بابان جەعفەر: لەناو پەرلەمانی كوردستان باڵانسی هێز لەبەرژەوەندی پارتییە

پۆڵەتیك پرێس
بابان جەعفەر بەڕێوەبەری پێشووی پرۆژەی چاودێری پەرلەمان لەئەنیستیتوتی پەی دەڵێت: لەناو پەرلەماندا باڵانسی هێز لەبەرژەوەندی پارتی و هێزە هاوپەیمانەكانی شكاوەتەوە، ئەمەش وایكردووە ئەجندای یەك لایەنی سیاسی لە ناو پەرلەمانی كوردستان هەبێت.

بابان جەعفەر، تا ئێستا دنیابینی كاری سیاسی لە هەرێمی كوردستان بەروانگەی پارتی دەڕوات بەڕێوە لەكوردستان و تەنانەت لە عێراقیش.

بابان جەعفەر بەڕێوەبەری پێشووی پرۆژەی چاودێری پەرلەمان لەئەنیستیتوتی پەی، لەمیانی گفتوگۆیەكی تایبەت بووە لەگەڵ پۆڵەتیك پرێس، كە هەر لەگفتوگۆكەدا چەند تەوەرێكی تر لەبارەی كاری پەرلەمانی باس دەكات.

پۆڵەتیك پرێس: كار و ئەركەكانی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان چۆن هەڵدەسەنگێنن، پێتان وایە ئەم خولەی پەرلەمان بە رۆلی خۆی هەستاوە؟
بابان جەعفەر: خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان لە بارودۆخێكی زۆرخراپدا دەستی پێكرد، پێشتر خولی چوارەم بۆ ماوەی دوو ساڵ لەلایەن هێزێكی سیاسییەوە داخرابوو، هەموو هێزەكانی دیكە بەرامبەر ئەم داخستنەی پەرلەمان بە كردار بێدەنگییان هەڵبژارد تا ئەو بارودۆخە كۆتایی پێ بهێنن، كەواتە كاری پەرلەمانی لە ژێر هەژموونی حزبیدایە لە هەرێمی كوردستان، كەسی یەكەم و دەستە بژێری حزبەكان لەسەروو هەموو دامەزراوەكانی دیكەن لە كوردستاندا بۆیە كاتێك هەڵبژاردنی خولی پێنجەمیش كرا ململانێیەكی توندی نێوان یەكێتی و پارتی بەڕێوەچوو تا ماوەیەكی زۆریش یەكێتی ئەنجامی هەڵبژاردنەكەی قبوڵ نەبوو، بۆیە ئەو بارودۆخەی خولی پێنجەمی لێدروست بوو بارودۆخێكی زۆر نەخوازراوبوو، لەناو پەرلەمانیشدا باڵانسی هێز لە بەرژەوەندی پارتی و هێزە هاوپەیمانەكانی شكاوەتەوە، ئەمەش وایكردووە ئەجندای یەك لایەنی سیاسی لە ناو پەرلەمانی كوردستان سەركەوتووە تا ئێستا دنیابینی كاری سیاسی لە هەرێمی كوردستان بە روانگەی پارتی دەڕوات بەڕێوە لە كوردستان و لە عێراقیش، لە كاتێكدا حكومەتی هەرێم لەلایەن سێ هێزەوە پێكهێنراوە، دەبینین یەكێتی ناڕازییە لە تیمەكەی لە ناو حكومەت و لە ناو پەرلەمانی كوردستانیش ئەمەش ئەوەمان پێدەڵێت ئەو وێنە سیاسییەی ئێستا هەیە رەزامەندی هاوبەشی سەرەكی لەسەر نیە تەنانەت رەزامەندی گۆڕانیشی لەسەرنیە بەڵام ئەمان رەنگە كەمتر دەنگی ناڕەزاییان بەرزكردبێتەوە، لەگەڵ ئەم گرفتانەی كە هەیە پەرلەمانی كوردستان بۆخۆشی دوو گرفتی سەرەكی هەیە، یەكێكیان ئاستی سەرۆكایەتی پەرلەمان و ئەندامانە یەكێكی دیكەیان درێژبوونەوەی ئەم بارودۆخەیە قەیراناوییەیە كە هەیە، لە شەڕی داعشەوە بۆ هەڵبژاردنێكی خراپ و لەوێشەوە بۆ قەیرانی بڕانی بودجە و هاتنی ڤایرۆسی كۆرۆنا هەموو ئەم قەیرانانە لە وزەی پەرلەمان و حكومەتیش گەورەترە.

پۆڵەتیك پرێس: لە ماوەی ساڵێكدا پەرلەمانی كوردستان تەنها 16 كۆبوونەوەی كردووە، ئەنجامدانی ئەم ژمارە كەمە لە كۆبوونەوەی پەرلەمان لە بارودۆخی ئێستادا چی لێدەخوێنرێتەوە؟
بابان جەعفەر: ئەوەی لێدەخوێنرێتەوە كە پەرلەمانی كوردستان بە تەواوەتی پەرلەمانێكی لاوازە، وە سەرۆكایەتی پەرلەمان بە تەواوی لە ژێر هەژموونی حكومەتدایە دوای ئەوەش لە ژێر هەژموونی لایەنەكانی دیكەدایە، پەرلەمان دەبێت لەپێناو خەمەكانی خەڵكدا كۆببێتەوە، خەمەكانی خەڵكیش دەبێت لەرێگەی پرۆژە و پێشنیازە یاساوە چارەسەربكرێن، پەرلەمانی كوردستان ژمارەیەكی زۆر پێشنیازە یاسای لەبەردەستدایە، دەیتوانی بیانكاتە یاسا، وە ژمارەیەك یاسای لەبەردەستدایە كە پێویستە هەمواربكرێنەوە، لە خولی پاییزەدا پەرلەمان تەنها خوێندنەوەی یەكەمی بۆ پێنج پێشنیازە یاسا كردووە، سێ پێشنیازە یاساش خوێندنەوەی دووەمی بۆ كراوە بەڵام تەنها دوو یاسایان پەسەندكردووە، لانی كەم دەیانتوانی ئەوانەی لە خولی پاییزە خوێندنەوەیان بۆكراوە، بیكەن بە یاسا، بەڵام خودی سەرۆكی پەرلەمان لەچەندین شوێندا وتوویەتی بەهای یاسا چییە ئەگەر حكومەت جێبەجێی نەكات، كەواتە ئەم پەرلەمانەی ئێستا تەنها پرۆژە یاسایەك پەسەند دەكات كە گرەنتی هەبێت حكومەت جێبەجێی بكات.

پۆڵەتیك پرێس: كەواتە ئەو قسەیە تا چەندە راستە كە دەگوترێت بە ئەنقەست پەرلەمان لاوازكراوە لەبەرامبەرئەوەی رۆڵی حكومەت بەهێزبكرێت؟
بابان جەعفەر: هیچ حكومەتێكی دنیا حەزناكات لەبەرامبەریدا پەرلەمانێكی بەهێزهەبێت، بەڵام ئەوەی كە رێگەی نادات پەرلەمانەكەیە و ئەو شەرعیەتەیە كە لە خەڵكەوە وەری گرتووە، پەرلەمانی كوردستان تەمەنێكی كەمی هەیە كە ئەمەی ئێستا خولی پێنجەمیەتی وە جارێك پەرلەمان لەلایەن حزبێكی دیاریكراو داگیركراوە و جارێكیش داخراوە، بوونی پەرلەمان دیاردەیەكی نوێیە لە كوردستان، بەگشتی لە ناوچەكە كاری پەرلەمانی قورسایی خۆی نیە بە مانا پەرلەمانە بەریتانییەكەی، ئەگەر بیش بینین حزب كادرە بەهێزەكانی لەناو پەرلەماندا نیە بەڵكو لەناو حكومەتدایە، بۆیە ئەندامانی پەرلەمان پرس بە كادرە حزبییەكانی خۆیان دەكەن لە ناو حكومەتدا، ئەمە گرفتێكی گەورەیە لە دنیابینی حزبەكاندا بڕوایان بە كاری پەرلەمانی نییە.

پۆڵەتیك پرێس: چەند هێزێك بوونەتە ئۆپۆزیسیۆن رۆڵی ئەم هێزانە چییە لەپەرلەماندا ئایا كە بەم شێوەیە باس لە كارەكانی پەرلەمان دەكرێت هۆكارەكەی ناگەڕێتەوە بۆ ئەوەی كە ئۆپۆزیسیۆن وەكو پێویست نەیتوانیوە رۆڵی خۆی ببینێت؟
بابان جەغفەر: وەڵامی ئەم پرسیارە بەڵێیە بەڵام دەبێت بزانین ئۆپۆزیسۆن چی لەبەردەست بوو دەبوو بیكردایەت نەیكردووە، بنەمای كاری ئۆپۆزیسۆنی لە خولی سێیەم دەست پێدەكات، لەم خولەی ئێستا ئۆپۆزیسۆن خاوەنی 21 كورسین یەكێك لە هێزە ئۆپۆزیسیۆنەكان نەوەی نوێیە كە بەرنامە و ئەجندای روون نیە، هێزە ئیسلامییەكان كە بەشێكی ئۆپۆزیسیۆنن ناتوانن متمانە بكەن بەم بەڕێوەچوونە، لە نێوان هەردوو دنیابینییەكەدا گیریانخواردووە، كێشەی سیاسی دنیابینی و نەبوونی پرۆژەی هاوبەش و ژمارەی كەمی كورسی وایكردووە ئۆپۆزیسیۆنێكی پەرت هەبێت.

پۆڵەتیك پرێس: چیت هەیە بۆ وەرگرتنی پشووی پەرلەمانی كوردستان لەمكاتەی ئێستادا كە كۆمەڵێك قەیرانی سیاسی و ئابوری لە هەریچمدا هەیە؟
بابان جەعفەر: پەرلەمانی كوردستان دەیتوانی مانگێك پشووەكەی كەم بكاتەوە وە گرنگ بوو لەسەر ئەم قەیرانانە قسەی هەبێت، ئاشكرایە لە كۆتا دانیشتنی 30ی 11، ئەو جوڵەیەی هەبوو جوڵەیەكی كاریگەربوو لە ناو پەرلەمان 35 پەرلەمانتار خاوەندارێتی ئەو جوڵەیانكرد پەرلەمانی كوردستان، هەردوای ئەوە لەلایەن حزبە باڵادەستەكانەوە بڕیاردرا پەرلەمان سڕبكرێت، ئەمە دووبارە داخستنی پەرلەمانە تا بەهار وە لە رووی سیاسی و یاساییەوە خراپە، كەلێنی نێوان خەڵك و پەرلەمان تا زیاتربێت تا زیاتر لەیەكتری دووربكەونەوە تا متمانە كەمتربێت ئەلتەرناتیڤەكانی دیكە لە شەقامدا بەهێزتردەبێت.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا