تورکیا زمانی کوردی لەناودەبات

ئەم بابەتە 71 جار بینراوە

پۆڵەتیک پرێس: لاڤە واحید

لە پارێزگای ماردینی باکوری کوردستان، شارەوانییەکی پارتی داد و گەشەپێدان هەستا بە لابردنی پیتی کوردی لە ژمارەیەک لەو تابلۆ و دروشمانەی تایبەتن بە ناوچەکە.

دەسەڵاتدارانی شارۆچکەی ئۆرتۆکلۆ کە زۆرینەی دانیشتووانەکەی کوردن، هەستان بە گۆڕینی پیتەکانی “x و w و q” کە لە زمانی کوردیدا بەکاردەهێنرێن بۆ پیتەکانی “h و k و v” بەدوای یەکدا.

لە هەڵبژاردنی ئازاری ساڵی 2019، پارتی داد و گەشەپێدان لە شارۆچکەی ئۆرتۆکلۆ زۆرینەی دەنگەکانی بەدەستهێنا کە نزیکەی 53.48ی دەنگەکان بوو.

بەر لە هەڵبژاردنی ساڵی 2019، رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا و پارتی داد و گەشەپێدان هەوڵی زۆریدا تا زۆرینەی دەنگی کوردەکان بەلای خۆیدا رابکێشێت کە بەپێی رای شارەزایان دەنگی کوردەکان رۆڵی سەرەکی لە هەڵبژاردنەکاندا هەیە، ئەوە بوو دواتر پارتی دیموکراتی گەلان لە زۆربەی شار و شارۆچکەکانی باکور زۆرینەی دەنگی بەدەستهێنا.

ترس هەیە ئەمەش هەنگاوێکی دیکە بێت بۆ لەناوبردنی زمانی کوردی

بەڵام لە ئێستادا، نزیکەی 47 شارەوانی لەو شارەوانییانە لەلایەن دەسەڵاتی تورکییەوە بەڕێوەدەبرێن، ئەمەش وەک سزایەک کە لەلایەن ئەنقەرەوە بەسەر پارتی دیموکراتی گەلاندا سەپێنراوە، ئەو پارتەی لەپێناو خۆبەڕێوەبەری و سەربەخۆییدا، نزیکەی 40 ساڵە لە شەڕ و ناکۆکیدایە لەگەڵ تورکیا.

ئەم هەنگاوەی دەسەڵاتدارانی تورکیا توڕەیی کوردەکانی لێکەوتەوە، بەتایبەت دوای ئەوەی شارەوانی ئۆرتۆکلۆ رایگەیاند، بەردەوام دەبین لە رێکخستنەوەی تابلۆ و نوسراوەکانی شارۆچکەکە، ئەمەش دڵەڕاوکێی لێکەوتەوە، چونکە زۆربەی ئەو ناوانەی کە نوسراون کوردین و ترس هەیە ئەمەش هەنگاوێکی دیکە بێت بۆ لەناوبردنی زمانی کوردی بە بیانوی ئەوەی کە بەدروستیی نەنوسراون و پێویستیان بە چاکسازییە.

لەوبارەیەوە، محەمەد عەلی ئەماک ئەندامی ئەنجومەنی ئۆرتۆکلۆ رایگەیاند، پارتی دیموکراتی گەلان هەنگاو دەنێت بۆ راستکردنەوەی ئەو تابلۆیانەی بە هەڵە نوسراون، وتیشی: ئەم کارە لە خشتەی بەرنامەی کاری کۆبوونەوەی ئەنجومەنی پارتەکە دەبێت و پێشبینی دەکەین ئەو هەڵانە راست بکرێنەوە.

جێی ئاماژەیە، لەدوای کودەتای ساڵی 1980، لە شوێنە گشتییەکانی ئیدارەی سەربازی تورکیا زمانی کوردی چاودێری خرایەسەر و بەکارهێنانی بە تاوان لەقەڵەمدرا، دواتر لە ساڵی 1991 ئەم بڕیارە هەڵوەشێنرایەوە.

تورکیا ئاسودەیی بەخۆیەوە نابینێت هەتا یەک کورد بمێنێت بەدەست کێشەی نیشتمانپەروەری و کوردبوونەوە بناڵێنێت

ئەمڕۆش دەبینین، دەزگاکانی چاپ و بڵاوکردنەوە و دامەزراوەکانی تایبەت بە توێژینەوە بە زمانی کوردی لە تورکیا داخراون، هاوکات، رێگا نادرێت بە زیندانییان پەیام و نامەکانیان بە زمانی کوردی بنێرن.

لە تورکیا، دووەم زمان کە زۆرترین بەکارهێنەری هەیە لە دوای زمانی تورکی، زمانی کوردییە، کەچی لە دامەزراوە میدیایی و تابلۆ فرە زمانەکاندا زمانی کوردی بەکارناهێنرێت، لەگەڵ ئەوەشدا، رێژەی ئەو تورکانەی بەهۆی رەگەزپەرستییەوە هێرش دەکەنە سەر ئەو کەسانەی زمانی کوردی بەکاردەهێنن، تابێت روو لە زیادبوونە.

لەلایەکی دیکەوە، ئەحمەد داود ئۆغڵۆ، سەرۆک وەزیرانی پێشووی تورکیا و سەرۆکی پارتی ئایندە باس لەوە دەکات، بەگشتی زمانە ناتورکەکان بەتایبەتیش زمانی کوردی، ئەگەر لە قوتابخانە و خوێندنگاکاندا بخوێندرێن و لە ژیانی کۆمەڵایەتیدا بەکاربهێنرێن، دەبنە هۆکار بۆ بەهێزبوونی هەستی نیشتیمانی لای هاوڵاتیانی تورک.

داود ئۆغڵۆ دەڵێت: تورکیا ئاسودەیی بەخۆیەوە نابینێت هەتا یەک کورد بمێنێت بەدەست کێشەی نیشتمانپەروەری و کوردبوونەوە بناڵێنێت، جەختی لەوەش کردەوە، تورکیا بەو رادەیە بەهێز نییە و پێویستە چاودێری سەرجەم کوردانی دیاربەکر و ئیستانبوڵ و سوریا و عێراق و ناوچەکانی دیکە بکات.

پەخشی راستەوخۆی رادیۆ پۆلەتیک