر بۆ هەریەكێك لەوانەی مووچە نایاساییەكەیان بڕاوە یڕی (500) هەزار دینار دیاری بكرێت، بەو بڕیارە حكومەت پێنج ملیار دیناری بۆ دەگەڕێتەوە.
وتیشی:” هەنگاوی تر ماوە بۆ بڕینی مووچەی نایاسایی و وەزارەتی دارایی و حكومەت دەبێت بوێر بن لەجێبەجێكردنی پڕۆژەی چاكسازی تەواوی مووچەی نایاسایی ئەو كەسانە ببڕن، كە بەنایاسایی كراون بەپێشمەرگە و بە شەهید و كەمئەندامی سەنگەر و پلەی باڵایان پێدراوە”.
ئاماژەی بەوەشكرد، لەئێستادا بەهەزاران مووچەی خانەنیشنی نایاسایی و هەزار پلەباڵا ماوە كە ڕانەگیراون.
ڕۆژی دووشهممه وەزیری دارایی و ئابووری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیاندراوێکدا ئاشکرایکرد، بە پاڵپشت بە یاسای چاکسازی ژمارە 2ی ساڵی 2020 و پەیڕەوی جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی لە موچە و دەرماڵە و ئیمتیازەکان و خانەنشینی لە هەرێمی کوردستان، موچە و خانەنشینی زیاتر لە 10 هەزار موچەخۆری نایاسایی بڕا.
بەگوێرەی راگەیەندراوەكەی وەزارەتی دارایی كە واژووی ئاوات شێخ جەنابی لەسەرە دەڵێت، هەر مووچەخۆرێك لەم بڕیارە زەرەرمەند بێت دەتوانێت لە ماوەیەكی دیاریكراودا لە رێگەی لایەنی پەیوەندیدار یان فەرمانگەكەی تانە لە بڕیارەكە بدات.