سورییەکان روودەکەنە کوردستان

پۆڵەتیک پرێس: لاڤە واحید

رۆژ لەدوای رۆژ، لەژێر رۆشنایی خراپی دۆخی ئابووری و ئەمنی سوریا و گوزەرانی دانیشتووانەکەی، بژاردەکانی بەردەم گەنجانی سوری کەمدەبنەوە، کە پاڵنەرن بۆ ئەوەی بەدوای هەلی رزگاربووندا بگەڕێن،لەم سۆنگەیەوە وا دەردەکەوێت گەیشتن بە ڤیزای گەشتیاری بۆ کوردستان هەلی بەردەم زۆربەی سورییەکان بێت، سەرباری تێچووە گەورە ماددیەکەی و مەترسییەکانی رۆیشتن بۆ ئەو هەرێمە.

مازنی 34 ساڵ، دانیشتووی باشووری سوریایە و بەخێوکەری خێزانێکە کە پێکهاتووە لە هاوسەرەکەی و دوو منداڵەکەی و دایکی، مازن تا ئێستا خزمەتی سەربازی هێزەکانی رژێمی سوریای نەکردووە، ئەوەش بەو مانایە دێت، بە تەنیا چوونەدەرەوە لە سنوری ئیداری پارێزگاکەی، دەکەوێتە ژێر هەڕەشەی دەستگیرکردنەوە، بەمهۆیەوە، مازن و سورییەکانی دیکەش بەدوای رێگایەکدا دەگەڕێن بۆ چوونەدەرەوە لە سوریا و رزگارکردنی خێزانەکانیان.

مازن رایگەیاند، دوای چەند رۆژێک بەشێوەیەکی نایاسایی دەچمە لوبنان، بە ئۆتۆمبێلێک لە پارێزگای حومسەوە بەرەو خاکی لوبنان بەڕێدەکەوم، لەوێ یەکێک لە کەسە نزیکەکانم چاوەڕوانم دەبێت، لە بەرامبەردا 200 دۆلاری رادەست دەکەم، وتیشی: دواتر لە کۆمسیۆنی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ کاروباری کۆچبەران و کۆچکردن لە لوبنان خۆم ناونوس دەکەم، دواتر لە باڵیۆزخانەی سوریا و لەڕێی مامەڵەی نیشتەجێبوونەوە بەرامبەر بە 400 دۆلار پاسپۆرت دەردەکەم.

مازن و سورییەکانی دیکەش بەدوای رێگایەکدا دەگەڕێن بۆ چوونەدەرەوە لە سوریا

وتیشی: دواتر بەرامبەر بە هەزار و 700 دۆلار ڤیزای گەشتیاریم دەستدەکەوێت بۆ کوردستان، یەکێک لە هاوڕێکانم لەوێ دەمبینێت و بەڵینی داوە کارم لە یەکێک لە چێشتخانەکانی هەرێم بۆ بدۆزێتەوە.

فوئاد گەنجێکی دیکەی سوریایە و تەمەنی 28 ساڵە، خەڵکی دیمەشقە، بەهۆی ڤیزای گەشتیارییەوە گەیشتووەتە هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان، بەڵام لەوێ دووبارە بەهۆی ئەوەی بەشێوەیەکی نایاسایی کاری دەکرد بە بەردەوامی لەلایەن خاوەن کارەکەیەوە، ستەمکاری بەرامبەر دەکرا.

فوئاد دەڵێت: یەکێک لەو گەنجانەی لەگەڵ من لە هەمان شوێن کاری دەکرد، پێشنیاری ئەوەی کرد بچین بۆ بەغدای پایتەختی عێراق، بەوپێیەی هەلی کار تێیدا زیاترە و موچەش زۆرترە، ئەوەبوو دواتر چووینە بەغدا، لە سێیەم رۆژی کارماندا، هێزەکانی پۆلیس لە دەوروبەری چێشتخانەکە بڵاوەیان پێکرا و بەهۆکاری ئەوەی بەشێوەیەکی نایاسایی کارمان دەکرد، دەستگیرکراین.

ئاماژەی بەوەشکرد، لەو کاتەدا زیاتر لە 70 گەنجی سوری لە خانەیەکدا دەستبەسەر کران کە دۆخی هەموویان وەک دۆخی من بوو، وتیشی: هەرێمی کوردستان پێداگری کرد لەسەر ئەوەی بماننێرێتەوە بۆ سوریا و رەتیکردەوە من بنێرێت بۆ لوبنان سەرباری ئەوەش کە لەوێوە هاتبوومە هەرێم و وەک پەنابەر ناوم لەو وڵاتە هەبوو، دەشڵێت: هێشتا بەشێک لەو سورییانە لە زینداندان، لەبەرئەوەی کەسیان نەبووە کەفالەتیان بۆ بکات.

تێچووی ڤیزای گەشتیاری هەزار و 700 دۆلارە

بەپێی ئامارەکان، %90ی سورییەکان لەژێر هێڵی هەژارییەوە دەژین و رێژەی بێکاری لەناو گەنجاندا بەردەوام لە زیادبووندایە و هەلی کار کەمبووەتەوە، جگە لەوانەش، بەهای لیرەی سوری نزمبووەتەوە و بەشێوەیەکی راستەوخۆ کاریگەری لەسەر گوزەرانی سورییەکان داناوە.

تاریق کارمەندی بەشی ڤیزایە و دەڵێت: ڤیزای گەشتیاری بەرەو هەرێمی کوردستان، ماوەکەی سێ مانگە، ئەوەش بەو مانایە دێت، زۆربەی گەنجە سورییەکان بەشێوەیەکی نایاسایی لەوێ کاردەکەن و دواتر هەندێکیان مۆڵەتی کار وەردەگرن، ئاماژەی بەوەش کرد، تێچووی ڤیزای گەشتیاری هەزار و 700 دۆلارە و هەندێک جار تا کاریان دەستنەکەوێت ئەو بڕە پارەیە رادەست ناکەن، بەشێوەیەکی گشتی سورییەکان لە چێشتخانەکاندا کار دەکەن و هەندێک جاریش بەشێوەی کەسی بەدوای کاردا دەگەڕێن.

لە ساڵی 2011 هەتا ئێستا، بەهۆی ئەو دۆخە ناوخۆییە نالەبارەی لە سوریادا هەیە، سورییەکان رۆژ لەدوای رۆژ دۆخیان بەرەو خراپتر دەڕوات، بۆیە بەناچاری بەشێکیان پەنادەبەنە بەر کۆچ و بەجێهێشتنی سوریا و گەڕان بەدوای داهاتوویەکی باشتر لە وڵاتانی دەوروبەر.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا