بازرگانی ئازار

ئەم بابەتە 174 جار بینراوە

لە بەر زاڵبونی بیری نیولیبرال، چەند دەیەیەكە نایەكسانی وەك سروشتی دەبینرێت. تەنانەت وەك دیاردەیەكی پۆزەتیفیش. بەڵام نایەكسانی وا خەریكە پەلدەكێشی بۆ بنەڕەتییترین پێداویستیەكانی ژیان، هەوا، ئاو، شوێن و زۆر بواری تر.

ئەو نرخە گرانانەی نەخۆشخانە تایبەتەكان، ناكرێت مایەی ڕاچڵەكین بێت بۆ خەڵكی، چونكە ئەوە دەرئەنجامی چەندین ساڵە لە كاركردن بەو ئاراستەیەدا. لە كوردستان دیدێك هەیە كە زۆر بوار لە سەر مۆدێلی سۆشیالیستین و دەبێت بكرێن بە كەرتی تایبەت، چونكە مۆدێلی سۆشیالیستی شكستی هێناوە.

ئەم دیدە بەبێ تێگەیشتن و لەبەرچاوگرتنی دۆخی كوردی و بنەماكانی ئەم تێڕوانیە، وەك دروشمێك دەوترێتەوە. بەڵام دۆخی كوردستان بەوجۆرەنیە.

یەكەم بنەمای ئەخلاقی بۆ ئێمە، وەك كۆمەڵگایەك، ئەوەیە كە نابێت كەسێك لە نێوماندا ئازاربچێژێت، تەنها لە بەرئەوەی داهاتی كەمترە. نابێت مرۆڤ ئازاربچێژێت. ئەم بنەمایە لە هەمانكاتدا بنەمای مافێكی ڕەوای هەموان دادەڕێژێت كە تەندروستیی و ئازارنەچێژان دەبێت بۆ هەموان بێت. نابێت كەرتی تەندروستی بەبازاڕ بكرێت. دەكرێت كەرتی تەندورستی سود لە میتۆدەكانی بازاڕ وەربگرێت بۆ باشتر كردنی میتۆدەكانی بەڕێوەچون، بەڵام نابێت تەندروستی بكرێتە كاڵا.

دووەم، لە كورستان ژیانی تەندروستی لە سەر كۆمەڵێك بنەمای هەڵە بونیادنراوە. بۆ نمونە پشت بەستنی زۆر بە دەرمان. دەرمان وەها دەبینرێت كە چارەسەرە، دەبێت بەردەوام بەكاربێت. ئەمە جۆرێكە لە ئالودەكردنی خەڵك لە سەر دەرمان. ئەم تێگەیشتنە دوكتۆر و نەخۆشخانەی كردوەتە ئەو جێگایەی كە چارەسەری هەموو شتێكی لێیە. بەڵام لە ڕاستیدا، جۆری ژیانی كەسەكانە كە داڕێژەری تەندروستییە: نەك دەرمان و دوكتۆر.

سێیەم، دەمێكە تەندروستی بازرگانییە. ئەم بازرگانییە وەك هەموو بازرگانیەكانی تر ڕەش و قۆرغكراوە: كۆمپانیای بیانی و بەرپرسی سیاسی و توێژێك لە دوكتۆرەكانەوە.

ئەنجامی ئەمە: مەرگ و پەرتبونی كۆمەڵایەتی و چونە دەرەوەی سامانی گشتیە. لە كاتێكدا ئەم جێگایانە بڕێكی خەیاڵی داهاتیان هەیە، بێگومان زۆربەیان باجیان لێوەرناگیرێت.

نەخۆشخانەی تایبەت پلەبەندی ژیان دروست دەكات نەك تەنها لە كاتی قەیراندا، بەڵكو لە كاتی ئاسایشدا. چون بۆ نەخۆشخانە بە ناو ئەهلییەكان وەك دەربڕی جۆرێك لە ستاتۆی كۆمەڵایەتی لێهاتوە، خەڵك پۆزی پێوەلێئەدات.

ئەم قەیرانە دەبێت ساتێكی ڕاچڵەكین بێت كە ئێمە لە سەر ئاراستەیەكی هەڵەین.

سەردار عەزیز

پەخشی راستەوخۆی رادیۆ پۆلەتیک