وادەی متمانەدان بە كاندیدی وەزیری سامانە سروشتییەكان دیاریكرا

پۆڵەتیك پرێس

دوای گەشتنی سی ڤی كاندیدی وەزیری سامانە سروشتییەكان بۆ پەرلەمان، دەستەی سەرۆكایەتی بڕیاریدا رۆژی چوار شەمە شەشی ئەم مانگە دانیشتنی پەرلەمان رێكبخرێت و تێیدا دەنگ بەكاندیدی ئەو وەزارەتە بدرێت.

سامان ئەحمەد بەڕێوەبەری راگەیاندنی پەرلەمانی كوردستان بە پۆڵەتیك پرێسی راگەیاند، پەرلەمان رۆژی چوار شەمە كۆدەبێتەوەو بەرنامەی كاری دانیشتنەكەش بریتی دەبێت لە دەنگدان بە كاندیدی وەزیری سامانە سروشتییەكان.

هاوكات رێبوار بابكەیی ئەندامی لیژنەی وزە و سامانە سروشتییەكان لە پەرلەمانی كوردستان بۆ پۆڵەتیك پرێس رایگەیاند، ئەو كەسەی كاندیدكراوە بۆ پۆستی وەزیری سامانە سرووشتییەكان سی ڤیەكەی گەشتووەتە پەرلەمان و پێشتر راوێژكاری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران بووە بۆ كاروباری وزە.

ئاماژەی بەوەشكرد، یەكێك لەو كێشانەی لیژنەكەیان هەیبوو ئەوەبوو نەیاندەزانی بۆ ئەو بابەتانەی پەیوەستن بە وەزارەتی سامانە سرووشتییەكان لەگەڵ كێ مامەڵەبكەن كە بڕیار بەدەست بێت، چونكە بریكاری وەزیر و بەڕێوەبەری گشتی تا سنورێكی دیاریكراو دەتوانن بڕیار بدەن، سەرۆكی حكومەتیش كە ئەو پۆستەی بەڕێوە دەبرد سەرقاڵی زۆری هەبوو، بۆیە بەگرنگیزانی پۆستەكە پڕبكرێتەوە.

پێشتر جوتیار عادل وتەبێژی حكومەتی هەرێم رایگەیاند، مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێم كەمال ئەتروشی بۆ پۆستی وەزیری سامانە سروشتییەكان كاندیدكردووە.

لەئێستاشدا پەرلەمان لەپشووی زستانەدایە، بەڵام چاوەڕێدەكرێت كۆبونەوەیەكی نائاسایی رێكبخات بە مەبەستی متمانەدان بە كاندیدی وەزیری سامانە سروشتییەكان.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا