“شتێكمان نیە بەناوی وەزارەتی سامانە سرووشتییەكان”

پۆڵەتیك پرێس

ئەندامێكی پەرلەمانی كوردستان دەڵێت: تا ئێستا شتێكمان نیە بەناوی وەزارەتی سامانە سرووشتییەكان و ئەوەی هەبووە لەناو جانتاكەی ئاشتی هەورامیدا بووە.

ئەبوبەكر هەڵەدنی بۆ پۆڵەتیك پرێس وتی: تا ئێستا شتێكمان نیە بەناوی وەزارەتی سامانە سرووشتییەكان هەرچیمان هەبووە لە ناو جانتاكەی ئاشتی هەورامیدا بووە، بۆیە ئێمە ناتوانین پێشبینی بكەین ئەو كەسە كێیە دەبێتە وەزیری سامانە سرووشتییەكان چونكە سی ڤییەكەیمان نەبینیوە.

ئەو ئەندامەی پەرلەمانی كوردستان وتیشی: بە دامەزراوە كردنی وەزارەتی سامانە سرووشتییەكان و شەفافكردنی نەوت و خستنە بەرچاوی ئەو گرێبەستانەی لەم بوارەدا كراون و پێكهێنانی ئەو كۆمپانیانەی كە لە یاسای نەوت و گازی ساڵی 2007 دا هاتووە، هەموو ئەمانە گرەنتیمان دەدەنێ‌ لەسەر ئەو دۆسییە گرنگە كە تا ئێستا بووەتە ناڕەحەتی بۆ خەڵكی كوردستان.

باسی لەوەشكرد، ئەگەربێت و ئەم پرۆسەیە بەدامەزاروە نەكرێت سەرجەم كۆمپانیاكانی دۆزینەوە و بەگەڕخستنی نەوت و بە بازاڕكردن و فرۆشتنی نەوت و لە هەمووی گرنگتر بە گەڕخستنی سندوقی داهاتە نەوتی و گازییەكان كە لە ساڵی 2015 یاسای بۆ دەرچووە ئەگەر ئەم هەنگاوانە جێبەجێنەكرێت ئەم پرۆسەیە بە نادیاری دەمێنێتەوە.

بەپێی زانیارییەكانی پۆڵەتیك پرێس سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، كەمال ئەترووشی بۆ پۆستی وەزیری سامانە سروشتییەكانی هەرێم كاندید كردووە و لە چەند رۆژی داهاتوو پەرلەمانی كوردستان دانیشتنێكی نا ئاسایی رێكدەخات بۆ ئەوەی متمانەی پێ‌ ببەخشێت.

مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا