رێكخراوەكانی مافەكانی مرۆڤ: توركیا 674 هاوڵاتی مەدەنی لە عەفرین كوشتووە

پۆڵەتیك پرێس

رێكخراوی مافەكانی مرۆڤی عەفرین رایگەیاند، دەوڵەتی توركیا لەماوەی سێ ساڵی رابردودا 674 هاوڵاتی مەدەنی لە عەفرین كوشتووە، هاوكات حەوت هەزار و ٣٤٣ كەسیش رفێنراون.

میدیاكانی نزیك لەپەكەكە راپۆرتی رێكخراوی مافەكانی مرۆڤییان لە عەفرین بڵاوكردەوە كە تێیدا ئاماری ئەو روداوانەیان بڵاوكردوەتەوە كە سوپای توركیا بەرانبەر خەڵكی ئەو ناوچەیەی كوردستان ئەنجامیداوە.

بەپێی راپۆرتەكە لە ساڵی 2018ەوە توركیا چەندین كاری توندوتیژی بەرانبەر دانیشتوانی كوردی عەفرین ئەنجامداوە لەوانەش گۆڕینی ناوە كوردییەكان بۆ توركی و هەروەها گۆڕینی دیمۆگرافیای ناوچەكە.

بەپێی راپۆرتەكە، سوپای توركیا بە سەدان داری زەیتوونیان لەناوبردووەو ١١ هێكتار زەوی كشتوكاڵییان سوتاندووە.

لەبەشێكی دیكەی راپۆرتەكەیاندا رێكخراوی مافەكانی مرۆڤی عەفرین داوایكرد، لەلایەن وڵاتانی زلهێزەوە فشار لەسەر توركیا دروست بكرێت تاوەكو هێزەكانی لە عەفرین بكشێنێتەوە و رێگا بە هاوڵاتیان بدات، بگەڕێنەوە خۆیان.

سوپای توركیا لە ساڵی 2018 لەژێر ناوی ئۆپراسیۆنی لقی زەیتونی بۆ سەر عەفرین ئەنجامداو دوای روبەڕوبونەوەیەكی سەخت لەگەڵ هێزەكانی سوریای دیموكرات هەسەدە ئەو ناوچەیەی داگیركرد.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا