فرەیزەر لە ماڵی ئێمە

لەم رۆژانەی پێشودا دكتۆر نەوزاد ساڵح رەفعەت وەرگێڕاوی كوردی گەشتەكەی فرەیزەری بۆ ناردم ، یەكەم جارە پوختەی گەشتەكەی فرەیزەرو ئەوەی زۆرترین پەیوەندی بە كوردەوە هەیە بە شێوازێكی جوان دەكوردێنرێ‌ .

ناوی كتێبەكە ” گەشتەكەی فرەیزەر بە كوردستان و میزۆ پۆتامیادا ، لە ساڵی 1834ی زاینی ، لێرەدا من نامەوێ‌ خوێندنەوە بۆ كتێبەكە بكەم ، تەنها ئەوە نەبێ‌ كە زۆر بە كورتی دەمەوێ‌ ئێوە بگێڕمەوە بۆ 186یان 187 ساڵ لەمەوبەر ، ئەو دەم دەبێت لە بارو دۆخی ئێستای خۆمان بپرسین :

یەكەم :
لە 1ی تشرینی دووەمی 1834لە سلێمانیە، بەم جۆرە باسی كورد و سەرانی كوردو هەردوو برا سلێمان پاشاو مەحمود پاشا دەكات ” هەمیشە پاشاكانی ئێرە لە شەڕو پێكدادانەكانیاندا پەلكێشی لە شكری ئێرانی و عوسمانی دەكەن بۆ سەر یەكتر ” ، ئەوە 186 ساڵ لەمەوبەرە .

دووەم :
دەڵێت ” پاشای سلێمانی ئێران و دوژمەنەكانی خۆی بە هێزترو خۆیشی بە پێچەوانەوە رۆژ بە رۆژ لاواز تر دەبوو، پاشای داماو نەیدەتوانی خۆی لەو گێژاوە رزگار بكات ، چونكە لاواز ترین كەس بوو ”

ئەم دوو خاڵەی سەرەوە دوو خاڵی زۆر نەرێنی سەردارانی كوردن بۆ هەمیشەو تا ئێستا

سەبارەت خاڵی ئەرێنی كوردیش دەڵێت :
یەكەم :
دەربارەی میر محەمەد پاشای رەواندز دەڵێت :
” ئەم میرە بڕیاری دابوو ئەگەر دزێك شتێكی پێ بگیرێت و سەلمێنرا كە دزی كردووە،هەر لەو شوێنەی دزیەكەی كردووە سزا دەدرێت ” هەڵبەت باسی سزای توندی تاكوشتنیش دەكات ، چاكسازی راستی ئەمەیە نەك حەكایەت .

دووەم :
فرەیزەر دەڵێت رۆس لە بارەی كوردەوە نووسیویەتی:
ئەمانە زۆر توند ڕەون و هەمیشە پەلەیانە لەوە دەچێت خودا ئەم كوردانەی بۆ جەنگ درووست كردبێت ” جەنگاوەری ئازاین بەس كەمتر بۆ خۆمان .

سێیەم :
دەڵێت ” هەرگیز لە هیچ جێگایەك نەمدیوە خەڵكی ئەوەندە بە تەنگ جێبەجێ‌ كردنی ئەو پەیمانانەوە بن كە داویانە بە دۆستەكانیان ،لە هەر جێگایەكی كوردستان بێت ئەو پەیمانانە بە رێك و پێكی ئەنجام دەدەن”

چوارەم :
شانازی بە نیشانشكێنی خۆیانەوە دەكەن ” ناحەقیان نەبوو،چونكە تفەنگەكانی ئەوان زۆر ناشیرینترو خراپتر بوو لە تفەنگەكەی من لە كاتێكا تفەنگەكەی من نوێترو باشتریش بوو،بەڵام هەرگیز توانای دەست راستی ئەوانم نەبوو ”

كتێبەكە شایانی خوێندنەوەیە ، دكتۆر كارێكی باشی كردووە، ماوەتەوە ئەوەش بڵێم كە مامۆستا جەمال عەبدول پێشەكیەكی كورتی بۆ كتێبەكە نووسیوە.

سوپاس بۆ دیاریەكەت دكتۆر لە كۆتا رۆژەكانی ساڵی كۆرۆناكەدا.

لەتیف فاتیح فەرەج

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا