پۆڵەتیک پرێس
فەرماندەی هێزەکانی بەرگری ئاسمانی عێراق جەختی لەوە کردەوە، سەرجەم ئەو فڕۆکانەی دێنەناو هێڵی ئاسمانی عێراق لەژێر کۆنتڕۆڵدان و هەندێک پێشێلکاریش بەدیدەکرێت.
رۆژی دووشەممە، موعین سەعدی، فەرماندەی هێزەکانی بەرگری ئاسمانی عێراق رایگەیاند، چەند هەوڵێک هەیە بۆ کڕینی چەکی گەشەسەندوو لەگەڵ چەند سیستمێکی بەرگری ئاشکراکردنی رادار و رێگریکەر لە چەکی دوورمەودا.
باسی لەوەشکرد، هەر فڕۆکەیەک کە دێتە ئاسمانی عێراق دەخرێتە ژێر چاودێری بەرگری ئاسمانی و هیچ فڕۆکەیەک بە بێ بوونی هەماهەنگی و رەزامەندی سەرکردایەتی باڵای هێزە چەکدارەکان، ناتوانێت بێتە ئاسمانی عێراق.
ئاماژەی بەوەش کرد، پێدەچێت پێشێلکاریی لە ئاراستەیەکی رێگەپێنەدراوەوە بکرێت و لە ئێستادا لەژێر چاودێری ورددایە.
بەرپرسانی عێراق بەشێوەیەکی بەردەوام باس لەوە دەکەن، پێشێلکاری لە ئاسمانی عێراقدا روودەدات، کە لەلایەن ئەمریکا و کۆمپانیا ئەمنییە بیانییەکانەوە کۆنتڕۆڵکراوە.
ئەوەش لەکاتێکدایە، عێراق لە ساڵیادی کوژرانی قاسم سولەیمانی و ئەبومەهدی موهەندیس بە کاتێکی هەستیاردا تێدەپەڕێت و ترس هەیە وڵاتەکە ببێتەوە بە مەیدانی پێکدادانی ئەمریکا و ئێران.