دۆلار قەبارەی نان بچوك دەكاتەوە

پۆڵەتیك پرێس

بەڕێوەبەری چاودێری بازرگانی سلێمانی رایگەیاند، بەهۆی ئەو گۆڕانكاریانەی لەنرحی دۆلاردا دروست بووە خاوەنی نانەواخانەكان داوایان كردوە نرخی نان گران بكەن، داواكەیان رەتكراوەتەوە و لە بەرامبەردا قەبارەی گونكی نان لە ناوەخانەكاندا بچووك دەكرێتەوە.

سۆران عەبدول غەفور، بە پۆڵەتیك پرێسی راگەیاند: خاوەنی نانەوا خانەكان لە سلێمانی گردبوونەتەوە و داوایان كردووە لەبری هەشت نان شەش نان بەهەزار دینار بدەن بەهاوڵاتیان بەڵام داواكەیان رەتكراوەتەوە.

وتیشی: دوای گردبوونەوەی خاوەنی نانەواخانەكان لەلایەن لیژنە هاوبەشەكانی قایمقامیەتی سلێمانییەوە بڕیار دراوە قەبارەی گونكی نان لە نانەواكاندا بچوك بكرێتەوە، پێشتر 120 گرام بووە بكرێت بە 110 گرام.

بەوتەی بەڕێوەبەری چاودێری بازرگانی سلێمانی لیژنەكانیان چاودێری تەواوی نانەواخانە و سەمون خانەكان دەكەن هەر شوێنێك پابەند نەبێت و كار بە ڕێنماییەكەی قایمقامیەتی قەزای ناوەندی سلێمانی نەكات رووبەڕووی سزا دەبێتەوە.

پەخشی راستەوخۆی رادیۆ پۆلەتیک