پۆڵه‌تیك پرێس
دابان محه‌مه‌د، ئه‌ندامى په‌رله‌مانى كوردستان ده‌ڵێت، “ده‌سته‌ى سه‌رۆكایه‌تى په‌رله‌مان لاوازه و وه‌رگرتنى پشووى زستانه‌ش له‌م كاته‌دا به‌ڵگه‌یه له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى په‌رله‌مان خه‌مسارده له ئاست كێشه و قه‌یرانه‌كانى خه‌ڵكى كوردستان”.
دابان محه‌مه‌د، بۆ پۆڵه‌تیك پرێس وتى: “ده‌سته‌ى سه‌رۆكایه‌تى په‌رله‌مان لاوازه و له‌لایه‌ن حزبه‌وه ئاراسته ده‌كرێت، ئه‌و كاته‌ى پێویست بێت كۆبوونه‌وه‌ى په‌رله‌مان ناكه‌ن، ئه‌و كاته‌ش پێویست نه‌بێت په‌رله‌مان كۆده‌بێته‌وه، نیه‌تێك هه‌بووه له‌سه‌ره‌تاى ئه‌م خوله‌ى په‌رله‌مانه‌وه بۆ ئه‌وه‌ى په‌رله‌مان به‌لاوازى ده‌ربكه‌وێت و له به‌رامبه‌ردا حكومه‌ت به به‌هێزى ده‌ربكه‌وێت”.
ئه‌و ئه‌ندامه‌ى په‌رله‌مان وتیشى:”په‌رله‌مان ئه‌وه‌نده‌ى بروسكه‌ى پیرۆزبایى و ماته‌مینى بۆ خه‌ڵك ناردووه، نیوه‌ى ئه‌وه بۆ پرسه جدییه‌كان كۆنه‌بووه‌ته‌وه له كاتێكدا ده‌یان یاداشت و پرۆژه‌مان پێشكه‌شكردووه، هه‌روه‌ها ده‌یانجار داواى كۆبوونه‌وه‌مان كردووه به‌ڵام په‌رله‌مان كۆنه‌بووه‌ته‌وه”.
دابان محه‌مه‌د باسى له‌وه‌شكرد، له‌ئێستادا كه په‌رله‌مان پشووى زستانه‌ى وه‌رگرتووه به‌ڵگه‌یه‌كى دیكه‌یه له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى په‌رله‌مان زۆر خه‌مسارده له‌باره‌ی ئه‌و كێشانه‌ى په‌یوه‌ستن به ژیانى خه‌ڵكه‌وه، سه‌ربارى ئه‌وه‌ى رێككه‌وتن له‌گه‌ڵ عێراق نه‌كراوه و به‌هاى دۆلار به‌رزبووه‌ته‌وه، خه‌ڵك مووچه‌ى نیه، هه‌روه‌ها گه‌نده‌ڵى و دزى و قاچاغچێتى به‌رده‌وامه”.
په‌رله‌مانتاره‌كه‌ی گۆڕان باسی له‌وه‌شكرد، “په‌رله‌مان تا دوو مانگى دیكه كۆنابێته‌وه، له كاتێكدا دوو مانگى پێشتریش كۆنه‌بووه‌ته‌وه، ئه‌و كاتانه‌شى كۆبوه‌ته‌وه له‌سه‌ر پرسه گرنگ و هه‌ستیاره‌كان كۆنه‌بووه‌ته‌وه”.